27/8/2018 05:08 PM

دووەم نامەی زولەیخا بۆ یوسف


چەند غەزەلێکی تری ئانیماری شیمل بە وەرگێڕانی"ئازاد بەرزنجی"

"دووەم نامەی زولەیخا بۆ یوسف"

کاتێ کە بۆ تۆ ئەنووسم
باشترین خامە ئەگرمە دەست
نامەکانم بە ئاڵتوون و بە پیرۆزە ئەنەخشێنم
هەر بە تەنها ناوەکەی خۆم بە خۆڵەمێش ئەنووسم و 
لەپێناوی شکۆی تۆدا دڵ و ناوم ئەسووتێنم 
هەر لەپێناوی تۆدایە هزرەکانم ئەوەرێنم
کاتێ کە تۆ دەرئەکەوی
هەموو دنیا ئەبێ بە ڕۆژ
ئەگەر کات شەوی تاریش بێ
کاتێ لێو بەخەندە ئەبیت
هەرچی داری باخەکەیە گوڵ دەرئەکا
تەنانەت گەر پایزیش بێ
ئەو کاتانەش کە تۆ ئەڕۆی
هەموو شتێ ئەبێتە شەوی بیابان
ئەگەر وەرزی بەهاریش بێ
من تەنها لەڕێی وشەوە بانگت ئەکەم
کە بەناوی جوانی تۆوە چرۆ ئەکەن
من لەم گەوهەرانە زیاتر هیچ شتێکی تر شک نابەم
بیدەم بە تۆ 
کە هەمیشەش هەر هیی خۆتن
لێ هاوڕێ ئەو گەوهەرانە
بە خۆڵەمێشی ناوی ونبووی من
خۆ ئەپۆشن.

"سێیەم نامەی زولەیخا بۆ یوسف"

باشترین نیگارکێشەکانی دنیام بانگ کرد
ماڵەکەم بڕازێننەوە
هەموو تەماشای تۆیان کرد
هەر یەکەیان هەوڵی ئەدا 
بە ڕەنگ و بە مەڕمەڕ و خشت
جوانییەکەت بەرجەستە کا:
باخی گوڵ و باخی میوە
خۆر لە بەلەمی ئاڵتوونییدا
شینەشاهۆ سپییەکان لەناو بووکانی دەریادا
گوڵەمێخەکی ڕەش و شەپۆلی پیرۆزەیی
هەموو ئەو وێنانە تەنها
ڕەنگدانەوەیەکی کاڵ بوون
وەک ڕەنگدانەوەی کزی عوودە شکاوەکەی من
بۆ ئاوازی عیشقی ڕەسەن

دیسانەوە
باشترین نیگارکێشەکانی دنیام بانگ کرد
ماڵەکەم بڕازێننەوە
هەموو تەماشای تۆیان کرد
هەریەکەیان دەستی دایە ئاوێنەیێ
تا ڕوخسارتی تیا دەرکەوێ
هەزاران ئاوێنەی ستیل و ئەڵماس و شووشە
هەریەکەیان تیشکی ئەدایەوە لەوی تردا
ئەو تیشکەی لە ڕووە جوانەکەی تۆوە بردبوویان
هەریەکەشیان چارشێوێک بوو.
ساڵ لەدوای ساڵ
سەیری تابلۆکانم ئەکرد
ئەمڕوانییە ئاوێنەکان
تا ئەو دەمەی جنۆکەکانی بێئومێدی
شەمەندەفەرە خۆڵەمێشییەکەی خۆیان
بەناو سارا بەرینەکانا ڕاکێشا
بەسەر گردەکانا
کۆشکەکەی منیش پڕ بوو لە لم

من چاوانی خۆمم نووقاند
لەمێژە شەکەت و ماندووم
فرمێسک لە چاوما وشک بوو
نە وێنە 
نە ئاوێنەیێ
نە وشەیێ
ئەمێستاکە
هەر دڵۆپە خوێنێکی من
چاوێکە بەبێ چارشێو و 
لە ڕوخسارە جوانەکەی تۆ ڕائەمێنێ.

"نامەی یوسف بۆ زولەیخا"

تکات لێ ئەکەم
چیتر نامەم بۆ مەنووسە
هەموو ڕۆژێ
پەیڤی شیرین ئەبارێنی بەسەرمدا
شیرین وەکو تامی خورما
ماڵەکەم پڕ لە بەرامەی مەرەکەبی ڕەشت ئەکەی
کەزییەکانت لەبەر پێکانما پەرش ئەکەی
ئەزانم تۆ لە خۆر درەوشاوەتریت
لە مانگ گەلێ تابانتریت
خۆشمئەوێی
لێ ئەترسم زەردەخەنەی چاوەکانت
ئاگر لە دڵم بەربدا
فرمێسکت ژاراویم بکا

بڕوا بکە
من بێگەرد نیم
بێگوناه نیم
لێ ئەترسم..

من قەد بە قەدی دارەکانی
کێڵگەکانی گەورەکەم ئەپارێزم
دانە بە دانەی خەرمانەکان ئەژمێرم
بە شەوانیش پەنجەکانم
لە ئەوپەڕی خامۆشییا
یاری بە دەنکەکانی تەزبیحی ئاسمان ئەکەن
وەلێ سێڵاوی عیشقی تۆ
ژماردنم لێ تێک ئەدا
ئەشک دەنکە گەشەکانی تەزبیحەکەم ئەوەرێنێ
عەبا سپییە شیکەکەم ئەدڕێنێ
چ نیگەرانییەکە ئەمە...!
تکات لێ ئەکەم
چیتر نامەم بۆ مەنووسە!

"نامەی فەرهاد بۆ شیرین"

ناو بە ناوێ
مەلێکی جوان دروست ئەکەم
بە خەونە شیرینەکانی خۆم و 
ئاوی چاوم تێری ئەکەم
تا باڵەکانی بەهێز بن
هەڵتگرن و بۆ ئەو باخچەیەت بهێنن
لەژێر بەفرا بۆم چێ کردووی
گوڵ و بۆنی یاسەکانی
بۆنی گۆنا و زەردەخەنەی تۆیان لێ دێ
جۆگە و کانیاو و ئاونگی
لە چاوانی هاوڕێ شەیداکەی خۆتەوە 
هەڵئەقوڵێ
کزەی نەسیمی ساردیشی
ئاه و حەسرەتی ئەم عاشقەیە
وەکو کۆتر بە پەروانە دەور دراوە
(خۆڵەمێشی هەموو دڵە سووتاوەکان)
دار سەرووەکان چاوەڕێن
مۆمەکان لە تیشکی ڕەشی سەسامی دروست بوون
لەوێ بێ هیچ پەیڤینێ ڕێ ئەکەین
منیش لەسەر بەردی زومڕووت
لەودیو ئاسمانەکانەوە
وێنەی ڕووی تۆ هەڵئەکەنم.

"نامەی شیرین بۆ فەرهاد"

خەون بە باخچەیەکەوە ئەبینی
بە ڕووباری شیرینترین شیر ئاوی بدەی
خەون بە ڕوخساری منەوە ئەبینی
لەودیو ئاسمانەکانەوە
لەسەر دەفرێکی زومڕووت هەڵکەنرابێ.

گەر لافی ئەوە لێ ئەدەی
عاشقێکی ڕاستەقینەیت
با هەر دەمارێکت ڕووبارێک بێ
ئەو کاتانەی
خوێنت بەرەو نەبوون وروژم ئەبا
بەتەنها.. گوڵاڵەسوورەکان تێر کا،
کفنەکانی شەهیدانی عیشق.

با هەر دەمارێکت ڕێیەک بێ
بەرەو سەفەری فەنابوون،
توونێلێک بێ لەناو گاشەبەردی بوونا
تا ئەو دەمەی
گەنجی عیشق ئەدۆزیتەوە،
یاقووتی درەوشاوەی زوهد.
هاوڕێم کاتێ
ئاگری ئەو شتانە ئەتفەوتێنێ
ئەبیتە هیی من هەنگینێ.

"نامەی نیگارکێشەکە"
خۆشمئەوێی
برۆکانت
قیبلەگاهی نوێژی منن
کەزییەکانت
یاقووتی گوڵستانمن
تۆ ئەی خۆری ڕۆژگاری من
من تەنها جارێک تۆم دیوە
ویستم ئەو چرکەساتە باڵایە
لە تەواوی تابلۆکەما بەرجەستە کەم
چی سوور هەیە.. واتە ڕەنگی لێوەکانت
چی سپییە.. واتە شەیدابوون بۆ مەمکت
چی ڕەشیشە.. واتە ڕەشیی خاڵەکانت
کە ڕۆژی قیامەتیش هات
ئەم پۆرترێتە لەگەڵ خۆما هەڵئەگرم و 
ئەڵێم: خوایە
هەرچی گوناهمە؛ ئەمەیە.
سەرچاوە:
Nightingales Under the Snow: Poems 
by Annemarie Schimmel




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved