12/8/2018 10:35 AM

جوبرائیل فیلمەكەی لە تونس نمایشدەكات

فیلمی (ئەیلان)ی دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر كە بە سپۆنسەری زانكۆی نۆلج بەرهەمهێنراوە، لە فێستیڤاڵێكی سینەمایی نێونەتەوەیی لە وڵاتی تونس بەشداری دەكات و كێبڕكێی بردنەوەی خەڵات دەكات. 

دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر لەبارەی بەشداریكردنی فیلمەكەی لەو فێستیڤاڵە وتی "فیلمی (ئەیلان) لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی قیلیبییە بەشداری دەكات كە لە وڵاتی تونس بەڕێوەدەچێت و كێبڕكێی بردنەوەی خەڵاتی فێستیڤاڵەكە دەكات".

وتیشی "فێستیڤاڵەكە ئەمڕۆ (یەكشەممە) دەستپێدەكات و هەتا 18ی ئابی 2018 بەردەوام دەبێت".

لەبارەی چیرۆكی فیلمەكەوە دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر وتی "چیرۆكی فیلمەكە باس لە ئەیلان كوردی دەكات كە لە سوریا شەڕ دەستپێدەكات لەگەڵ خێزانەكەی رێگەی تاراوگە دەگرنەبەرو بەرەو توركیا بەڕێدەكەون، بەڵام لەوێ‌ بەرلەوەی بگەن بە كەناری ئارامی شەپۆلەكانی دەریا دەیكاتە قوربانی".

فیلمی سینەمایی (ئەیلان) لەلایەن جوبرائیل ئەبوبەكر كاری دەرهێنانی بۆ كراوەو ئومێد رۆژ كاری مۆسیقای فیلمەكەی جێبەجێكردووەو هەروەها ئالان رۆژبەیانی كاری گرافیك و دیزاینی فیلمەكەی جێبەجێ‌ كردووە.

دواهەمین فیلمی سینەمایی دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر  فیلمێك بوو بە ناوی (بێدەنگی ئاسمان) كە لە كەمتر لە ساڵێكدا لە 54 فێستیڤاڵی سینەمایی جیهانیدا بەشداری كرد‌و چەندین خەڵاتی بەدەستهێنا.

جوبرائیل ئەبوبەكر رەحمان لەدایكبووی ساڵی 1983ی شاری هەولێرە، لەساڵی 2001ەوە دەستیداوەتە كاری سینەمایی و لە نزیكەی 40 كورتە فیلمدا یاریدەدەری وێنەگر بووەو لە 13 فیلمی سینەمایی درێژیشدا یاریدەدەری وێنەگر بووەو لە ساڵی 2010ەوە كاری دەرهێنانی سینەمایی دەكات.

خاك





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved