بەم دواییە نووسەرو سیاستمەدارو دكتۆر فایەق گوڵپی نوێترین كتێبی بڵاوكردۆتەوە بە ناونیشانی (كە لێرەوە سەیری ژیانی خۆم ئەكەم) تایبەت بە بیرەوەریەكانی و خۆی لە بەرگی یەكەمدا دە بینێتەوە(1961-1989)... نووسەر لە پێشەكی كتێبە كەیدا نووسویەتی: چونکە ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و پیشه‌ییم، ره‌نگدانه‌وه‌ی بارودۆخی تایبەتی كوردستان بووه، تۆماركردنی یاداشتی وێستگه گرنگه‌كانی ژیانم، به‌شێكی مێژوی تێكۆشانی پڕ له‌كێشه‌ی گه‌لی كورد پێکدەهێنێت. له‌سه‌ره‌تای ژیانمدا، باوكم بوو بە پێشمەرگە، له شۆڕشی ئه‌یلولدا شه‌هید بوو، له‌نزیكه‌وه ئاگاداری رووداوە هه‌ستیارەکانی شۆڕش بووم، سیاسەتی سەرکردایەتی پ‌د‌ک و شۆڕشم بە لاوە پەسەند نەبوو، دوور لە بەرژەوەندی تایبەتی، به‌پێچه‌وانه‌ی كڵتوری خێڵه‌كی كوردستانه‌وه، لە تەمەنی مێرمنداڵیدا، پشتم لە سیاسەتی شۆڕشی ئەیلول کرد. هەر لە سەرەتای ژیانمەوە، بەرامبەر پێوانەکانی کۆمەڵگەی کلاسیک و رەشبینی، شەڕم راگەیاند، له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی هه‌ژاری گوند بووم، زوو هەتیو کەوتم، بە بێ پشتیوانی مادی و مەعنەوی، قۆناغه‌كانی خوێندنم ته‌واو کرد، تا بووم بە پزیشك چەندان ئاسته‌نگی ئابوریم خستەلاوە. دوای ئەوەی زانكۆم تەواوکرد، دوای وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی به‌كه‌لوریۆس له‌زانستی پزیشكی گشتیدا، له‌بری ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ژیان و گوزه‌رانێكی خۆش بكەم، بۆخۆم بژیم و خانه‌واده هه‌ژاره‌كه‌م بحه‌وێنمه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌ی كڵتووری باوی پێكهاته‌ی پزیشكانه‌وه، خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تیم هه‌ڵبژارد، وه‌ك پزیشكێكی پێشمه‌رگه، رووم له‌شاخ و گونده‌كانی كوردستان كرد، دەستم بە چاره‌سه‌ری بریندار‌و نه‌خۆشی پێشمه‌رگه و، خه‌ڵكی هه‌ژاری كوردستان كرد. به‌پێچه‌وانه‌ی كلتووری باوی خێزان و بنه‌ماڵه‌وه، بووم بە پێشمه‌رگه‌ی هێزێكی سیاسی، چەند مانگێک لەوەوبەر، له‌شه‌ڕی براكوژیدا، ئه‌و هێزه سیاسیه برایه‌كی شه‌هید كردبووم، لە باتی ئەوەی بۆ تۆڵەی براکەم بگەڕیم، دژی ئەو هێزە شەڕ بکەم، لە ریزی پێشمەرگەکانی ئەو هێزە سیاسیەدا چەکی پێشمەرگەیەتیم هەڵگرت. ئاخۆ باری ده‌روونیم لە پێشمەرگایەتیدا چۆن بووبێت؟ چۆن هاوسه‌نگیم له‌نێوان به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و به‌رژه‌وندی تایبه‌تی خۆم و، به‌رژه‌وه‌ندی خانه‌واده‌كەم و حزبه‌كەمدا راگرتبێت؟ كه سێك بووم له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌مدا، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پدك و شۆڕشی ئه‌یلولدا، له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌كانی ینك و شۆڕشی نوێ‌دا، ژیانم پر له‌ناكۆكی و ململانێ و پێكدادان بووە، ڕووبه‌رووی چه‌ندان گیروگرفت بوومەته‌وه، هەموویانم بە هەڵە زانیوە، خۆم بە راست زانیوە، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مای ململانێ و یه‌كگرتن، له‌تێكۆشان سارد نه‌بوومەته‌وه، نە خۆم رادەستی رژێمی داگیرکەر کردەوە، نە خۆم رادەستی سیاسەتی چەوتی سەرکردەکان کرد، به به‌رده‌وامی له‌به‌ره‌ی گه‌لدا بووم. كه‌سێك وه‌ك پزیشك و پێشمه‌رگه، لە ساڵانی ١٩٨٧-١٩٨٨دا، كیمیاباران و ئه‌نفالی دیبێت، خانه‌واده‌كه‌ی به چەکی كیمیاوی كۆمه‌ڵكوژ كرابێت، هه‌زاران برینداری چه‌كی كیمیاوی چاره‌سه‌ركردبێت، خۆی چه‌ند جارێك به‌چه‌كی كیمیاوی بریندار بووبێت، شا‌هیدێكی زیندووی جینۆسایدی گه‌لی كورد بێت، وردبوونه‌وه له ژیانی ئەو کەسە، به‌قۆناغێكی هه‌ستیاری خەباتی گه‌لی كوردت ئاشنات ده‌كات. كه‌سێك ساڵی ١٩٧٥ شكستی شۆڕشی ئه‌یلولی دیبێت، ساڵی ١٩٨٨ پاشه‌كشه‌ی سه‌ربازی و سیاسی شۆڕشی نوێی دیبێت، ئاگاداری هۆكاره‌كانی ئه‌و شكستانه بێت، به‌هەستی خۆی تامی هه‌ڵسانه‌وه و دووباره‌كردنه‌وه‌ی شكسته‌كانی کردبێت، خوێندنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی ژیانی، شاره‌زابوونه له‌مێژووی سه‌ركه‌وتن و شكستی خه‌باتی رزگاریخوازی گه‌لی كورد، هه‌وڵدانه بۆ رێگری له‌دووباره‌بوونه‌وه‌ی شكسته‌كان. له‌نووسینه‌وه‌ی ئه‌م یاده‌ورییه‌دا، هه‌وڵمداوه خۆم به‌كات و شوێنه‌وه پابه‌ند بكه‌م، به‌ڵام له‌هه‌موو بابه‌ته‌كاندا نه‌متوانیوه ئه‌وه ره‌چاو بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ش، هۆكاری تایبه‌ت هه‌ن، په‌یوه‌ندی به‌ئاستی وه‌بیرهاتنه‌وه‌ی رووداوه‌كانه‌وه هه‌یه، ئایا رووداوه‌كانم وه‌ك خۆی له‌بیر ماوه یان پێشووپاشم كردوون. هۆكاری بابه‌تی هه‌یه، كه په‌یوه‌ندی به‌باسی بابه‌ته‌كه‌وه هه‌یه، بۆ نموونه كه باس له‌شێوه‌ی شه‌ڕی ناوخۆی رانه‌گه‌ینراو (تیرۆری هزری و جەستەیی) ده‌كه‌م، هه‌مووی پێكه‌وه باس ده‌كه‌م، به‌دواداچوونی كاتم ره‌چاو نه‌كردوه، شوێنم ره‌چاو نه‌كردوه. كه باسی په‌یداكردنی ده‌رمان و به‌كارهێنانی ده‌رمان ده‌كه‌م، خۆم به‌كات و شوێنی تایبه‌ته‌وه نه‌به‌ستۆتەوە. له‌نووسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كاندا، به‌ته‌نیا ڕووی گەشی خۆم و هەڵویستی جوانی بەرپرسەکانم نه‌خستۆته‌ڕوو، هه‌ردوو دیوی جوان و ناشیرینی، ژیان و تێكۆشانی خۆم و هاوڕێ و بەرپرسەکانم نیشانداوە. لە نووسینەوەی ئەم یادەوەرییەمدا، تەنها باسی خۆمم نەکردووە، باسی سەدان پێشمەرگەو کادر و شەهید و بریندارم کردووە. لە نووسینەوەی یادەوەرییەکانمدا، سەرباسی زۆرم داناوە، ئامانجم ئەوەیە سەرنجی خوێنەر بۆ هەستیاری بابەتەکە راکێشم. كاتێك باس له‌پێشمه‌رگه‌و كه‌سایه‌تی و سه‌ركرده‌كانی شۆڕشی گه‌لی كورد ده‌كه‌م، وشه‌ی شه‌هیدو ره‌حمه‌تی به‌كارناهێنم، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌كته‌رانه له‌و كاته‌دا له‌ژیاندا ماون، بۆ ئەوانەشی لە خۆم گەورەتر بوون یان بەرپرسم بوون کاک و بەڕێزم بەکارنەهێناوە، ئەوە ئەتەکێتی نووسینە، بێڕێزیی نییە. له‌هه‌ڵسه‌نگاندنی رووداوه‌كاندا، بێجگه لە بۆچوون و ئه‌زمونی تایبه‌تی خۆم، سوودم له‌فه‌لسه‌فه‌ی ماركسیزم و هزری سیاسی عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالان وه‌رگرتووه. ئه‌م كتێبه به‌شی یه‌كه‌می یاده‌وه‌رییه‌كانمه، ئه‌و به‌شه‌یه كه من تیایدا بڕیاری سیاسیم به‌ده‌ست نه‌بووه، بڕیارم بۆ هاتووه‌و جێبه‌جێم كردووه، یان بە بڕیارەکە رازی نەبووم. ئه‌م كتێبه، یاده‌وه‌ریی ته‌مه‌نی منداڵی و مێرمنداڵی و گه‌نجیمه، سه‌رده‌می به‌رخۆدانمه به‌رامبه‌ر به‌سیاسه‌تی شۆڤێنی رژێمه تۆتالیتاریه‌كانی عێراق. به‌و هیوایه‌ی بتوانم به‌شی دووه‌می یاده‌وه‌رییه‌كانم تۆمار بكه‌م، له‌به‌شی دووه‌می یاده‌وه‌رییه‌كانمدا، له‌ڕووی ته‌مه‌نه‌وه هه‌ڵكشاوم، له‌سه‌رده‌مێكدایه گه‌لی كورد له‌هه‌رێمی كوردستاندا بۆته خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات، منیش له‌ئاستێكی سنورداردا بڕیار به‌ده‌ست بووم. خاك
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure