22/9/2018 09:36 AM

پەیامێك بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئاشتییەوە

لە رۆژی جیهانی ئاشتیدا داوا دەكرێت بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی و ئاشتەوایی ناكۆكی و دژواری سیاسی و ململانێی وەلابنرێت تا هەمووان بەشداربن لە بونیادنانی عیراقێكی ئاشتی و پێكەوەژیاندا.

 
بە ناوی خودای گەورەو میهرەبان      
كەسوكارانی ئازیزمان لە نیشتیمان
سڵاوی ئاشتی و پێكەوە ژیانتان لێبێت

لەمرۆژە پیرۆزو مێژووییەدا بە ناوی ئەمینداری گشتی و ئەمیندارێتی گشتی رێكخراوی ئاشتی جیهانی  پیرۆزبایی گەرمتان لێدەكەم و خوازیارم كە هەمیشە لێبووردەو دڵپاك و بەخشندە بن، ڕۆژى (21-9) لە جیهاندا یادی دەكرێتەوە كە رۆژی ئاشتی جیهانیە، لەلایەن كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دیاریكراوە بۆ پشتگیری و وچان لەپێناو دەستەبەركردنی ئاشتیدا بۆ جیهان پشتبەست بەبڕیاری (67/36)دا تا بیرو هزری مرۆڤەكان  وڵاتان لە جیهاندا رۆشن بكات بە پابەندبوون بە ئاشتی و بەشداریكردن لە پرۆسەی ئاشتیدا. كەسوكارانی ئازیزمان ئێمە نەوەی ئادەم و حەواین هەموومان گۆشكراوین بە سۆزو خوشەویستی و بڕوای مرۆڤایەتی هەربۆیە پێویستە لەسەرمان كە لێبوردەبین و تۆڵەو رق وەلابنێین و ڕێز لەو كەس و لایەنانە بگرین كە دەبنە دوژمنمان و بە ئەندازەی رقیان خۆشەویستیان پێببەخشین تا دەروونیان رزگاربكەین لە نشێوی بۆ ئەوەی پێكەوە ژیان فەراهەم بكەین لە وڵاتدا.

پاراستنی مافی كەمە نەتەوایەتیەكان و ئایینیەكان لە عیراقدا ئەركی سەرشانی هەرسێ دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان و دادەوەریە، پاشان رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و هاووڵاتیان بەگشتی، دابینكردنی قوتی ژیان بۆ هاووڵاتیان و بەرجەستەكردنی ئازادی بۆیان بەپێی دەستوورو یاسا پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی و دەروونی و ئابووری و چاكسازی تاوانكارییە لە كۆمەڵگادا، ئێمە وەكو ڕێكخراوی ئاشتی جیهانی لێرەوە پشتیوانی لە حكومەتە نیشتمانیەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان و دامودەزگاكانی ئاسایش و ناوخۆ، حكومەتە خۆجییەكان دەكەین بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی و ئاشتەوایی.

هەروەها لێرەوە داوا دەكەین لە قەوارە سیاسیەكانی وڵات هاوكارو پشتی یەكتر بن بۆ قەڵاچۆكردنی تیرۆرو پاراستنی شكۆمەندی دەستوورو سەروەری یاسا، خوازیارین كە ناكۆكی و دژواری سیاسی و ململانێی وەلا بنرێت تا هەمووان بەشداربن لە بونیادنانی عیراقێكی ئاشتی و پێكەوەژیاندا.                                                                                                                                  

هەر بمێنن بە ئاشتی و سەرفراز بن بۆ خزمەتكردنی مرۆڤایەتی.

مافناس رەنج باراوی          
باڵیۆزی ئاشتی             
خزمەتكارو كوڕی خۆتان          
I.O.P


خاك



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved