14/8/2018 09:12 AM

كاریگه‌رییه‌كانی فشاری ده‌روونی

كاریگه‌رییه‌كانی فشاری ده‌روونی له‌سه‌ر پێست و جه‌سته‌ی مرۆڤ چییه‌؟ له‌وباره‌یه‌وه‌ د.هێمن فاتح حه‌مه‌كریم پزیشكی پسپۆڕی ده‌روونی به‌ سایتی خاكی ڕاگه‌یاند: ئاشكرایه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی دووئاڕاسته‌ له‌نێوان باری ده‌روون و پێست و جه‌سته‌ی مرۆڤدا هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ فشارو دڵه‌ڕاوكێ زیپكه‌ دروستده‌كات، له‌هه‌مانكاتدا زیپكه‌ش فشارو ناڕه‌حه‌تی ده‌روونی دروستده‌كات، له‌وانه‌ش:

1- زوو پیربوون: له‌كاتی فشاری ده‌روونی مادده‌ی كۆرتیزۆڵ به‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌رده‌درێت و بڕی كۆرتیزۆڵی زیاد له‌پێویستیش له‌ له‌ش ده‌بێته‌ هۆی تێكدانی سوڕی خوێنی پێست، له‌ كۆتاییشدا مولوله‌كانی ده‌موچاو لاواز ده‌كات و به‌مه‌ش پێسته‌كه‌ پیرتر ده‌رده‌كه‌وێت.

2- چرچ و لۆچی ناوچه‌وان: توڕه‌بوون و هه‌ڵچوونی زۆر ده‌بێته‌ هۆی زیاد له‌پێویست گرژبوونی ماسولكه‌كانی ده‌موچاو، به‌تایبه‌ت پێستی ناوچه‌وان، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ هێڵی چرچی زووتر ده‌رده‌كه‌وێت.

3- چرچی نێوان برۆكان: له‌حاڵه‌تی خه‌مۆكی توند، هه‌ندێجار به‌هۆی برۆهێنانه‌وه‌یه‌ك بۆ ماوه‌ی زۆر، ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی چرچ له‌نێوان برۆكان.

4- ته‌نگژه‌ی موو ده‌رهێنان: یه‌كێكی تر له‌و حاڵه‌ته‌ ده‌روونیانه‌ی هه‌ندێك كه‌س به‌هۆیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، بریتییه‌ له‌ ئاره‌زوویه‌كی خۆنه‌ویست بۆ ده‌رهێنانی مووی سه‌ر، برۆ، ڕیش...

5- زیپكه‌: به‌هۆی فشاری ده‌روونی، دڵه‌ڕاوكێ، دڵته‌نگی...، به‌رگری له‌ش كه‌مده‌كات و زیپكه‌و په‌ڵه‌ دروستده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش له‌ هه‌ندێك كه‌س دره‌نگ وه‌ڵامدانه‌وه‌یان بۆ چاره‌سه‌رییه‌ پزیشكییه‌كانی پێست هه‌یه‌.

6- لاوازی و خورانی نینۆك: یه‌كێك له‌ نیشانه‌كانی ترس، دڵه‌ڕاوكێ و شه‌رم بریتییه‌ له‌ خواردنی نینۆك، به‌مه‌ش دووچاری لاوازی ده‌بێت.

7- هه‌ڵكه‌ندنی پێست: یه‌كێكی تر له‌ حاڵه‌ته‌ ده‌روونیه‌كان، بریتییه‌ له‌ هه‌وڵێكی پێكۆنترۆڵنه‌كراوی دووباره‌ی خود، بۆ هه‌ڵكه‌ندنی پێست، برین و زیپكه‌.


خاك – تانیا ئاواره‌



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved