ره‌زا شوان زمـان گرنگترین كه‌ره‌سته‌ی ده‌ربـڕین و گوزارشتكردن و گه‌یاندن و تێگه‌یشتنه. چ به شێوه‌ی ئاخـاوتنی سه‌رزاره‌كی بێت یا به نووسـین. زمـان كۆڵه‌كه‌یه‌كی گـرنگه له كۆڵه‌كه‌كـانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك، به‌ڵكو ناسـنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه. زمـان كه‌رسته‌یه‌كه بۆ دروستكردنی پـردی په‌یوه‌نـدی و له‌یه‌كگه‌یشتن له نێوان نه‌ته‌وه‌كـاندا. زمانی دروست پێـوه‌ری یه‌كه‌می ده‌قـه ئه‌ده‌بییه سه‌ركه‌وتووه‌كانه. زمان نامرێت و هه‌میشه به زینـدوویی ده‌مێنـێته‌وه، وه‌كو هه‌ر ئه‌ندامێكی گیانی مرۆڤ گه‌شه‌ده‌كات، پێشده‌كه‌وێت و وشه‌گه‌لێكی تازه ده‌گرێته خـۆی. زمانی ره‌سه‌ن و شیرینی كوردیشمان، كه نزیكه‌ی په‌نجا ملیۆن كورد له كوردستان و له ده‌ره‌وه‌دا پێی ده‌دوێـن. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و پیلانانه‌ی كه داگیركه‌رانی ره‌گه‌زپه‌رستی كوردستان بۆ دژایه‌تیكردن و شێواندن و بۆ كاڵكردنه‌وه و لاوازكردنی كردیان و ده‌یـكه‌ن، سه‌ره‌ڕای قه‌ده‌غه‌كـردنی خوێنـدن به زمانی كـوردی له زۆربه‌ی كوردسـتاندا، به‌ڵام له سایه‌ی خه‌بات و تێكۆشان و به‌رگـری و خۆڕاگـری گه‌له قاره‌مان و كۆڵنـه‌ده‌ره‌كه‌ماندا، زمانی كوردیشمان خۆی راگرت، زیندووه و قه‌ت نامرێ و هه‌ر به زیندوویی ده‌مێنێته‌وه، تا بێت زیـاتریش گه‌شه ده‌كات و زیـاتریش ده‌وڵه‌مه‌ند و ره‌نگین و شیرین ده‌بێت. زمان و مناڵان زمـان كلـیلی گه‌یشتنه به هـۆش و دڵ و ده‌روونی منـداڵان. زمـان له ئه‌ده‌بی منداڵاندا، ئه‌و وشه و واژه و رستانه‌یه، كه نووسه‌ری ئه‌ده‌بی منـداڵان، بۆ داڕشـتنی بیرۆكه و ئامانجه‌كانی، به شێوازێكی سه‌ركه‌وتوو له نووسینی (چـیرۆك، شیعر، رۆمـان، شانـۆ، په‌خـشان) به‌كاریان ده‌هێنـێت. ده‌یانخاته به‌رده‌می منـداڵان. بێگومان زمانی نووسین بۆ منداڵان جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ زمانی نووسین بۆ گه‌وره‌كان. نووسه‌رانی ئه‌ده‌بی گه‌وره‌كـان، به دوای جـوانكاریی و ره‌وانبـێژیی و فه‌نـتازیا و تا راده‌یه‌كیش به دوای شێواز و بـیرۆكه‌ی دژه‌بـاودا ده‌گـه‌ڕێن. به‌ڵام نووسه‌رانی ئه‌ده‌بی منـداڵان خۆیان له زمـانێكی ساده و ساكـار و وشه بـاو و واتـا زانـراوه‌وه نزیك ده‌كه‌نه‌وه، به شێوازێكی ناسكی بێ گرێ و گۆڵیش بابه‌ته‌كـانیان ده‌ڕازێننه‌وه. ئه‌گه‌رچی هه‌ر نووسه‌رێكی بواری ئه‌ده‌بی منداڵان، شێوازی خۆی هه‌یه له نووسیندا بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجانه‌ی كه له بیرۆكه‌كانیدا هه‌یه، به‌ڵام زۆربه‌ی نووسه‌رانی ئه‌ده‌بی منداڵان و توێـژه‌ران، كه باسیان له گـرنگی زمان و له شێوازی سه‌ركه‌وتووی نووسین بۆ منـداڵان كردووه، هه‌مـوویان هاوڕان و جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه، كه پێویسته له نووسیندا بۆ منداڵان، له رووی جه‌سته‌یی و ده‌روونی و توانای زه‌ینی و فێربوون و تێگه‌یشتن و وه‌رگرتنه‌وه، تایبه‌تمه‌ندییه‌كـانی قۆناغه‌كانی منـداڵی له‌به‌رچاو بگیرێن، كه هـه‌ر قۆناغێك ئاستێكی زمـانی و فه‌رهـه‌نگی و رۆشنبیریی گونجـاوی خۆێ هـه‌یه. نموونه زیندووه‌كان بۆ نموونه ئه‌و بابه‌تانه‌ی بۆ قۆناغی ته‌مه‌ن ده و دوانزه ساڵان ده‌نووسرێن، بۆ منداڵانی قۆناغی ته‌مه‌ن پێنج و شه‌ش ساڵان ناگونجـێن و قورسن و ناتوانن لێیان تێبگه‌ن. به پێچه‌وانه‌شه‌وه، ئه‌و بابه‌ت و ده‌قانه‌ی بۆ ته‌مه‌نی پێنج و شه‌ش ساڵان ده‌نووسرێن. بۆ ده و دوانـزه ساڵان ساده و ساكارن و هیچ چـێژێكیان لێوه‌رناگرن، چونكه ئه‌وان ئه‌و قۆناغه‌یان به جێهێشتووه، له ئاستێكی هۆشی و زه‌ینی و رۆشنبیریی به‌رزتـردان. بۆ نموونه شیعری (به‌به، به‌به، بچكۆله)ی مامۆستا ع. ع. شه‌ونم كه بۆ منداڵانی قۆناغی باخچه‌ی ساوایانی نووسیوه. بۆ منداڵانی حه‌وت ساڵان به‌سه‌ره‌وه، شیعرێكی ساكاره و منداڵانی له‌و ته‌مه‌نه گه‌وره‌تـر شه‌رم له خۆیان ده‌كه‌ن كه له به‌رده‌م هاوڕێكانیاندا به ئاوازه‌وه شیعری (به‌به، به‌به، بچكۆله) یان بۆ بڵێنه‌وه. نووسه‌ری پسپۆر و سه‌ركه‌وتووی بواری ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد، پێویسته تا راده‌یه‌كی باش زمان‌زان بێت و شاره‌زاییه‌كی باشی له زمان و له رێزمانی كوردی و له جوانكاری و ره‌وانبێژیی زمانی كوردیمان هه‌بێت. به تایبه‌تیش له فه‌رهـه‌نگی زمـانی منـداڵان. چونكه شاره‌زایی و باڵاده‌ستی له زماندا، هۆیه‌كی سه‌ره‌كییه بۆ نووسینی پوخـت و پاراو بۆ منداڵانی كوردمان. شاره‌زایی له زمـاندا توانای ئه‌وه‌ی پێده‌به‌خشێت، كه به شێوازێكی جـوان و ساكار و ئاسان، بیرۆكه‌كانی له فـۆرمی جـواندا بـڕازێنێته‌وه و بیانخاته به‌رده‌ست منـداڵانی كوردمان. بیـرۆكه و ناوه‌ڕۆكێكی نایاب، له چوارچێوه‌ی داڕشـتن و فۆرمێكی خـراپ و لاوزدا، بابه‌ته‌ته‌كه بێ تـام و بێ چـێژ و بێ پێـز ده‌كه‌ن. نـاوه‌ڕۆكی نایاب و فـۆرمی قه‌شه‌نگ و جـوان ته‌واوكه‌ری یه‌كترین. زۆر بابه‌تی منداڵانمان به‌رچاوكه‌وتوون، كه له رووی بیرۆكه و ناوه‌ڕۆكه‌وه جـوان و مه‌به‌ستدارن، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی كـاڵ وكـرچ، یا وشك و ره‌ق و زه‌ق نووسه‌ره‌كانیان دایانڕشتوون، پـڕن له هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی، منـداڵان هیچ چـێژیكیان لێوه‌رناگرن و له‌به‌رچـاویان ده‌كه‌ون. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نابه‌ڵه‌دی نووسه‌ره‌كانیان له بواری زمانی كوردی و له شێوازی جـوان و شیرینی داڕشتن و هۆنینه‌وه بۆ منـداڵان. منداڵانی كوردمان له رێی ئه‌ده‌بی منداڵانه‌وه، سوودی زمانی زۆر وه‌رده‌گرن و سامانی وشه و رسته‌كانیان زیاتر ده‌بێت. به هۆی زمان پاراویشه‌وه ده‌توانن باشتر و جـوانتر و ته‌سه‌لتر، به زاری و به نووسین، گوزارشت له را و بۆچـوون و، له راز و نیـاز و له سۆز و هه‌ست و دڵسۆزی و له ئه‌نـدێشه و خۆشه‌ویسی ناخیان و له خاكی و ساده‌یی و له جیهانی پاك و بێگه‌ردی پڕ له سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی خۆیان بكه‌ن. به‌شێكی شانازیی ئه‌م ده‌رئه‌نجامه ئه‌رێنییه خـوازراوانه‌ش، به‌ر نووسه‌رانی شاره‌زایانی زمانی ئه‌ده‌بی منداڵانی كوردمان ده‌كه‌وێت. مه‌كسیم گۆرگی ده‌ڵێت:»ده‌توانین به زمانێكی شیرین و گونجاوی دوور له شێوازی راپـۆرته‌زانیاری، به راشكاوی بۆ منـداڵان بدوێین» كه‌واته نابێت نووسه‌ری ئه‌ده‌بی منداڵان به زمانێكی فه‌نتازی دوور له توانا و تێگه‌یشتن و وه‌رگرتنی منداڵان بنووسێت. نابێت به زه‌وق و ئاره‌زووی خۆی بنووسێت و بڵێت. به‌ڵكو ده‌بێ به زمانی منداڵان و به به پێی حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی منداڵان بنووسێت. نـه‌ڵێ وتـم، به‌ڵكو بڵێ وتـی یا وتیـان. زیاتریش بیر له چـۆنیه‌تی نه‌ك چـه‌نـدێتی بكاته‌وه. گرنگ ئه‌وه‌یه كه بـزانێت په‌یامـه‌كه‌ی ئاراسـته‌ی منـداڵان ده‌كات. نووسه‌ری سه‌ركه‌وتووی مناڵان به كورتی نووسه‌ری سه‌ركه‌وتووی ئه‌ده‌بی منـداڵان، ئه‌و نووسه‌ره‌یه كه شاره‌زایی له خه‌سڵه‌ته‌كانی قۆناغه‌كانی منداڵی هه‌بێت. بابه‌ته‌كانی نووسینه‌كانی گونجاوبن بۆ ئه‌و قۆناغـه منداڵییه‌ی بۆیان ده‌نووسێت.. به شێوازێكی ئاسان و به زمانێكی په‌تی و ناسك و شـیرین و روون و ره‌وان و نـه‌رم و نیـان و تـه‌ڕ و پـاراو دایـان بڕێـژێت یا بیان هۆنێته‌وه، وشه‌كانی ساده و ساكار و بـاو و واتـا زانـراوبن، رسته‌كانی كـورت بن. بیرۆكه‌كانی نووسینه‌كانی روونبن و بێ گـرێ و گۆڵ بن، گرێ كوێره و پێچ و په‌نایان تێدا نه‌بێ. له ئاستی هۆش و بیر و ئه‌ندێشه‌ی منداڵان بن، له جیهانی پاكی پڕ له هیـوا و خۆزگه‌ی خه‌ونی شیرینی منـداڵانه‌وه دوور نه‌بن. ئه‌گه‌ر نووسینه‌كـانی نووسه‌ری منداڵان وانه‌بن، منـداڵان لێیان لووته‌لا ده‌بـن و به ئـه‌ده‌بی خۆیانی نـازانن. دكتۆر عه‌لی الحدیدی ده‌ڵێت:» زۆر كه‌م له منداڵان له ساڵه‌كانی سه‌ره‌تادا، د‌رك به هـێزی وشه و جـوانی زمـان ده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه به‌كارهێنانی زمانی له‌بـار و سووك و ئاسان و ره‌وان، له مه‌رجه‌كـانی ئه‌ده‌بی باشی منـداڵانه.» سیماكانی نووسین بۆ مناڵان زۆر به كورتی له‌م خاڵانه‌ی خـواره‌وه‌دا، باس له‌و سیما پێویستییانه ده‌كه‌ین كه پێویسته نووسـه‌رانی بـواری ئـه‌ده‌بی منـداڵان كـوردمان، له كـاتی داڕشتنی نووسینه‌كـانیان بۆ مـنداڵان له‌به‌رچـاویان بگرن: 1-پێویسته وشه‌كـانیان سووك و ئاسان و واتـا زانـراوبن، له وشه و واژه‌ی نـامۆ و واتـا ناروون دووربكه‌ونه‌وه. 2- تا بكرێت رسته كـورت و ئـاسان به‌كـاربهێـنن. تا منداڵان بتوانن لێیان تێبگه‌ن. 3-پشتبه‌ستن به فه‌رهه‌نگی زمانی منداڵان به پێی قۆناغه‌كانی منداڵی و گه‌شه‌كردنیان. 4-ئاستی رۆشنبیری و كۆمـه‌ڵایه‌تی و تـوانای جه‌سته‌یی منداڵان له‌به‌رچاو بگرن. 5- وشه‌كان و رسته‌كانیان، له زمانی ناوچـه‌یی و بـازاڕی و لاكـۆڵانه‌وه به دووربن. 6-گه‌ر پێویستی كـرد، ده‌كرێت وشه دووبـاره بكرێته‌وه. 7-له نووسینی چـیرۆك و شـانۆ بۆ منـداڵان، پێویسته زیاتر پشت به دیالـۆگ و به سیناریۆ ببه‌ستن وه‌ك له گێڕانه‌وه. 8-له نووسینه‌كانیاندا، كه‌م كه‌م ئاستی زمان به‌رزبكه‌نه‌وه، به مه‌رجی كه بگونجێت له‌گه‌ڵ زه‌ین و توانای وه‌رگرتنی منداڵانی ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی كه بۆیان ده‌نووسن. 9-راستی و دروستی زمـان، مه‌رجـێكی گـرنگ و هـۆیه‌كه، بۆ ئه‌وه‌ی منـداڵان بتـوانن له ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كان تێبگه‌ن و وه‌ریان بگرن و له مه‌به‌ستیه‌كانیشیان نزیك ببنه‌وه. 10-ره‌چاوكردنی نیشانه‌كـانی خـاڵبه‌نـدی و دانانـیان له شوێنی راستیدا. به‌شی زۆری نووسه‌رانی ئـه‌ده‌بی منـداڵان، ئه‌م پێویستییه‌یان پشتگوێ خستووه. ده‌شی بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه كه شاره‌زاییان له به‌كارهێنانیان نه‌بێت. 11-باشتر وایه كه نووسه‌رانی ئه‌ده‌بی منـداڵان، پێش بڵاوكردنه‌وه‌ی نووسینه‌كـانیان، پیشانی زمانزانێكی شاره‌زای بواری زمانی كوردی بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه زمانییه‌كانی نووسینه‌كانیان بۆ راست بكاته‌وه، چونكه هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی زمـانی و زانیـاری زیانێكی زۆر به منـداڵان ده‌گه‌یه‌نێ. منـداڵان زۆر كه‌م د‌رك به هه‌ڵه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌و هه‌ڵانه له هۆش و بیریاندا ده‌چه‌سپێن و راستكردنه‌وه‌یان ئاسان نییه.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure