31/7/2018 03:11 PM

عەلی كەمال بەگ

 

خەلیل عەبدوللا
ناوی عەلی كەمال زیاتر وەك كەسایەتییەكی خێرخواز لەخەیاڵدانی خەڵكی شاری سلێمانیدا بەرجەستە بووە، بەڵام ئەو بێ‌ لەكاری خێرخوازی لەزۆر بوار‌و كایەی تردا خزمەتی وڵاتەكەی كردووە.
عەلی كەمال بەگ كەسایەتییەكی گەورەی سەربازی‌و پەرلەمانی‌و روناكبیری كوردستان‌و عیراق بووە. ئەو بایەخی زۆریشی بەكاری خێرخوازی داوە‌و لەو بوارەدا چەند مزگەوت‌و نەخۆشخانە‌و قوتابخانەیەکی لەسەر ئەركی خۆی لەشاری سلێمانی دروست كردووە‌و یارمەتی خوێندكاران‌و هەژارانی داوە.تەنانەت وەسێتیشی کردبوو کە لە دوای مردنی یەک لەسەر سێی موڵکەکانی بۆ ھاوکاری خوێندکاران خەرج بکرێ و وەسێتەکەشی جێبەجێ کرا. 
ناوی تەواوی عەلی كوڕی عەبدولڕەحمان كوڕی حاجی قادر كوڕی وەهاب كوڕی قاسم ئاغایە.بەعەلی كەمال ناسراوەو کەمال نازناوی بووە. رۆژی 2ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1900 لەگەڕەكی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایك بووە.
خوێندنی سەربازیی لە سلێمانی‌و بەغدا‌و ئەستەنبوڵ تەواو كردووە‌و وەك ئەفسەر لەسوپای عوسمانی خزمەتی كردووە.كۆتایی ساڵی 1920 كە فیرقەكەیان لەشاری ئورفەی باکوری کوردستان بووە، بەتۆمەتی پشتیوانی لەجوڵانەوەی كورد بۆ ماوەی سێ‌ مانگ دەستگیر كراوە. لە12ی شوباتی 1922 لەتوركیا هەڵهاتووە‌و لەرێی شنگالەوە گەڕاوەتەوە عیراق.
وەك بەرێوەبەری پۆلیس و قائیمقام لە شارەكانی كوردستان‌و عیراق خزمەتی كردووە.عەلی كەمال وەك ئەندامی پەرلەمان‌و نوێنەری شاری سلێمانی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق خزمەتی كردووە‌و لە ماوەی ساڵانی 1935 تا 1958 پێنج خول بەئەندامی پەرلەمان‌و وەك نوێنەری سلێمانی هەڵبژێردراوە.
لەپەرلەمان ئەندامێكی چالاك بووە‌و بەرگری لەمافەكانی گەلی كوردستان كردووە‌و بەهەوڵی ئەو بودجەی ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكانی كوردستان زیاد كراوە.
رۆڵی سەرەكی بینیوە كە یاسای زمانە ناوچەییەكان هەڵنەوەشێنرێتەوە.
لەبەر هەڵویستە نیشتمانییەكانی لەسالانی 1962‌و 1965 لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمەوە دەستگیر كراوە.عەلی كەمال سەرباری ئەو كارو خزمەتانەی كە ئەماژەمان پێكردن، زۆر بایەخی بەبواری رۆشنبیری داوە‌و پشتیوانی‌و كۆمەكی كارو پرۆژە كەلتورییەكانی كردووە.لە26ی كانونی یەكەمی 1942ەوە تا ساڵی 1949 هەموو خەرجییەكی دەركردنی گۆڤاری گەلاوێژی لەئەستۆ گرتووە‌و هۆكاری سەرەكی بەردەوامی ئەو گۆڤارە بووە لەرووی داراییەوە.
عەلی كەمال خۆشی نوسەر بووە‌و سەرەتای ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوو، وتاری بۆ پشتیوانی شۆڕشی كوردستان لەرۆژنامە عەرەبییەكانی لوبناندا بڵاو كردۆتەوە.
دوو كتێبی چاپكراویشی هەیە ئەوانیش یەكەمیان رەخنە‌و شیكردنەوەی كتێبی (جوڵانەوەی نەتەوەیی كورد)ی ئەدمۆن غەریبە كە ساڵ‌و شوێنی چاپی دیار نییە.
دووەمیان یاداشتەكانێتی بەناوی ( یاداشتەكانی عەلی کەمال عەبدولڕەحمان) كەجەمال بابان ئامادەی كردووە‌و پێشەکی بۆ نوسیوە لەساڵی 2001 لەبەغدا چاپكراوە.
عەلی كەمال ساڵەكانی كۆتایی ژیانی لە شاری لەندەن بەسەر بردووە‌و هەر لەوێ‌ لە شەوی 31ی تەمووزی 1998 كۆچی دوایی كردووە‌و لەسەر راسپاردەی خۆی تەرمەكەی هێنراوەتەوە بۆ شاری سلێمانی‌و لەمزگەوتەكەی خۆی بەخاك سپێردراوە.
درودی رێز‌و وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی عەلی كەمال بەگ ئەو پیاوە گەورەیەی لەهەر شوێنی بوو بێ‌ خەمی میللەتەكەی لەبیر بووە‌و بەشێوازی جیا جیا خزمەتی گەل‌و وڵات‌و شارەكەی كردووە.


سەرچاوە:
گۆڤاری گەلاوێژ- بەرگی 11 ژیاننامە‌و پێرست-2016




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved