6/8/2018 04:27 PM

باخچەکانی سەرۆکی موحسین ئەلڕەملی بڵاوکرایەوە



لە دووەمین کاری وەرگێڕانیدا ڕەنجدەر جەبار، ڕۆمانی "باخچەکانی سەرۆک"ی رۆمانووسی عێراقی موحسین ئەلڕەملی کردە کوردی و خانەی چوارچرا لە شاری سلێمانی لە دوتوێی 340 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردەوە. 
وەرگێڕ لەبارەی ئەم ڕۆمانەوە دەڵێت: ئەم ڕۆمانە پەنجا ساڵی تەمەنی نەهامەتی و دەردەسەری خەڵکی عێراق لە ئاستێکی باڵای ئەدەبیدا دەگێڕێتەوە و هێمایەکە لە ڕێڕەوی ئەدەبی عێراقیدا بۆ شیکردنەوەی مێژووی دوور و نزیکی نیشتیمان، بۆ چێژی پرسیار و گەڕان، پەژارەی تێگەیشتن و ڕەشبینی واقیعی ژیان کە هەموو ئاستەکانی خەیاڵی ئەدەبی تێپەڕاندووە.
ئاماژەشی بۆ ئەوە کرد کە نووسەر لەم ڕۆمانەدا نەهامەتی و دەردەسەری عێراقیەکان لە ڕێگەی ژیانی سێ کەسایەتی بەناوەکانی عەبدوڵای کافکا و ئیبراهیمی قسمەت و تارقی سەرسامەوە دەگێڕێتەوە، کە هەر لە منداڵیەوە هاوڕێن، بەڵام بارودۆخ تووشی ناڕەحەتی و جەنگ و خۆشەویستی و دوورکەوتنەوە و دیلی و کوشتن و زیندەبەچاڵکردن و داگیرکاری و ئاژاوە و سەربڕینیان دەکات و خوێنی ئیبراهیم لە نێوان پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو و سەرانی ڕژێمی تازەدا ون دەبێت. 
ئەم ڕۆمانە پاڵێوراوی خەڵاتی پۆکەری جیهانی بووە بۆ ڕۆمانی عەرەبی لە ساڵی ٢٠١٣. وەرگێڕی ڕۆمانەکەش پێشتر ڕۆمانێکی سینان ئەنتوانی بەناوی "کوشتن لە بەغداد" کردووە بە کوردی.
نووسەری ئەم رۆمانە پێشتر رۆمانی "دێڵەگورگی خۆشەویستی و کتێب"ی لەلایەن شێرزاد هەینییەوە کراوە بە کوردی و ناوەندی ئاوێر بڵاویکردۆتەوە. 
خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved