11/8/2018 10:23 AM

ئازاد شەوقی

 

خەلیل عەبدولڵا

 

ئازاد مه‌حمود شەوقی هونەرمەندێكی شێوەكاری گەورە‌و دیاری كوردستانە‌و لەرێی ئەو هونەرەوە خزمەتێكی زۆری بەهونەری كوردی كردووە.ساڵی 1929 لەشاری هەولێر لەدایك بووە.
لەشارەكانی دیوانیە‌و كەركوك‌و بەغدا خوێندویەتی‌و ساڵی 1955 پەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغدای تەواو كردووە.ئازاد شەوقی ژیانی خۆی بۆ خزمەتی هونەر تەرخان كردبوو، لەو چوارچێوەیەدا بەدەست‌و پەنجە رەنگینەكەی سەدان تابلۆی جوانی نەخشاندووە‌و چەندین پێشانگای لەسەرئاستی كوردستان‌و عیراق‌و جیهان كردۆتەوە‌و تابلۆكانی ئاستێكی بەرزی هونەریان هەیە‌و جێگەی سەرنجی هونەرمەندان‌و هونەردۆستان بوون.
مامۆستا شەوقی وەك مامۆستای هونەریش لەقۆناغە جیا جیاكانی خوێندن لەشاری سلێمانی خزمەتی كردووە‌و 13 ساڵیش سەرپەرشتیاری پەروەردەیی هونەری بووە.
بایەخی زۆریشی بە وێنە‌و نیگاری مناڵان داوە‌و یەكەم شانۆی مناڵانیشی لەسلێمانی دامەزراندووە.
یەكەم مۆزەخانەی فۆلكۆری جلوبەرگی كوردی لەسلێمانی دامەزراندووە‌و بەشداربووە لە دامەزراندنی مۆزەخانەی فۆلكلۆری زانكۆی سلێمانی.ئازاد شەوقی خاوەنی خەرمانێك لە خزمەتی هونەری‌و پەروەردەییە‌و شوێن پەنجەی بەگەشەپێدانی هونەری شێوەكاری كوردییەوە دیارە.
بەداخەوە ئەم هونەرمەندە گەورەیەی كورد پازدە ساڵ لەمەوبەر‌و لە 10ی ئابی2002 كۆچی دوایی كرد‌و چووە ریزی نەمرانەوە.درودی رێز‌و وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاكی مامۆستا ئازاد شەوقی هونەرمەند‌وپەروەردەكار.

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved