17/7/2018 04:05 PM

ڕاسپاردەکانی لیژنەی زانستیی کۆنفرانس


ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە زانستییە کە تایبەت بوو بە لێکۆڵینەوەی بەراوردکاری بۆ هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی، بە ڕەزامەندی بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، لیژنەکانی کۆنفرانسەکە لە هەردوو زانکۆی بەغداو سلێمانی پێکهاتبوو کە بریتیبوون لە لیژنەکانی زانستی وئامادەکاری و ڕاگەیاندن.دوای خوێندنەوەی توێژینەوەکان و گفتوگۆکردن لەسەریان لە رۆژانی ١٦،١٥/٧/٢٠١٨ کۆمەڵێک ڕاسپاردە گەڵاڵەبوون کە بریتین لەمانە:

١. کارکردن بۆ ئەوەی ئەم کۆنفرانسە ببێتە نەریتێکی ساڵانەو جیهانی لە ڕێگەی داواکردن لە توێژەرانی دەرەوەو ناوەوەی عێراق لە بواری توێژینەوەی زمانەوانی بەراوردکاریی.

٢. دەرخستنی سیما مرۆیی و ئەدەبییەکانی هەموو ئەو پێکهاتەو نەتەوانەی کە لە عێراقدا دەژین بە تایبەت نەتەوەی کورد کە توێژێکی گرنگە لە کۆمەڵگەی عێراق، کە جوانترین شێوەیە لە پێکەوەژیان لە نێوان ڕۆڵەکانی یەک وڵاتدا.

٣. دامەزراندنی ناوەندێکی تایبەت بە توێژینەوەی بەراوردکاری لە نێوان هەردوو زمانەکەدا، بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیەش داوای یارمەتی و هاوکاری لە پسپۆڕانی هەردوو زمانەکە دەکەین بە مەبەستی تێپەڕاندنی سنوری تێۆری و دەستکردن بە دانانی هەنگاوی کارەکی بۆ رێکخستنی هەردوو زمانەکە.

٤. پێویستە هەڵوەستە لەسەر دیارترین ئەو ئاستەنگانە بکەین کە ڕوبەڕوی وەرگێڕان دەبنەوە لە نێوان زمانی کوردی و عەرەبیدا، بە ڕاوێژ لەگەڵ پسپۆڕانی ئەم بوارە بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئاستەنگانە بە مەبەستی گوێزانەوەی بەرهەمە زانستییەکان.

٥. دامەزراندنی ناوەندێکی فێرکردنی زمانی عەرەبی لە هەرێمی کوردستان و لە بەرامبەریشدا دامەزراندنی ناوەندی فێرکردنی زمانی کوردی لەو پارێزگایانەی کە بە زمانی عەرەبی دەدوێن.

٦. لە ڕوی پسپۆڕی و زانستییەوە بوار بکرێتەوە بۆ زانستەکانی کۆمەڵناسی و رێگەکانی وانەوتنەوە، چونکە زۆرێک لەو کێشانەی لە نێوان زمانی کوردی و عەرەبیدا هەن هەڵگری مۆرکی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیین.

٧. کاربکرێت بۆ ناردنی خوێندکارە یەکەمەکان لە بەشە کوردییەکانی زانکۆی بەغدا بۆ بەشە هاوشێوەکانیان لە زانکۆکانی هەرێم. بە هەمان شێوە ناردنی خوێندکارە یەکەمانی بەشەکانی زمانی عەرەبی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشە هاوشێوەکانیان لە زانکۆکانی بەغدا.

لە کۆتاییدا زۆر سوپاسی ئەو بەڕێزانە دەکەین کە ئەزمون و پسپۆڕی خۆیان لە پێناو خزمەتکردنی ئەم کۆنفرانسە خستەگەڕ و هەوڵیاندا لە ڕێگەی قەڵەمەکانیانەوە ئامانجەکانی ئەم کۆنفرانسە بهێننە دی.

هەروەها زۆر سوپاسی ئەو بەڕێزانە دەکەین کە بە هەموو توانایانەوە هەوڵی سەرخستنی ئەم کۆنفرانسە زانستییەیان دا بە تایبەتی ئەندامانی لیژنەکانی کۆنفرانس، هیوای سەرکەوتن و سەرفرازییان بۆ دەخوازین.

هەروەها سوپاسی ئەو میوانە بەرێزانەش دەکەین کە ئامادەبونیان بەشێکبوو لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئەم کۆنفڕانسە. هیوادارین نمونەیان زۆربێت.

د. عبدالقادر حمە ئەمین محمد

ڕاگری کۆلێژی زمان/ زانکۆی سلێمانی

ئەندامی لیژنەی باڵای کۆنفرانس

١٦/٧/٢٠١٨




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved