12/9/2018 12:29 PM

خولێك بۆ توندوتۆڵكردنی په‌یوه‌ندی هاوسه‌ران و په‌روه‌رده‌ی منداڵان

رێكخراوی هیوا فاونده‌یشن خولێكی بۆ هاوسه‌ران كردووه‌ته‌وه‌ له‌ژێر ناوی (پاكێجی هۆشیاری خێزانی) به‌ مه‌به‌ستی به‌رده‌وام توندوتۆڵكردنی په‌یوه‌ندی نێوان هاوسه‌ران و هه‌روه‌ها په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی و ته‌ندروست.

خوله‌كه‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك به‌رده‌وام بووه‌و ژماره‌یه‌ك هاوسه‌ر به‌شدارییان تێدا كردووه‌، كه‌ تێیدا چه‌ند ته‌وه‌رێكی خێزانی روونكراونه‌ته‌وه‌و له‌ كۆتاییشدا بڕوانامه‌ی به‌شداربوون و چه‌ند كتێب و نامیلكه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی به‌سه‌ر ئه‌و (هاوسه‌ران) دایك و باوكانه‌ی به‌شداربوون دابه‌شكراوه‌.

له‌باره‌ی خوله‌كه‌وه‌، هه‌ڵات سابیر سه‌عید كه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌شداربووه‌، به‌ سایتی خاك-ی راگه‌یاند: خوله‌كه‌ له‌لایه‌ن دوو مامۆستای شاره‌زاوه‌ ده‌وترانه‌وه‌، ئه‌وانیش هه‌ریه‌ك له‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د خالید و مامۆستا شیاو نه‌ورۆڵی بوون، كه‌ هه‌ردووكیان ماسته‌ریان هه‌یه‌ له‌بواری راوێژی خێزان و په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ.

وتیشی: ئه‌وكاته‌ی هاوسه‌ران هه‌ستده‌كه‌ن وه‌كو جاران هه‌ستیان بۆ یه‌ك نه‌ماوه‌ چۆن په‌ره‌ی پێبده‌نه‌وه‌، چۆن خۆشه‌ویستی و په‌یوه‌ندی نێوانمان به‌رده‌وام نوێبكه‌ینه‌وه‌، وه‌كو دایك و باوك پێویسته‌ چی بكه‌ین تاوه‌كو منداڵه‌كانمان به‌ باشترین شێوه‌ په‌روه‌رده‌ بكه‌ین و خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێز بێت و چۆنێتی خۆپاراستنی له‌ ده‌ستدرێژی و زانیاری پێدان سه‌باره‌ت به‌ ره‌گه‌زو جه‌سته‌یی. هه‌موو ئه‌مانه‌و چه‌ندین بابه‌تی تری خێزانی و په‌روه‌رده‌یی له‌و خوله‌دا روونكراونه‌ته‌وه‌.

بۆ وه‌رگرتنی زانیاری زیاتر له‌باره‌ی خوله‌كه‌و چۆنێتی پرسی خێزانی و په‌روه‌رده‌یی، ئێواره‌ی رۆژی 13-9-2018 له‌ به‌رنامه‌ی گۆڤاری سایتی خاك ته‌وه‌رێكی تایبه‌ت به‌م باسه‌ ئاماده‌كراوه‌.

خاك - لانه‌ كاشان







created by Avesta Group and powered by Microsoft Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved