28/7/2018 01:16 PM

چۆن منداڵه‌كه‌ت له‌ مه‌ترسییه‌كانی سكچوون ده‌پارێزیت؟

لە جیهاندا سكچوون بە یەكێك لە نەخۆشییە هەرە مەترسیدارەكان دادەنرێت، بەپێی راپۆرتەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی مەترسی گەورە لەسەر ژیانی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵان دروستدەكات ئەگەر بەزووی چارەسەرنەكرێت.

پاكوخاوێنی و هۆشیاری تەندروستی و بەزوویی سەردانكردنی نەخۆشخانە لەكاتی توشبووندا منداڵەكەت بەدوور دەگرێت لەو مەترسيیە گەورەیە.

هۆكارەكانی سكچوونی منداڵان:
ئاوی پیس و خواردنی ناخاوێن، هۆكاری سەرەكی سكچوون و رشانەوەن بەتایبەت لە وەرزی هاویندا، ئەو منداڵانەی شیری دایكیان دەخۆن كەمتر توشی سكچوون دەبن، خۆ ئەگەریش سكچوون بگرن ئەوا ئاسانتر چارەسەردەكرێن و زووتر چاكدەبنەوە.

بەگشتی، بەهۆی سكچوونەوە ئاو لە لەشی منداڵدا كەمدەكات و دەبێتە هۆی وشكبوونەوە، ئەگەر وشكبوونەوە بگاتە رێژەیەكی دیاریكراو ئەوكات مەترسی لەسەر گیانی منداڵەكەت دروستدەكات، ئەگەر چەند رۆژێك منداڵ سكی بچێ و بڕشێتەوەو چارەسەر وەرنەگرێت، ئەوا 20%ی كێشی منداڵەكەت كەمدەكات و چیتر منداڵ بەرگە ناگرێت.

نیشانەكانی سكچوونی منداڵان:
سكچوون و وشكبوونەوەو تینویەتی نیشانە سەرەتاییەكانن و پاشان نیشانەكانی تر بەدەردەكەون كە ئەوانیش بریتین لە:
- تۆخبوونی رەنگی میز بە بەردەوامی
- كەم میزكردن یاخود میزنەكردن
- كەمبوونەوەی چالاكی و وزەی لەچاو رۆژانی ئاسایی
- بێهێزی و نەبوونی ئارەزوو بۆ خواردن
- وشكبوونەوەی دەم و لێو و گریانی بێ فرمێسك.

نیشانە هەرە مەترسیدارەكان بەهۆی سكچوونی منداڵانەوە:
هەندێكی نیشانەی تر هەیە كە بەهۆی سكچوونەوە منداڵ توشی دەبێت و ئەگەر زوو بەزوو چارەسەرنەكرێت ئەوا ژیانی لەمەترسیدایە لەوانە:
- ئەگەر منداڵەكە شیر یان ئاو نەخوات.
- ئەگەر منداڵەكە چاوی زۆر بەقوڵا بچێت.
- ئەگەر منداڵەكە دەست و قاچی ساردبووەوە.
- ئەگەر منداڵەكە زۆر خەواڵووبوو.
- ئەگەر هەناسەدانی زۆر خێرابوو.

رێنمایی:
* بۆ پاراستنی منداڵ لە سكچوون، زۆر گرنگە لە لەدایكبوونیەوە تا تەمەنی دوو ساڵ شیری دایكی بخوات.
* گرنگیدان بە پاكوخاوێنی منداڵ بەتایبەت لەرووی كوڵاندنی ئاوی خواردنەوەو خاوێنی قاپ و كەوچك و ئەو شتانەی كە پەیوەندەی راستەوخۆی هەیە بە خواردنی منداڵەوە.
* دەتوانرێت تەنها بە گرتنەبەری رێوشوێنی پاكوخاوێنی ئاو و خواردن بەرێژەی 95% رێگری بكرێت لە توشبوون بە سكچوون و رشانەوە.

خاك  -  ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved