20/9/2018 03:26 PM

مەرزییەی فەریقی

خە لیل عەبدوللا
مەرزییەی فەریقی خانمە هونەرمەندێكی دیاری كوردستانە‌و لەرێی هونەری گۆرانییەوە خزمەتێكی زۆری بەگەل‌و نیشتمانەكەی كردووە.(مەزرییە شەهاب عەبدوڵڵا) ناوی تەواوی ئەو هونەرمەندەیە‌و لەدنیای هونەردا بەمەرزییەی فەریقی ناسراوە.رۆژی 22ی ئایاری 1958 لەشاری مەریوانی خۆرهەڵاتی كوردستان لەدایك بووە.بەڵام بەرەچەڵەك خەڵكی شاری سنەن.
لەشارەكانی مەریوان‌و سنە قۆناغەكانی خوێندنی تەواو كردووە‌و بڕوانامەی دبلۆمی پەروەردەیی بەدەستهێناوە‌و بۆتە مامۆستا.مەرزییە هەر لەتەمەنی گەنجی‌و خوێندكارییەوە خولیای هونەر بەگشتی‌و هونەری گۆرانی بەتایبەتی بووە‌و لەیاد‌و بۆنەكاندا لە قوتابخانە گۆرانی گوتوە.
بۆ یەكەمجار لەتەمەنی نۆ ساڵیدا گۆرانی (لەسەر كانی دێتەوە)ی فەتانەی وەلیدی لەسەر شانۆی قۆتابخانەكەی گوتۆتەوە‌و مامۆستایان‌و خوێندكاران بەدەنگە بەسۆزەكەی سەرسام بوون.
ساڵی 1978 لەگەڵ هونەرمەندی ناسراو ناسری رەزازی زەماوەند ئەكات‌و دواتر لەساڵی 1980 پێكەوە ئەبن بە پێشمەرگەی كۆمەڵە‌و لەخەباتیشدا وەك دوو هونەرمەند‌و دوو پێشمەرگە لەرێی هونەرەوە خزمەت بەخەبات‌و تێكۆشانی گەلی كوردستان ئەكەن، سرووودە شۆڕشگێڕییەكانیان رۆڵی دیارییان لە جۆشدانی خەباتی كوردایەتی لەسەرانسەری كوردستانی گەورەدا هەبووە.
ساڵی 1985 لەگەڵ رەزازی روو ئەكەنە وڵاتی سوید‌و لەوێ‌ وەك پەنابەر لە وڵاتی غەریبی ئەگیرسێنەوە.لەو غەریبیش لەخەمی هونەری گەلەكەیدا ئەبێ‌‌و چەندین گۆرانی تۆمار ئەكات.فەریقی خاوەنی چەندین سروود‌و گۆرانی ناوازەیە كە بەدەنگە خۆش‌و بەسۆزەكەی چڕیونی.بەداخەوە ئەم خانمە هونەرمەندەی كورد لەرۆژی 18ی ئەیلولی 2005 لەستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید بۆ یەكجاری چاوەكانی لێكنا‌و ماڵئاوایی كرد‌و رۆژانی دواتر لەشاری سلێمانی لەرێو رەسمێكی شایستەدا بەخاك سپێردرا.
بەڵام سروود‌و گۆرانییە بەرزەكانی هەمیشە بەنەمری ئەیهێڵنەوە.درودی رێزو وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاكی مەرزییە فەریقیی تێكۆشەر‌و هونەرمەند.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved