"محه‌مه‌د مێهدی حه‌یده‌ریان" سه‌رۆکی رێکخراوی سینه‌مایی و جێگری وه‌زیری فه‌رهه‌نگ و ئیڕشادی ئیسلامی ئێران وتی: سینه‌مای منداڵ به یه‌کێک له سه‌ره‌کیترین چالاکییه سینه‌ماییه‌کان له ئێران ده‌زانین و له‌سه‌ر پێداویستی به‌رنامه‌داڕشتن بۆ بڕه‌وپێدانی سینه‌مای منداڵ جه‌ختده‌که‌ینه‌وه. "محه‌مه‌د مێهدی حه‌یده‌ریان" سه‌رۆکی رێکخراوی سینه‌مایی ئێران، به ئاماژه‌دان به پێداویستییه‌کانی سینه‌مای منداڵ وتی: له‌م سینه‌مایه‌دا ده‌بێت بتوانین قسه‌که‌مان به له‌به‌رچاوگرتنی ستانداڕدو ئه‌زموونی گۆڕینی ناوه‌رۆک بۆ وێنه‌ی فیلم به‌پێی ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ی لای به‌رده‌نگه‌کان دروستبووه له به‌رده‌م راگه‌یاندنه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا ده‌ریببڕین و له‌گه‌ڵ به‌رده‌نگه‌کان و هونه‌رمه‌ندانی خۆمان راستگۆ بین. هیواو ئاواتێکی به‌دینه‌هاتوومان نه‌بێت. حه‌یده‌ریان سه‌باره‌ت به تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵان وتی: منداڵ له‌وحه‌یه‌کی پاک و نه‌نووسراوه‌ی هه‌یه که نۆستالۆژییه‌کانی ته‌مه‌نی گه‌وره‌کانی نیه. به‌مپێیه ده‌بێت زیاتر له که‌سانی به‌ته‌مه‌ن و گه‌وره‌ساڵ بۆ ئه‌وان په‌یام ئاراسته بکه‌ین. له‌مڕووه‌وه، سینه‌مای منداڵ به یه‌کێک له سه‌ره‌کیترین چالاکییه سینه‌ماییه‌کان له ئێران ده‌زانین. به‌رنامه‌کانیشمان ده‌بێت له‌پێناو ته‌رخانکردنی به‌شێکی زیاتر بۆ ئه‌وان بێت. به‌رنامه داڕشتنه‌کانی سینه‌مای منداڵ ده‌بێت زنجیره‌یه‌کی کامڵ له‌خۆبگرێت. دۆزینه‌وه‌ی بیرۆکه، پێداچوونه‌وه‌و ئاماده‌کردنی ئه‌و بیرۆکه‌یه به ناوه‌رۆک و پێکهاته‌یه‌کی دراماتیک و له‌دوای ئه‌وه چۆن سازکردنی و خستنه‌به‌ر ده‌ستی له‌م بواره‌دا، گرنگی هه‌یه. حه‌یده‌ریان به ئاماژه‌دان به جیاوازییه‌کانی منداڵی ئه‌مڕۆو دوێنێ وتی: منداڵانی ئه‌م سه‌رده‌مه، له‌گه‌ڵ منداڵانی دوێنێ به‌راورد ناکرێن. جیاوازی ئه‌وان له زیاتربوونی ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی ئه‌وان به زانیارییه‌کان له دونیای ئه‌مڕۆدایه. منداڵانی ئه‌مڕۆ داهێنه‌رترن و ئه‌م داهێنان و زانیارییه زیاتره، باوه‌ڕ به‌خۆبوونێکی زیاتریشی به‌وان به‌خشیوه. له‌راستیدا ئه‌مه سه‌رمایه‌ی تۆکمه‌کراو له ناخی منداڵانه که ده‌بێت زیاتر که‌ڵکی لێوه‌ربگیرێت و ئه‌م ئامانجه نایه‌ته‌دی مه‌گه‌ر به ده‌ورێکی زیاتر که بۆ منداڵان له‌به‌رچاومان گرتووه. سه‌رۆکی رێکخراوی سینه‌مایی و بواره‌کانی بیسراو و بینراوی ئێران هه‌روه‌ها به‌بیریهێنایه‌وه كه هیوا ده‌خوازین دامه‌زراوه‌ی سینه‌مایی فاڕابی که ئه‌رکی دابینکردنی بارودۆخی ژیانێکی سروشتی له‌ئه‌ستۆدایه، له داهاتوویه‌کی نزیکدا له‌م بواره‌دا به‌رنامه‌کانی خۆی دیاریبکات. هه‌روه‌ها چاوه‌ڕوانیمان له راگه‌یاندنه‌کان هه‌یه به تێڕوانینی به‌ره‌وپێشچوونی خۆیان، ئه‌م به‌رنامه داڕشتنانه جێبه‌جێ بن و به‌ئه‌نجامیان بگه‌یه‌نین. ئه‌م سه‌ره‌تایه بۆ شیکردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌کانی باسکردن و پرژان به سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ و ئه‌و روانگه‌و ره‌هه‌ندانه‌یه که ده‌بێت بۆ داهاتووی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ له‌به‌رچاویان بگرین. "محه‌مه‌د مێهدی حه‌یده‌ریان" سه‌باره‌ت به ده‌ستکه‌وته‌کانی شۆڕای رێنیشانده‌ری سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ له‌ماوه‌ی یه‌ک ساڵی پێکهاتنیدا رایگه‌یاند: ئاکامی پێکهێنانی ئه‌م شۆڕایه داڕشتن و ئاماده‌کردنی به‌رنامه‌یه‌کی گشتگیر بووه، به‌ڵام پێویستی به هه‌ندێک چاکسازی و پێداچوونه‌وه هه‌یه. له سینه‌مای منداڵدا ئه‌و ئازایه‌تییه‌ی که پێویسته‌و هێزی داهێنان و به‌کارهێنانی نوێکارییه‌کان له‌لایه‌ن لاوانه‌وه ئه‌نجامده‌درێت. ئه‌و لاوانه‌ی که داهێنه‌رن و ئاماده‌ییان هه‌یه؛ زه‌وق و به‌هره‌ی خۆیان له‌بواری منداڵدا به‌کاربێنن، بواری سه‌رکه‌وتنێکی زیاتریان له سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵدا ده‌بێت. ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین شیکردنه‌وه‌و کارناسی، سینه‌ماکارانی به‌هره‌مه‌ندی لاو به ئه‌نجامدانی چالاکی زیاتر له سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵدا بانگهێشت بکه‌ین. له پێکهاته‌ی نوێی ئه‌م شۆڕایه‌دا له سینه‌ماکارانی لاو یارمه‌تی وه‌رده‌گرین. جێگری وه‌زیری فه‌رهه‌نگ و ئیڕشادی ئیسلامی ئێران سه‌باره‌ت به بارودۆخی نمایش‌کردنی فیلمه‌کانی منداڵ و مێرمنداڵ وتی: زۆربه‌ی چالاکییه‌کانی ئێمه له‌بواری ئاماده‌کردن و ته‌یارکردن و پێشخستنی که‌رسته‌گه‌لی هۆڵه‌کانی سینه‌ماو هه‌وڵدان و تێکۆشان بۆ یارمه‌تیدان به دابینکردن و دروستکردنی رێژه‌یه‌کی زیاتر له هۆڵه‌کانی سینه‌ماو ئاماده‌کردنی ئه‌وان بۆ نمایش‌کردنی فیلمه‌کانی منداڵ و مێرمنداڵ و به‌رهه‌مگه‌لی په‌یوه‌ندیدار به بنه‌ماڵه‌کانه. حه‌یده‌ریان سه‌باره‌ت به گرنگی سه‌رنجدان به که‌ڵک وه‌رگرتن له خوێندنه‌وه‌کانی نێوان به‌شه زانستییه‌کان له‌بواری سینه‌مادا وتی: سینه‌ما پێویستی به زانسته‌کانی نێوان به‌شه‌کانی زانستی هه‌یه. سینه‌ما سه‌نتزێکه‌و له کۆمه‌ڵێک له هونه‌ره‌کان که‌ڵک وه‌رده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی که خۆی وه‌کو هونه‌رێکی گشتگیر ئاراسته بکات. هونه‌ری گشتگیر به‌دڵنیاییه‌وه ده‌بێت پسپۆڕانه‌و شاره‌زایانه بێت. سینه‌ما ده‌بێت له ئه‌زموون و زانست و زانیاری به‌شه‌کانی دیکه‌ی زانسته‌کان که‌ڵک وه‌ربگرێت. ده‌بێت هه‌وڵبده‌ین سینه‌ما به شێوه‌یه‌کی زانستیترو به‌کارهاتووتر رێنوێنی بکه‌ین. حه‌یده‌ریان سه‌باره‌ت به بارودۆخی ئابوری سینه‌ما وتی: به‌پیشه‌یی بوونی سینه‌ما رێکارێکه بۆ گه‌یشتن به گه‌شه‌ی ئابووری له‌م هونه‌ره‌دا. هه‌وڵده‌ده‌ین سینه‌ما له ده‌رفه‌تێکی کورتتدا له‌گه‌ڵ یاسا‌و رێساکانی به‌پیشه‌یی بوون بگونجێنین. هه‌روه‌ها پێکهاته‌و رێکخراوه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به سینه‌ما پێویستی به گۆڕانکاری هه‌یه. نامانه‌وێت تێچوویه‌کمان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی فێستیڤاڵه‌کان هه‌بێت. به‌ڵکو فێستیڤاڵه‌کان ده‌بێت بۆ خۆیان بتوانن تێچووه‌کانیان له په‌یوه‌ندی و هاوکاری له‌گه‌ڵ داموده‌زگا ئابوورییه‌کان و شاره‌وانییه‌کان دابینبکه‌ن. شاره‌وانییه‌کان له هه‌موو جێگایه‌کی دونیا له به‌ڕێوه‌بردنی فێستیڤاڵه‌کاندا ده‌ورێکی جددی و کاریگه‌ر ده‌گێڕن. سه‌رۆکی رێکخراوی سینه‌مایی و بواره‌کانی بیسراو و بینراوی ئێران له درێژه‌ی قسه‌کانیدا روونیکرده‌وه: ئه‌م فێستیڤاڵه بۆ ئیسفه‌هانه. پیشه‌کانی هه‌ڵکه‌وتوو له ئیسفه‌هان سه‌رمایه‌گوزارییه‌کی باشیان له وه‌رزشدا هه‌یه‌و ده‌توانن به که‌مترین پاڵپشتییه‌کان گه‌ره‌نتی سه‌قامگیری فێستیڤاڵی فیلمی منداڵ و مێرمنداڵ له ئیسفه‌هان بن. بێگومان کاریگه‌رییه فه‌رهه‌نگییه‌که‌ی ئه‌و رووداوه هونه‌رییه له ئیسفه‌هان، ئێران و ته‌نانه‌ت سینه‌مای جیهاندا هه‌ست پێده‌که‌ین. "محه‌مه‌د مێهدی حه‌یده‌ریان" سه‌رۆکی رێکخراوی سینه‌مایی و جێگری وه‌زیری فه‌رهه‌نگ و ئیڕشادی ئیسلامی ئێران له کۆتایی قسه‌کانیدا وتی: له‌بواری ته‌کنه‌لۆژیادا ته‌کنیکه‌کانی گواستنه‌وه‌و گۆڕینی ناوه‌رۆک دابینده‌که‌ین و پاڵپشتی له‌وکاره ده‌که‌ین. سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ له ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی ئێمه له خولی نوێی چالاکییه‌کانماندایه؛ مه‌به‌ستی ئێمه ده‌رکه‌وتن و بینرانی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵی ئێران له سینه‌مای نێونه‌ته‌وه‌ییدایه. سی و یه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران به ده‌بیری و به‌رپرسایه‌تی "عه‌لیڕه‌زا ره‌زاداد" له رۆژانی 8 تا 14ی مانگی خه‌رمانانی 1397ی هه‌تاوی رێکه‌وتی 30ی ئۆگۆست تا 5ی سێپته‌مبری 2018ی زایینی له دوو به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا له شاری مێژوویی ئیسفه‌هان له وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت. خاك - مه‌نسور جیهانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure