18/7/2018 09:12 AM

ئەوەی لەبارەی پیكاسۆوە نەتزانیوە

پابلۆ پیكاسۆ، یەكێكە لە بەناوبانگترین نیگاركێشان لە سەرتاسەری جیهاندا، ئەمانەی خوارەوە چەند زانیارییەكی سەرنجڕاكێشن سەبارەت بەو كەسایەتییە.

1- هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر بەبڕی 100 ملیۆن دۆلاریش زیانی هونەرییان لێكەوتەوە. لەناو ئەوكارە هونەرییانەی بەهۆی ئەم هێرشانەوە تیاچوون كاری پابلۆ پیكاسۆشی تێدا بوو.

2- كاتێك پیكاسۆ لەسەر تابلۆی گەرنیكا لەلایەن ئەفسەرێكی هێزە نازییەكانی ئەڵمانیاوە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كراو پرسیاری لێكرا: ئەمە تۆ كردووتە؟ پیكاسۆ لە وەڵامێكی زۆر ناخهەژێندا وتی: نەخێر، تۆ كردووتە.
* گەرنیكا گوندێكی ئیسپانی بوو و لەلایەن هێزە نازییەكانەوە بە شێوەیەكی دڕندانە بۆمبباران كرا. پیكاسۆ ئەو تابلۆیەی لەسەر ئەو تراژیدیایە دروستكردبوو.

3- خۆشەویستی یان نەبوونی خۆشەویستی پابلۆ پیكاسۆ بووەتە هۆی ئەوەی كە خۆشەویستێكی و ژنێكی و كوڕێكی خۆیان بكوژن.

4- لەڕووی ژیانی تایبەتەوە كەسێكی وێران بووە. هەر لە تەمەنی 13 ساڵییەوە لەگەڵ باوكیدا لە باشوری ئیسپانیا سەردانی شوێنی لەشفرۆشەكانی كردووە. ئارەزووی پیكاسۆ بۆ خانمان قەت تێرنەبووە. لە ژیانیدا دوو جار ژنی هێناوە، شەش خۆشەویستی گرنگ و دیاری هەبووە بە درێژایی ژیانی، جگە لەوانەش سەدان پەیوەندی رۆمانسی تری هەبووە.

5- پیكاسۆ دوو داواكاری توندی هەبوو بۆ ئەو خانمانەی دەبوون بە خۆشەویست و هاوڕێی، پێویستە گوێڕایەڵ بن و باڵاشیان لەم درێژتر نەبێت. باڵای خۆشی 162 سانتیمەترو نیو بووە.

6- پیكاسۆ چوار منداڵی هەبووە. گەورەترین كوڕی ناوی پاوڵۆیەو هی یەكەم ژنی بووە كە ناوی ئۆڵگا بووە. دوای ئەو مایای كچی دێت كە هی خۆشەویستێكی بووە بە ناوی ماریێ ۆڵتەر. بەدوای ئەمیشدا كوڕو كچێكی بووە كە هی خۆشەویستێكی تری بووە بە ناوی گیلۆت.

7- لە ساڵی 1935 لەپێناو خۆشەویستە دووگیانەكەیدا كە ناوی ماری وۆڵتەر بوو، وازی لە یەكەم هاوسەری هێنا كە ناوی ئۆڵگا بوو. سەرباری وازلێهێنانیشی پیكاسۆ هێشتا ئامادەنەبوو بەڕەسمی تەڵاقی بدات بۆ ئەوەی لەنیوەی سامانەكەی بێبەشی بكات. بەهۆی ئەمەشەوە ئۆڵگا هێندەی خواردەوە تا خواردنەوە لە ساڵی 1955 واتە بیست ساڵ دواتر كوشتی و تا ئەوكاتەش بە هاوسەرێكی نائاسوودەی ئەم پیاوه مایەوە‌ كه لە سەرتاسەری جیهاندا‌ بە "نیگاركێشی بەناوبانگ" ناسراوە.

8- پیكاسۆ تا تەمەنی 79 ساڵی ژنی دووەمی نەهێناوە. دووەم هاوسەرگیریشی لەگەڵ خۆشەویستە تەمەن 35 ساڵەكەیدا بووە كە ناوی جاكلین رۆك بووەو تا مردنیشی لە ساڵی 1973 پێكەوە ماونەتەوە. 13 ساڵ دوای مردنی پیكاسۆ جاكڵین چیتر نەیتوانی بەبێ ئەو بژی، بۆیە بە گوللـە خۆی كوشت.

9- فرانسیس گیلۆت كە دایكی بچوكترین دوو منداڵی پیكاسۆیەو تائێستاش لە ژیاندا ماوە، كاتێك خوێندكارێكی تەمەن تەنها 23 ساڵی بەشی هونەر بوو، پەیوەندی لەگەڵ پیكاسۆی تەمەن 62 ساڵدا دەستپێكردووە. ئەم خانمە بۆ ماوەی 10 ساڵ لەگەڵیدا بووە، بەڵام دواتر بەهۆی خیانەت و خراپی پیكاسۆوە وازی لێهێناوە. دەوترێت ئەمە تەنها خانمە كە وازی لە پیكاسۆ هێنابێت.

10- گیلۆت كتێبێكی سەبارەت بە خراپەكارییەكان و نهێنییەكانی پیكاسۆو پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئەمدا بڵاوكردووەتەوە. بەهۆی ئەم كتێبەوە پیكاسۆ تا مردیش قسەی لەگەڵ دوو منداڵەكەی نەكرد كە ناویان كلۆدو پاڵۆمایە.

11- پیكاسۆ بەتەوسەوە نیگاری خۆشەویستەكانی دەكێشا. زۆرێك لە بەناوبانگترین كارەكانی گوزارشت لە ژن و خۆشەویستەكانی دەكات.

12- گرانترین تابلۆی جۆری پۆترەیتی پیكاسۆ كە تائێستا فرۆشرابێت، تابلۆیەكە كە پێكهاتووە لە جەستەیەكی رووت و چەند گەڵایەكی سەوزو سنگێك. ئەم تابلۆیە گوزارشت لە ماریێ وۆڵتەر دەكات كە یەكێك بووە لە خۆشەویستەكانی. پیكاسۆی بیرۆكەی ئەم تابلۆیەی لە وێنەیەكی كۆیلایەتییەوە وەرگرتووە كە لەلایەن هاوڕێیەكییەوە بەناوی مان رەیەوە گیراوە. ئەم تابلۆیە لە ساڵی 2010 بە 106 ملیۆن و پێنج سەد هەزار دۆلار فرۆشراوە. 

 

خاك - لە ئینگلیزییەوە: والی عەلی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved