12/9/2018 04:01 PM

باخی گشتی ڕۆژژمێری شار

باخی گشتی شاری سلێمانی لەساڵی ١٩٣٧ دروستکراوە، بەپانتایی ١٢ دۆنم زەوی کە ٣٠ مەتردووجا دەکات ،موتەسەریفی ئەوکاتە مەجید یاقووبی بووە کەخەڵکی کەرکوکی بووە هەروەها.مەحموود ئەفەندیش کە هەر خەڵکی سلێمانی بووە موهەندیس و سەرۆکی شارەوانی ئەوکاتە بووە سەبارەت بە شێوازی دروستکردنی ئەم باخەوکارکردن تێیدا ئەوکاتەی کە ئەم باخە دروستکراوە ئەم ناوچەیە شوێنێکی چۆڵەوانی و قەراغ شاربووە تەنها گەڕەکەکانی ئابڵاخ و کانێسکان هەبوون،هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم ناوچەیەش بۆ دروستکردنی باخێکی لەم شیوەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەرچاوەی  ئاوی کارێزی کانێسکان بەم ناوچەیەدا تێ پەڕبووە و توانراوە بۆ باخداری سودی لێ وەربگیرێت دوای لەئیستاداو دوای دروستکردنی پارکی ئازادی ئەم سەرچاوەی ئاوە نەماوە.


بیرۆکەی دروستکردنی ئەم باخە بە پێی سەرچاوەکان ،دڵسۆزان و خەمخۆرانی ئەم شارە بووە و دیزاینەکەی بەریتانی بووە ،یەکەم باخەوان لەم باخەدا کاری کردبێت بە ناوی (مامە ڕەحمان) کە لەشاری موسڵەوە هاتۆتە سلێمانی و لە بنچینەدا ئیرانی بووە ، تاساڵی حەفتاکان لێپرسراوی ئەم باخەبووە دوای کۆچی دوایی و لەمەراسیمێکی تایبەتدا ساڵی ٢٠١٠ پەردە لەسەر پەیکەری ئەم باخەوانە دڵسۆزەی شار لادراوەوخەڵاتی ڕێز و ماندووبوون بە خانەوادەکەی بەخشراوە.

ئەم باخە لە کۆندا شێوازەکەی هەمان پانتایی ئێستا بووە ، سیاجەکەی تەختە بووە دواتر بووە بە ئاسن کە تائیستاش بەشێکی ئەو سیاجە بە تۆکمەیی و باشیەکەوە ماوە
جۆری دارودرەختەکانی ئەم باخە بریتی بوون لە ، توو،سورەچنار، سنەوبەر، قەزوان کە تائیستا هەندێک لەو درەختانە بوونیان هەیە کەتەمەنیان ٤٥ بۆ ٦٥
ساڵە و لەبەردەرکی سەرا تا دووڕیانەکەی سەرچنار سەربە باخی گشتی یە.

جگە لە باخی گشتی لەم شارەدا دووباخی دیکە بونیان هەبووە ئەوانیش ، باخی شێخ لەتیف دانساز ئەم باخە تاکەکەسی بووە نەک گشتی بەڵام بەناو بانگ بووە کەوتۆتە  دەستاڕەکە و لە ئیستادا بۆتە ناوچەیەکی پیشەسازی ئەوی دیکەیان باخی چوارباخ بووە کە تائیستاش بوونی هەیە.

سەبارەت بە گرنگی ئەم باخە لە مێژووی شاری سلێمانی داو پێشوازی ئەوساو ئیستای خەڵک ساماڵ شەوکەت فتاح/ بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پێشکەوتوو و لێپرسراوی باخی گشتی وتی:
باخی گشتی ، جاران پێیان دەوت باخی میللی،ڕۆژانی شەممە خەڵک زیاترسەردانی ئەم باخەی دەکرد و زیاتریش خەڵکی شارەکە خۆی بووبەعەرەبانە دەهاتن،لەناوەڕاستی ئەم باخەدا حەوزوفواریەکی هەبووکەتا ئێستاش ئاسەوارەکەی ماوە،یاپراخیان دەهێناو و دانیشتن چوارشەممان کرابوو بە خێزانی وەک ناوچەیەکی گەشتیاری وابوو ئاهەنگ تایبەت و پێشانگای جۆراو جۆری تێدا دەکرا.

لە کۆنداو لە ئیستاشدا زۆربەی شاعیران و ئەدیبان سەردانی ئەم باخەیان کردووەودێڕە هۆنراوەکانیان لە نێو سەوزی و جوانی ئەم باخەدا هۆنیوەتەوە بەپێی قسەی ساماڵ شەوکەت لێپرسراوی ئەم باخە بەهۆی ئەو شاعیرانەوە ئەم شارە بۆتە ناوجەرگەی ڕۆشنبیری و ئەدەب ئەو شاعیرانەی دەهاتنە ئەم باخە
وەک ( شێرکۆ بێکەس،فایەق بێکەس ، دیلان،چەنەندین کەسایەتی تری شارەکە)
لەئیستاشدا نوسەران و ئەدیبان بەردەوام دێنە ئەم باخە.
ساماڵ سەوکەت ئاماژەی بەوەشدا کە:  فرۆشتنی خواردەمەنی لەکۆنداو لەم باخەدا قەدەغە بووە تا پێش ڕاپەڕین ، بەڵام لە ئیستادا دەرگاکان کراوەن بەڕووی فرۆشیاراندا ، بەڵام ئەوەی جیی نیگەرانی یە  ئەوەیە فرۆشیاران بەشێوازێکی ناتەندروست دێنە ئەم باخەو گوڵ و نەمامەکان دەشکێنرێت بەتایبەت ئەو فرۆشیارانەی لە ناوچەکانی دیکەوە هاتوون ،
ئەوان وەک لێپرسراوی ئەم باخە هەوڵیان داوە سیمای جوانی شارەکە لە گەڵ گۆڕانی مۆدێرنەوسەردەمە جیاوازەکاندا وەک خۆی بپارێزنن بەڵام داواش دەکەن چیتر ئەوبازاڕی فرۆشیاریە لەوێدا نەمێنێت بۆ ئەوەی داب و نەریتەکۆنەکانی شار بگەڕێتەوە ، جگە لەوەی پەیکەری چەندین شاعیروکەسایەتی دانراون بەڵام لێپرسراوی ئەم باخە پێی وایە ئەم پەیکەرانە بونەتە ڕێگر لەبەردەم کارەکانی ئەوانداوپێشنیار دەکەن کە هەر یەکێک لە ڕێڕەوی ناوباخەکان بکرایە بەناوی شاعیرەکانەوەوپەیکەرەکان لە نێویاندا دابنرایە،هەروەها داواش دەکات ئەوکەرەستانەی بۆ منداڵان و یاریە وەرزشی یەکان کەسەرجەمیان بێ بەرامبەرە هاوڵاتیان بیپارێزن هەرچەندە بەشێکی زۆری ئەوکەل و پەلانە شکێنراون و لەناوچوون.
لەم باخەدا ماڵی کۆترەکانیش بوونی هەیە کە بیرۆکەی ڕێبواری دەلاکە لەوێ وەک دیمەنێکی جوان دانراون و ماڵی کراون، کە خەڵکی بۆ وێنەگرتن و بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی دەکەن. 

خاک- تانیائاوارە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved