قوباد تاڵه‌بانی: ده‌یسه‌لمێنین سلێمانی پایته‌ختی رۆشنبیرییه
رۆژی 10-9-2018 دیداری سلێمانی بۆ فیلم له ته‌لاری هونه‌ر له شاری سلێمانی ده‌ستیپێكرد، كه وەزارەتی رۆشنبیری و دەزگای میدیايی كوردسات به‌ڕێوه‌ى ده‌به‌ن و ماوه‌ی 5 رۆژ دەخایه‌نێت. له دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ ده‌كرێت له‌سه‌ر قه‌یرانی فیلمی سینه‌مای كوردی كه تێیدا چه‌ند شاره‌زایه‌كی بواری سینه‌مای به‌شداری ده‌كه‌ن و چه‌ندین فیلم بۆ یه‌كه‌مجار نمایش ده‌كرێت و ماوه‌ی 5 رۆژ ده‌خايه‌نێت و دواتر مێزگردێك بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر قه‌یرانی فیلمی سینه‌ما ئه‌نجامده‌درێت له‌میانه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی دیداری سلێمانی بۆ فێستیڤاڵی فیلم، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی پێشكه‌شكردو وتى: به‌ڕێوه‌چوونی دیداری سلێمانی بۆ فێستیڤاڵی فیلم گرنگییه‌كی تایبه‌تی بۆ كورد به‌گشتی هه‌یه، به‌تایبه‌تتر بۆ شاری سلێمانی، به‌وپێیه‌ی نه‌ك ته‌نها به ناو، به‌ڵكو به كرده‌وه ده‌یسه‌لمێنێت كه شاری سلێمانی پایته‌ختی رۆشنبیرییه. وتیشی: گرنگه سینه‌ماكارانی جیهان بانگهێشتی كوردستان بكرێن و سوودیان لێ وه‌ربگیرێت. هه‌روه‌ها روونیشیكرده‌وه، له‌ڕێگه‌ی سینه‌ماوه ده‌توانین چیرۆك و ئازار‌و ژیانی كوردستان به جیهان بناسێنین. هه‌ربۆیه كارده‌كه‌ین به به‌ستنه‌وه‌ی سینه‌مای كوردستان به سینه‌ماكانی جیهانه‌وه. قوباد تاڵه‌بانی وتیشی: گرنگه گه‌شه بده‌ین به بواری سینه‌ما له كوردستان، چونكه له‌و رێگه‌یه‌وه پێویستمان به هه‌زاران كۆمپانیای گواستنه‌وه‌و ئه‌كته‌رو هونه‌رمه‌ندو كارمه‌ند ده‌بێت، كه ئه‌مه‌ش ده‌بێته هه‌لی كار بۆ هه‌زاران گه‌نجی كورد. راشیگه‌یاند: حكومه‌ت پشتگیری بواری سینه‌مای كردووه، خۆشحاڵیشم فیلمسازی له زانكۆكانی كوردستان ده‌خوێنرێت و كادر له‌سه‌ر پێشكه‌وتووترین میكانیزم پێده‌گه‌یه‌نرێت. قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، شانازی به‌و ئه‌كته‌رو هونه‌رمه‌نده كوردانه ده‌كه‌م كه رێچكه‌یان بڕیوه‌و له فێستیڤاڵه جیهانییه‌كان به‌شداریان كردووه‌و بڕوانامه‌یان له‌و بواره به‌ده‌ستهێناوه، پێویسته پشتیوانی ئه‌وجۆره كه‌سانه بین و رێزیان لێبگرین تا به‌ره‌و پێشتر بڕۆن. روونیشیكرده‌وه، تامه‌زرۆم بزانم ئه‌نجامی ئه‌م دیداره چییه، گوێبیستی تێبینی و قسه‌كانتان بم له‌سه‌ری، چونكه ئێوه پسپۆڕن له‌و بواره‌داو ئێوه ده‌توانن هه‌ڵیبسه‌نگێنن و به‌ره‌و پێشتری ببه‌ن. خاك - لانه كاشان فۆتۆ/ گۆران قادر
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure