1/9/2018 10:18 AM

هەڵمەتی كوتانی منداڵان دەستپێدەكاتەوە

هەڵمەتی كوتانی منداڵان دژی نەخۆشی سورێژە دەستپێدەكات و 10 رۆژ دەخایەنێت، بەرپرسێكی تەندروستیش دەڵێت زیاتر لە 211 هەزار منداڵ لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین دەكوترێن.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لە راگەیەنراوێكیدا كە وێنەیەكی دەست خاك كەوتووە، رایگەیاند: سبەینێ یەكشەممە 2ی ئەیلولی 2018، وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەڕێی بەڕێوەبەرێتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانییەوە لە شاری سلێمانی، هەڵمەتی نیشتمانی 10 رۆژەی كوتان دژی نەخۆشی سورێژەی منداڵان ئەنجامدەدات.

لەوبارەوە ئیبراهیم ئەحمەد لێپرسراوی هۆبەی پتەوكردنی تەندروستی لە بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی، رایگەیاندووه: هەڵمەتی نیشتمانی 10 رۆژەی كوتان دژی نەخۆشی (MMR) سورێژەی تێكەڵ جێبەجێ دەكرێت تا بەرواری 13ی 9ی 2018 بەردەوامدەبێت تێیدا 211 هەزارو 640 منداڵ دەگرێتەوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی ‌و پارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان ‌و ڕاپەرین كە لەڕێی 265 تیمی تەندروستییەوە بەڕێوەدەچێت.

وتیشی:‌ لە هەڵمەتەكەدا پێویستە منداڵانی تەمەن 9 مانگ بۆ 5 ساڵان بكوترێن، هەروەها هەموو ئەو منداڵانەش دەگرێتەوە كە پێشتر كوتانی بۆ كراوە تەنها ئەو منداڵانە ناگرێتەوە كە پێش مانگێك كوتانی سورێژەی تێكەڵی بۆ ئەنجامدراوە‌، هەروەها دایكان و باوكان دڵنیادەكەینەوە كە لەهەموو ئەو مەڵبەندو بنكانەی كوتانی تێدایە كوتان دەكرێت.

روونیشیكردۆتەوە: هەڵمەتەكە بە هاوكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراقی فیدراڵ ‌و رێكخراوی تەندروستی جیهانی ‌و رێكخراوی یونیسێف، جێبەجێ دەكرێت، ئامانجی هەڵمەتەكەش بۆ پتەوكردنی بەرگری منداڵانی 9 مانگ بۆ 5 ساڵانە لە توشبوون بەسورێژە.

خاك





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved