29/8/2018 08:49 AM

نەوەكانی موفتی پێنجوێنی سوپاسی زانكۆی سلێمانی دەكەن

رۆژی 28-8-2018 نەوەكانی موفتی پێنجوێنی بە یاوەری زانا رەحمان قائیمقامی قەزای پێنجوێن و لیژنەی رێكخەرانی فێستیڤاڵی موفتی سەردانی زانكۆی سلێمانیان كردو لەلایەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د.رەزا حەسەن پێشوازییان لێكرا.

لە سەردانەكەیاندا عەتا موفتی بە ناوی نەوەكانی موفتییەوە سوپاسی زانكۆی سلێمانییان كرد بۆ رێكخستنی ئەو كۆنفرانسە زانستییە كە بە كۆنفرانسێكی زۆرباش وەسفیكرد، هیواشی خواست كە بەردەوامبن لە رێكخستنی ئەو كۆنفرانسانە.

پاشان پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د.رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی وتی: زانكۆ بەئەركی خۆی زانیوە بایەخێكی تەواو بەو كەڵە پیاو و رۆشنبیرانەی میلـلەتەكەمان بدات، كە هەوێنی هۆشیاركردنەوەی ئەم گەلە ستەمدیدەیە بوون، كە یەكێك لەو رۆشنبیرە گەورانەی گەلەكەمان مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای موفتییە كە لە سەرەتای سەدەی رابردوو تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم هەمیشە وەك چرایەكی رۆشن لە شەوەزەنگی ئەم نەتەوەیە بانگەواز دەكات بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵكی بۆ خوێندەواركردنی كۆمەڵگەو ناردنی منداڵانی كورد بۆ خوێندن و كردنەوەی خوێندنگاو داواكاری بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری، هەروەها وەك تێكۆشەرێكی بواری سەربەستی ئافرەت و یەكسانی نێوان ژن و پیاو كاری كردووە.

وتیشی: هیوادارم لە ساڵانی ئایندە ئەم كۆنفرانسەو چەندین كۆنفرانسی زانستی گرنگ لە هەموو شارو شارۆچكەكانی كوردستان رێكبخەین، تا بتوانین لەم بۆنانەدا ئەو توێژینەوانە بخرینەڕوو گفتوگۆی زانستی و ئەكادیمی تێروتەسەلیان لەسەر بكرێت، بەئامانجی برەودانی زیاتر بەكایەی رۆشنبیری و هونەری مەعریفی كوردی.

لە كۆتایشدا وەك ئەرك و ماندوبوونی زانكۆی سلێمانی نەوەكانی موفتی پۆرترێتێكی موفتی شاعیریان پێشكەشی زانكۆی سلێمانی كرد.

ئەمەش لەكاتێكدایە لە رۆژانی (18-19-8-2018) لە هۆڵی بۆنەكانی پێنجوێن و هۆڵی وەرزش و لاوان، بە دروشمی (موفتی شاعیری هۆشیاربونەوەو هەڵوێست)، كۆنفرانسی زانستی موفتی پێشكەشكرا كە تێیدا 32 توێژینەوە پێشكەشكران، كۆنفرانسەكە بە هاوبەشی زانكۆی سلێمانی و قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن بەڕێوەچوو.

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved