ئایا مافی منداڵان له‌ده‌ستی كۆمه‌ڵگادایه؟ یان له‌ده‌ستی خێزانه‌كاندایه؟ یان له‌ده‌ستی ماڵی دووه‌م (خوێندنگا)یه؟ له‌وباره‌یه‌وه، بورهان عه‌بدولڕه‌حمان چالاكوان له‌بواری مافه‌كانی منداڵان به سایتی خاك-ی راگه‌یاند: منداڵ چه‌نده گرنگ و پێویسته بۆ خێزانه‌كان، ئه‌وه‌نده‌ش بۆ كۆمه‌ڵگا پێویست و گرنگه. بۆیه ده‌بێت دایكان و باوگان زۆر به وریاییه‌وه په‌روه‌رده‌یان بكه‌ن تاوه‌كو كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ندروست و وشیار به‌رهه‌مبهێنن. وتیشی: منداڵ له كۆمه‌ڵگا رۆژهه‌ڵاتییه‌كان به‌گشتی و كوردستان به‌تایبه‌تی، تائێستا منداڵی خێزانه، كه له‌ڕاستیدا نابێت ته‌نها هی خێزان بێت، به‌ڵكو ده‌بێت منداڵی كۆمه‌ڵگاو مرۆڤایه‌تیش بێت. سه‌باره‌ت به ته‌مه‌نی وه‌رگرتن و فێربوونی منداڵ، ئه‌و چالاكوانه وتی: سه‌ره‌كیترین ته‌مه‌نی منداڵ بۆ په‌روه‌رده‌كردن و فێركردنی بنه‌ما سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیان و مافه‌كانیان تا ته‌مه‌نی 6 ساڵییه، ئه‌م ته‌مه‌نه قۆناغی وه‌رگرتنی زانیاری و فێربوونی منداڵه. له‌م قۆناغه‌دا منداڵ چی وه‌ربگرێت له ته‌مه‌نه‌كانی دواتردا ئه‌وه‌ش ده‌داته‌وه. بۆ نموونه خۆشه‌ویستی و رێز فێرببێت كه گه‌وره‌بووش به‌وشێوه‌یه ده‌بێت، ئه‌گه‌ر رق و توڕه‌بوون و هه‌ڵسوكه‌وتی هه‌ڵه وه‌ربگرێت له گه‌وره‌ییشدا كه‌سێكی باش نابێت. به‌ڵام له‌ته‌مه‌نی 8 تا 14 ساڵی منداڵ وه‌رگر نابێت، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت خۆی بسه‌پێنێت و به‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیدا زاڵ‌بێت. ورده‌كاری زیاتریشی خسته‌ڕوو وتی: ده‌بێت به شێوازێكی گونجاو و به سیستم منداڵ فێربكرێت. به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ندێك خێزان به‌وشێوه‌یه نین، بۆ نموونه له ته‌مه‌نی زۆر منداڵی‌دا به چه‌ندین شێوه هه‌وڵی له‌گه‌ڵ ده‌ده‌ن تا منداڵه‌كه زوو فێری قسه‌كردن بێت، به‌ڵام كاتێك فێرده‌بێت بێده‌نگی ده‌كه‌ن و ناهێڵن قسه‌بكات و ناخی خۆی بكاته‌وه، كه ئه‌مه كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر فێربوون و مێشكی منداڵه‌كه جێده‌هێڵێت. بۆ وه‌رگرتنی زانیاری زیاتر‌و روونكردنه‌وه‌ی زیاتر سه‌باره‌ت به فێربوونی منداڵ، له به‌رنامه‌ی گۆڤار ئه‌م پرسه تاووتوێده‌كرێت. بۆبینینی به‌رنامه‌كه كلیكی ئێره بكه. خاك - كاشان
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure