3/9/2018 06:09 PM

حەسەن پاشا

ئامەد_ژینۆ عەبدولڵا

 شاری ئامەدی باكوری كوردستان، بە مێژووترین و دێرینترین شارستانیەتی جیهان دادەنرێت، یەكێك لەو ناوچە شوێنەواریانە (حەسەن پاشایە) دەكەوێتە ناوچەی مێژوویی سور(قەڵای ئامەد) بەرامبەر مزگەوتی گەورەی شارەكە.
شوێنەواری حەسەن پاشا كە وەك خان  و كاروانسەرای بەكارهاتووە بنیاتنانی ماوەی چواری ساڵی خایاندوە (1572-1575)، لەلایەن حەسەن پاشا والی ئامەدەوە دروستكراوە.
ئێستا ئەم شوێنە بۆتە ناوچەیەكی گەشتیاری فراوان كە پێكهاتوە لە دووكان و منارەو قەیسەری لەسەر دیزان و ستایلی  شامی و لەدوریشەوە پێكهاتەیەكی بازنەیی شێوە قەڵای دێرینی هەیە.
لەحەسەن پاشا خۆشترین نانی بەیانی و زۆرترین جۆری نان خواردنت بۆ دەهێنن و لەم دیمەنە مێژووی و دێرینەشدا خۆشیەكی بێ وێنە دەبەخشێتە گەشتیاران  وەك خۆیان ئەڵێن قاوەڵتیەكی بەتام بۆ میوانان و گەشتیاران ئامادە دەكەن.
حەسەن پاشا لە دوو نهۆم پێكهاتووە، بێجگە لەشوێنی قاوەڵتی و قاوەخانە، چێشتخانە و چایخانەكانیش بە شێوەی دیزان كۆن و سادە دروستكراوە كە سەرنجی گەشتیاران ڕادەكێشێت.
 دوكانەكانی تر بۆ  فرۆشتنی جلوبەرگ و  بۆن و تابلۆ و بابەتی مێژوویی تەرخانكراوە.   
مامەند ئەبوبەكر دەرچووی بەشی سینەماو تەلەفزێۆنی زانكۆی ئیستەنبول بوو، دەربارەی حەسەن پاشا ئاماژەی بەوەكرد، دیمەنی دڵڕفێنی ئەم شوێنە شەوانە، زیاتر دەردەكەوێت بە تایبەت كاتێك گۆرانی و میوزك و سترانی كوردی دەچڕن و تا بەرەبەیان میوانان و گەشتیاران دڵخۆش دەكەن.
كاتێك سەردانی حەسەن پاشا دەكەیت بەبینینی دیزاین و ستایلی دوكانەكاندا مێژووە دێرینەكەی پارێزراوەو تاڕادەیەكی زۆر یادەوریت دەگێڕێتەوە بۆ ئەو سەردەم و مێژووە دێرینە.










زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved