17/7/2018 10:08 AM

هه‌ڵبژاردنی 31 ناوبژیوانی منداڵ و مێرمنداڵ

تاقیکردنه‌وه‌ی به‌نووسراوه‌ی ناوبژیوانانی منداڵ و مێرمنداڵی سی و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران له‌م مانگه‌دا له‌ شاری ئیسفه‌هان له‌ وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

به‌پێی راپۆرتی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی سی و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، "عادڵ دێهده‌شتی" جێگری یه‌که‌می به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێکاری ئیسفه‌هانی سی و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ICFF له‌ به‌ڕێوه‌چوونی تاقیکردنه‌وه‌ی به‌نووسراوه‌ی تایبه‌تی وه‌رگرتنی ناوبژیوانانی منداڵ و مێرمنداڵی ئه‌م رووداوه‌ سینه‌ماییه‌ هه‌واڵیدا.

هه‌روه‌ها وێڕای راگه‌یاندنی ئه‌م هه‌واڵه‌ وتی: منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفه‌هانی که‌ بۆ ئاماده‌بوون له‌ کۆڕی ناوبژیوانانی منداڵ و مێرمنداڵی سی و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ناونووسیان کردووه‌، له‌ تاقیکردنه‌وه‌ی به‌نووسراوه‌ی ناوبژیوانی که‌ له‌ کاتژمێر 10 تا 12ی رۆژی هه‌ینی له‌ دامه‌زراوه‌ی فه‌رهه‌نگی ئیمام سادق (د.خ) له‌ شاری مێژوویی ئیسفه‌هان له‌ وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌شداری ده‌که‌ن.

هه‌روه‌ها جێگری یه‌که‌می به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێکاری ئیسفه‌هانی فێستیڤاڵ رایگه‌یاند: ئه‌م تاقیکردنه‌وه‌ی نووسراوه‌یه‌ زانیاری گشتی به‌شداربووان سه‌باره‌ت به‌ سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ، تێگه‌یشتن له‌ ناوه‌رۆکه‌کانی بواری هونه‌ر، داهێنه‌ری و رێژه‌ی ئاشنابوون له‌گه‌ڵ هونه‌رگه‌لی په‌یوه‌ندیدار به‌ سینه‌ما وه‌کو موزیک و هتد هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و له لایه‌ن ده‌روونناسان و کارناسانی لێهاتووی بواری منداڵ و مێرمنداڵ دیزاین و ئاماده‌کراوه‌.


دێهده‌شتی وتیشی: له‌ به‌شی ناوبژیوانیی منداڵان و مێرمنداڵان، به‌پێی شێوازی هه‌موو ساڵێک و به‌پێی یاساو رێسای دیاریکراوی فێستیڤاڵ، ژماره‌یه‌ک له‌ منداڵان و مێرمنداڵانی ته‌مه‌ن 9 تا 14 ساڵ له‌دوای سه‌رکه‌وتن له‌ تاقیکردنه‌وه‌ی به‌نووسراوه‌، وتووێژی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ به‌شداربوو و تێپه‌ڕاندنی خولی فێرکاری به‌ کۆڕی ناوبژیوانانی فێستیڤاڵه‌که‌ زیاد ده‌بن. ئه‌مساڵ به‌بۆنه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی سی و یه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵ، 31 ناوبژیوانی منداڵ و مێرمنداڵ ئێمه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی باشترین به‌رهه‌می به‌شی سینه‌مای ئێراندا هاوڕێیه‌تی ده‌که‌ن.

سی و یه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران به‌ ده‌بیری و به‌رپرسایه‌تی "عه‌لیڕه‌زا ره‌زاداد" له‌ رۆژانی 8 تا 14ی مانگی خه‌رمانانی 1397ی هه‌تاوی رێکه‌وتی 30ی ئۆگۆست تا 5ی سێپته‌مبری 2018ی زایینی له‌ دوو به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا له‌ شاری مێژوویی ئیسفه‌هان له‌ وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت. 

خاك - مه‌نوچێهر جیهانی




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved