30/7/2018 08:56 AM

ئەمریكا داوای جوبرائیل دەكات

فێستیڤاڵێكی نێونەتەوەیی كورتەفیلم لە وڵاتی ئەمریكا بانگهێشتنامەیەكی ئاراستەی جوبرائیل ئەبوبەكر دەرهێنەری لاوی كورد كردووەو بە فیلمێكی ئەو دەرهێنەرە فێستیڤاڵەكە دەكرێتەوە.

دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر لەبارەی بانگێشتنامەكە رایگەیاندووه: لەلایەن فێستیڤاڵی پایز بۆ كورتەفیلم لە ئەمریكا بانگێشتێكی رەسمیم بەدەستگەیشتووە بۆ ئامادەبوون لە فێستیڤاڵەكە. فێستیڤاڵەكەش بە فیلمێكی من بەناوی ئایلان دەكرێتەوەو فیلمەكەش كێبركێی بردنەوەی خەڵاتی فێستیڤاڵەكە دەكات.

فیلمی ئایلان بە سپۆنسەری زانكۆی نۆلج بەرهەمهێنراوەو چیرۆكی فیلمەكە باس لە ئایلان كوردی دەكات كە لە سوریا شەڕ دەستپێدەكات لەگەڵ خێزانەكەی رێگەی تاراوگە دەگرنەبەرو بەرەو توركیا بەڕێدەكەون، بەڵام لەوێ‌ بەرلەوەی بگەن بە كەناری ئارامی شەپۆلەكانی دەریا دەیكاتە قوربانی.

فیلمی سینەمایی ئایلان لەلایەن جوبرائیل ئەبوبەكر كاری دەرهێنانی بۆ كراوەو ئومێد رۆژ كاری مۆسیقای فیلمەكەی جێبەجێكردووەو هەروەها ئالان رۆژبەیانی كاری گرافیك و دیزاینی فیلمەكەی جێبەجێ‌ كردووە.

دواهەمین فیلمی سینەمایی دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر  فیلمێك بوو بە ناوی بێدەنگی ئاسمان كە لەكەمتر لە ساڵێكدا لە 54 فێستیڤاڵی سینەمایی جیهانیدا بەشداریكرد‌و چەندین خەڵاتی بەدەستهێنا.

جوبرائیل ئەبوبەكر رەحمان لەدایكبووی ساڵی 1983ی شاری هەولێرە، لە ساڵی 2001ەوە دەستیداوەتە كاری سینەمایی و لە نزیكەی 40 كورتەفیلمدا یاریدەدەری وێنەگربووەو لە 13 فیلمی سینەمایی درێژیشدا یاریدەدەری وێنەگر بووەو لە ساڵی 2010ەوە كاری دەرهێنانی سینەمایی دەكات.


خاك







زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved