30/8/2018 08:51 AM

فیلمێکی کوردی کاندیدی شەش خەڵاتە

فیلمی سینەمایی "زاگرۆس" لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد سەهیم عومەر خەلیفە، کاندیدی شەش خەڵاتی "ئینسۆرس"ە لە فێستیڤاڵی فیلمی ئۆستەندا "Oostende Film Festival" کە تایبەتە بە فیلمە بەلژیکییەکان.

فیلمەکە کاندیدی خەڵاتی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین سیناریۆ، باشترین ئەکتەری ژن، باشترین وێنەگرو باشترین پرۆدەکشن دیزاینە.

خەڵاتەکە، بە خەڵاتی ئۆسکاری سینەمای بەلژیکا ناسراوەو بە دوو قۆناغ لەلایەن 400 سینەماکارو رەخنەکارەوە دەنگ لەسەر فیلمەکان دەدرێت، ئەو فیلمەی زۆرترین دەنگی ليژنەی هەڵسەنگاندن بەدەستبهێنێت، دەبێتە براوەی خەڵاتەکە.

چالاکییەکانی فێستیڤاڵی فیلمی ئۆستین لە رۆژانی 7-15 ئەیلول/ سێپتێبەر 2018 لە بەلژیکا بەڕێوەدەچێت و لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا خەڵاتی ئینسۆرس دابەشدەکرێت.

لە لایەکی ترەوە "زاگرۆس" کە بەرهەمێکی هاوبەشی بەلژیکا، هۆڵەنداو کوردستانە، لەرێگەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆکەوە بۆ خەڵاتی ئاسیا پاسفیک سکرین نێردراوەو کاندیدی خەڵاتەکەیە کە بە گرنگترین خەڵاتی سینەمایی لە ئاسیادا دەناسرێت.

ئەمساڵ 12مین خولی دابەشکردنی ئەو خەڵاتە لە 29 تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر 2018 دابەشدەکرێت کە نوێنەری 70 وڵاتی کیشوەری ئاسیاو ئۆقیانۆسی ئارام لەخۆدەگرێت و لە شاری بریزبن لە ئۆسترالیا بەڕێوەدەچێت.

خەڵاتەکە لە ساڵی 2007ەوە بە هاوکاری رێکخراوی یونسکۆو یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ بەرهەمهێنەرانی فیلمە سینەماییەکان دابەشدەکرێت.  

"زاگرۆس" براوەی خەڵاتی باشترین فیلمە لە 35مین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی ئەنۆنایە لە شاری ئەنۆنای لە فەڕەنسا، هەروەها لە 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی گێنت لە بەلجیکا، خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی بەدەستهێنا کە خەڵاتی "Grand Prix" بوو.

ئەم بەرهەمە سینەماییە دوو خەڵاتی تری لە بەشی پێشبڕکێی 18ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئاڕەس لە فەڕەنسا بەدەستهێناوە.

"زاگرۆس" ئەمساڵ بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی فیلمی سینەماییدا کردووە، لەوانە 47مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی رۆتردام لە هۆڵەنداو 14مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەمایی دوبەی کە کاندیدی چوار خەڵات بوو.

ئەم بەرهەمە سینەماییە چیرۆکی شوانێک بە ناوی زاگرۆس دەگێڕێتەوە کە هاوژینی خۆی زۆر خۆشدەوێت، بۆ ئەو کوردستان بەهەشتە، بەڵام هاوژینەکەی هاڤین و کچەکەی رەیهان، روودەکەنە بەلژیکا، دواتر زاگرۆزیش بڕیاردەدات بچێتە ئەو وەڵاتە، بەڵام لەوێ......

سەهیم عومەر خەلیفە، لەرێگەی فیلمەکانییەوە زیاتر لە 1000 خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا وەرگرتووە.

خاك - راگەیاندنی فیلمی "زاگرۆس"





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved