17/7/2018 04:49 PM

شێخ محەمەدی خاڵ

مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ كوڕی شێخ عەلی كوڕی شێخ ئەمینی خاڵه، بەپێنج پشت دەگاتەوه به مەلا مستەفای موفتی بابانەكان، مەلا مستەفای باپیره گەورەی شێخ محەمەدی خاڵ پاش گواستنەوەی میرنیشنی بابان له قەلاچوالانەوه بۆ سلێمانی، ساڵی 1784 لەگەڵ خۆیدا دەستنووسەكانی هێناوه، ئەو دەستنووسانه له باپیره گەورەیەوه، كه "مەلا ئەبوبەكری موسەنیفه" بۆی ماوەتەوه، ئێستا مێژووی بەشێك له دەستنووسەكانی شێخی خاڵ، كه نزیكەی 636 دەسنووسه دەگەڕێتەوه بۆ چوارسەد ساڵ لەمەوبەر.

مامۆستا خاڵ له ساڵی 1904 لەشاری سلێمانی له بنەماڵەیەكی ئایینی ناوداری كوردستان لەدایكبووه، له ساڵی 194 باوكی بەنەخۆشی كۆچی دوایی دەكات، باپیری "حاجی شێخ ئەمینی خاڵ"، كه پیاوێكی ناوداری خواپەرست بووه، خاڵ و هەر چوار براكەی بەخێو كردووه، سەرەتای خوێندنی لای باپیری بووه و له قوتابخانەی باپیریدا بەڕاستگۆیی و دەستپاكی و خواپەرستی و ڕازیبوون و دووركەوتنەوه له هەڵپەی جیهان پەروەرده بووه. مامۆستای خاڵ هەر له منداڵییەوه ئەوینی خوێندن و نووسین و خولیای پەرتووك و دەستنووس بووه، بەشی زۆری خوێندنی لای مامۆستا شێخ عومەری قەرەداغی بووه، كه زانایەكی ئایینی بەناوبانگ بوو، نەك هەر له كوردستاندا، بەڵكو لەناو زانا ئایینیه عەرەبەكانی ئێراقیشدا، بەشێكیش له خوێندنی لای مەلا حوسێنی پیسكەندی و شێخ جەلالی قەرەداغی بووه.
لەساڵی 1931 باپیری كۆچی دوای دەكات، ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ لەوسەردەمەدا بەڕێكاری سولێمانی بووه، ئاهەنگێكی گەوره له مزگەوتی حاجی شێخ ئەمینی خاڵ ساز دەكات، كه زۆربەی پیاو ماقووڵانی سلێمانی بانگهێشت دەكرێن و هەر لەم ئاهەنگەدا بەفەرمانی فەڕمیی شێخ خاڵ دەكرێت به پێشنوێژ و وانەبێژی مزگەوتەكەی باپیری.
له كۆتایی ساڵی 1931 تا كۆتای ساڵی 1938 بەو‌انەوتنەوه و پڕۆژەی دانانی فەرهەنگی خاڵ و ڕێزمانی كوردی و چەند پەرتووكێكی ئایینی وەك "فەلسەفەی ئایینی ئیسلام و ژیانی پێغەمبەر"ەوه سەر‌قاڵ دەبێت. هەر‌ لەم ماوه كورتەدا دوو پەرتووك بەچاپ دەگەێنێت، پاشان لەساڵی 1939 لەلایەن شالیارێتی دادەوه بانگەواز دەكرێت بۆ پێویستی چەند قازییەك، ئەویش بەشێوەی تاقیكردنەوه.
شێخ خاڵ یەكێك دەبێت لەوانەی تاقیكردنەوه ئەنجامدەدات و پلەی یەكەمی بەدەست دەەێنێت. بەفەرمانی پادشایەتی دەكرێت به قازی و له هەڵەبجه دادەمەزرێت، ئیتر ناچار دەبێت دووربكەوێته لەوانه وتنەوه، له ژیانی فەرمانبەرێتیدا یەكێك بووه له قازییه ناوداره شارەزاكانی ئێراق و له ماوەی 28 ساڵ كار وەك قازی له "چەمچەماڵ و سولێمانی و كەركووك و مووسڵ" ئەنجامداوه.
لەساڵی 1962دا لەناو هەموو قازییەكانی ئێراقدا هەڵبژێراوه به ئەندامی دادگای جیاكردنەوەی شەرعی له بەغدا، لەم ماوه زۆرەدا جێ پەنجەی له شالیارێتی داددا دیار و ناسراو بووه، بەوەی كه بەهیچ جۆرێك لەیاسا و شەریعەت لاینەداوه، هەرچەنده چەند جارێك لەلایەن كاربەدەستانی زۆر گەورەوه فشاریان خستۆته سەر بۆ ئەوەی لەیاسا لابدات، بەڵام بێ سوود بووه.
شێخی خاڵ لەبەرئەوەی نووسەرێكی خاوەن بیرولێهاتوو بووه، خاوەنی بەرهەمی زۆر و بەكەڵك بووه، بۆیه یەكێكه لەو كورده زۆردەگمەنانەی‌ كه له زۆر زووەوه بووه به ئەندام له كۆڕی زانیاری ئێراقدا، تەنها خوالێخۆشبوو "تۆفیق وەهبی بەگ" لەپێش ئەوەوەیه لەمبوارەدا، شێخی خاڵ لەساڵی 1953وه ئەندامی كۆڕی زانیاری ئێراق بووه و له ساڵی 1972ەوه جێگری سەرۆكی كۆڕی زانیاری كوردیش بووه، جێ پەنجەی زۆر دیاره له هەردوو كۆڕەكەدا، بەرهەمەكانی باشترین بەڵگەن‌ لەم ڕووەو‌‌ه و توانیوەتی خزمەتی نەتەوەكەی بكات له بواری ڕۆشنبیریدا و لەڕێی هەردوو كۆڕی زانیارییەوه ناوی گەوره پیاوانی كورد بگەیەنێ بەجیهان، وەك "موفتی زەهاوی"، كه باویكی شاعیری گەورەی بەناوبانگ "جەمیل سدیق زەهاوی"یه، هەروەها "بێتوش"، "شێخ ئەحمەد فائیز بەرزنجی"، "بابەتایەری هەمەدانی"، "مەلا محەمەدی خاكی" و چەندین زانای دیكەی ناودار.
مامۆستای خاڵ كەسایەتیەكی كۆمەڵاتی ڕەوشت جوان و زمانپاك و دڵفراوان و مێشك كراوەو لەسەرخۆ بووه و تاڕادەی خواپەرستی باوەڕی بەڕاستگۆیی و لێبووردن و ڕێزگرتن له ماف و دادوەری هەبوو، لەو باوەڕەدا بوو، كه كوردایەتی خواپەرستییه، بۆیه لەناخی دەروونییەوه دژی هەموو جەور و ستەمێك بوو، كه له نەتەوەكەی دەكرا.
یەكەم وتاری كه گۆڤاری گەلاوێژدا له كانوونی دووەمی 1940دا لەژێرناونیشانی "خۆشەو‌یستی نیشتمان" دایه كەسانی تر، ئەگەر تەنیا هەستی نەتەوایەتی هاندەربوایه بۆ بەربەرەكانی ئەو ڕژێمانەی كه بەردەوامبوون له كاولكردنی كوردستان و زەوتكردنی خاكی كوردستان، مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ لەگەڵ هەستی نەتەوایەتیدا هەستی ئایینیش ڕۆڵێكی گەورەی هەبوو له زیادكردنی گڕ و بڵێسەی تۆڵەسەندن تێیدا بەرامبەر به دوژمنانی كورد و كوردستان، و لەو باوەڕەدا بوو، كه دەبێت ئایین ئاوێتەی نیشتمانی و نەتەویەتی بێت و خەباتی نیشتمانیش پێویستیەكی ئایینی بێت.
شێخ محەمەد خاڵ ڕۆژانه 10 كاژمێر بەنووسین و خوێندنەوەوه سەرقاڵ دەبوو، لەسەر ئەم پڕۆگرامەش تامردن هەر بەردەوام بوو، سەرەتای خوێندنەوەی له دەمەوبەیانیەكی زووەوه تا نزیكی نیوەڕ‌ۆ، كه دەیكرده نزیكەی 6 كاژمێر لەجیهانی پەڕتووك و دەستنووسدا و دوانیوەڕوانیش پێش ئەو‌ەی بڕوات بۆ مزگەوت 3 كاژمێر له خوێندنەوه و پێداچوونەوەی ئەو پەرتووكانەی، كه لەژێر چاپدابوون و ڕاستكردنەوەی هەڵەكانیان، شەوانەش پێش نووستن ماوەی كاژمێرێك به خوێندنەوەوه خەریك دەبوو، له ناوەڕاستی حەفتاكانەوه تەنها یەك چاوی مابوو و بەردەوام زەڕەبینی بەكاردەهێنا بۆ خوێندنەوه و هەندێك جار پێیان دەگوت: "كەوتویتەته تەمەنەوه و ئیتر ئەوەنده خۆت ماندوومەكه" له وڵامدا دەیگوت: "تەندروستیم بەنده بەخوێندنەوه و نووسینەوه، ئەگەر دوورم بخەنەوه لێی، نەك هەر تەندرووستم خراپ دەبێت، بەڵكو لەوانەشه بمرم، من وەك ماسی چۆن، كه له ئاو دەرت هێنا دەمرێت، منیش گەر دوورم بخەنەوه له پەر‌تووك و نووسین ئەوا دەبێ ماڵئاواییتان لێبكەم، بۆ نیوه چاوەكەشم، تو خوا چاوێك لەم ڕێگایەدا كوێر نەبێت بۆچی باشه؟"
مامۆستای خاڵ له ڕۆژی 1989.07.15دا ماڵئاوایی له جیهانی زانست و زانیاری كرد و بەره و جیهانی كۆتایی كەوتەڕێ، مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ له دوای خۆی 40 پەرتووكی لەچاپدراوی بەجێهێشتووه، كه زانستەكانی "لێكدانەوه، زمانەوانی، وێژەیی، بانگخوازی، مێژوویی،....هتد" له خۆی دەگرێت.

ویکیپیدیاوە







زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved