21/7/2018 10:34 AM

خوێندنی باڵا دەرچووانی 12ی ئامادەیی ئاگاداردەكاتەوە

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی داوا لە دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەكات پەلە بكەن لە پێشكەشكردنی داواكاری دەرفەتی 30 سكۆلەرشیپ بۆ خوێندنی پزیشكی گشتی و پزیشكی ددان، كە وەزارەت بە ‌هاوكاری هەردوو زانكۆی تەكنیكی ئۆستراڤا/ لقی هەولێرو زانكۆی پەلازكی رایگەیاندووە.

عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا كە وێنەیەكی گەیشتۆتە خاك رایگەیاندووه: دەرچووانی 12ی ئامادەیی بەشی زانستی لە هەرێمی كوردستان و دەرچووانی 12ی ئامادەیی بەشی زانستی خوێندنی كوردی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانی ساڵی خوێندنی (2017-2018)، دەتوانن داواكاری بۆ ئەم سكۆلەرشیپە پێشكەشبكەن كە لەلایەن زانكۆی پەلازكی چیكییەوە دەستەبەركراون، بۆیە داوا لە دەرچووان دەكەین پەلە بكەن بۆ پێشكەشكردنی ئەم داواكارییە كە دوایين كات بۆ پێشكەشكردن رۆژی (25-7-2018)يە.

وتیشی: زانكۆی پەلازكی یەكێكە لە زانكۆ هەر پێشكەوتووەكانی جیهان كە لەسەر ئاستی زانكۆكانی وڵاتی چیك لە ریزبەندی چوارەمەو لەسەر ئاستی جیهانیش لە ڕیزبەندی 700 باشترین زانكۆكانی جیهانە، بۆ ئەم مەبەستەش رێكەوتی 4-8-2018 گروپێك لە پرۆفیسۆرانی زانكۆكە بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن.

عەباس ئەكرەم دڵنیایی دایە پێشكەشكاران و رایگەیاند داوا لە دەرچووان دەكەین تا ئەو ماوەیەی دیاریكراوە دەستبكەن بە پێشكەشكردن چونكە پێشكەشكاران لە پڕۆسەیەكی وردی و زانسیدا دەچنە پێشبڕكێ لەسەر بنەمای بەرزترین كۆنمرەی قۆناغی 12ی ئامادەیی، پاشان سەركەوتوەكانی قۆناغی یەكەمی پێشبڕكێ بەشداری تاقیكردنەوەیەكی هەڵسەنگاندنی توانستی زانستی لە هەرێمی كوردستان لە 5-8-2018 دەكەن كە لەلایەن ژمارەیەك پرۆفیسۆری زانكۆی پەلازكییەوە بەرێوەدەبرێن و وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پرۆسەكە دەكات.

بۆ بینینی نمونەی پرسیارەكانی تاقیكردنەوەكە كلیك (لێرە)‌ بكە.

مەرجەكانی پیشكەشكردن بۆ ئەو سكۆلەرشیپە:

1- دەرچووی 12ی ئامادەیی لقی زانستی بێت لە ساڵی خوێندنی (2017-2018). 

2- كۆنمرەی 12ی ئامادەیی لە (95)ی تاقیكردنەوەی نیشتمانی (بەكالۆری)، یان (هاوتاكەی) لە تاقیكردنەوە نێودەوڵەتیيەكانی (SAT2 , A-level) كەمتر نەبێت.

تێبینی: سەركەتووەكانی ئەم پێشبڕكێیە دەتوانن بە زمانی (چیكی) یان (ئینگلیزی) بخوێنن، بۆیە ئەگەر كاندیدەكە بە زمانی (چیكی) خوێندنی، ئەوا كرێ خوێندنەكەی لەلایەن زانكۆی (پەلازكی)یەوە بۆ دابیندەكرێت، بەڵام هەر كاندیدیك ئەگەر بڕیاربدات بە زمانی (ئینگلیزی) بخوێنێت لەوكاتەدا كرێی خوێندنەكەی لە ئەستۆی خۆی دەبێت.

*  بۆ پێشكەشكردن كلیك (لێرە)‌ بكە.

دوایين كات بۆ پێشكەشكردن ڕێكەوتی (25-7-2018)یە.

عەباس ئەكرەم راشیگەیاند: وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ رەخساندنی دەرفەتی یەكسان بۆ گەنجان و پەرەپێدانی تواناكانیان لە زانكۆ پێشكەتووەكانی جیهان، ئەوەش لەسەر بنەمای هەلی یەكسان، شەفافیەت، دادپەروەری كۆمەڵایەتی.

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved