22/9/2018 09:44 AM

خوێندنی باڵا میكانیزمی تاقیكردنەوەی پەرەپێدانی ئینگلیزی راگەیاند

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە ماوەی رابردوو بڕیاریدا بە كردنەوەی خولی پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی بۆ كاندیدانی خوێندنی ماستەرو دكتۆراو خوازیارانی نازناوی زانستی كە تاقیكردنەوەی ستانداردی نێودەوڵەتیان ئەنجامداوە، بەڵام نمرەی پێویستیان بەپێی رێنماییەكان بەدەست نەهێناوە.

لەو چوارچێوەیەداو بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ ڕێكخستن و بەڕێوەچوونی ڕۆژی تاقیكردنەوەو دیاریكردنی ئاستەكان، لە دیوانی وەزارەت بە سەرپەرشتی د.ئامانج سەعید ڕاوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، كۆبونەوەیەكی فراوان لەنێوان سێنتەرەكانی زمانی ئینگلیزی و ڕێكخراوی (AMIDEAST)ی ئەمریكی بەڕێوەچوو، لەبەر ڕۆشنایی ڕێنمایی ژمارە (٥) ی ساڵی (٢٠١٨)كۆمەڵێك بڕیارو ڕێنمایی دەركرا.

لە كۆبونەوەكەدا كە بە ئامادەبوونی م.فوئاد عەلی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی توێژینەوەو پەرەپێدان و كریستۆڤەر لیدلۆ سەرپەرشتیاری رێكخراوی ئیمیدیست لە كوردستان و عیراق و بەڕێوەبەری سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكانی (سەڵاحەدین – سلێمانی – دهۆك – راپەڕین) بەڕێوەچوو، گفتوگۆ دەربارەی هەنگاوەكانی كردنەوەی ئەو خولانە لە پارێزگاكانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆك و ئیدارەی گەرمیان) كراو بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.

عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند: لە بەشی یەكەمی كۆبونەوەكە كە لەگەڵ سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكانی (سەڵاحەددین/هەولێر – سلێمانی – دهۆك  و ڕاپەڕین) بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی پێداویستیەكان و میكانزمەكانی بەڕێوەچوونی خولەكە كرد، بۆ ئەوەش چەند پێشنیازێكیان گەڵاڵەكرد.

وتیشی: لە بەشی دووەمی كۆبونەوەكەدا، كە بە سەرپەرشتی وەزارەت لەنێوان بەڕێوەبەری سێنتەرەكانی زمان و رێكخراوی (AMIDEAST)ی قازانج نەویستی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو، رێوشوێنی پێویست دانرا بۆ بەڕێوەچوونی ناو تۆماركردنی كاندیدەكان و ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی دیاریكردنی ئاستەكان لە سێنتەرەكانی زمان.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی باسی لە وردەكاری بڕیارەكان كردو وتی: كۆبونەوەكە گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:

1. سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكانی (سەڵاحەددین/هەولێر – سلێمانی – دهۆك  و ڕاپەڕین) دیاریكران بۆ رۆژی ئەنجامدانی تاقیكردنەوە بۆ دیاریكردنی ئاستەكان.

2. رێكەوتی (24/9/2018) دوا وادەیە بۆ خۆتۆماركردن لە یەكێك لەو سێنتەرانەی سەرەوە.

3. تاقیكردنەوەكە بۆ سەرجەم كاندیدەكانی ماستەرو دكتۆراو خوێندكارانی دكتۆرایە‌ جا چ لە كەرتی حكومی بن یا تایبەت كاربكەن، لەهەمانكاتدا خوازیارانی بەدەستهێنانی نازناوی زانستی و كاندیدانی بۆردی كوردستانی ساڵی (2016-2017) و (2017-2018) دەگرێتەوە.

4. خوازیار مەرجە یەكێك لە تاقیكردنەوەكانی (IELTS, TOEFL, PTE) ئەنجامدابێت، یان پێش ڕێكەوتی ئەنجامی تاقیكردنەوەی دیاریكردنی ئاست، خۆی بۆ یەكێك لەو تاقیكردنەوانە تۆمار كردبێت.

5. ئەنجامی یەكێك لە تاقیكردنەوەكانی (IELTS, TOEFL, PTE)، لەگەڵ ئەنجامی ئەو تاقیكردنەوەیەی لە ڕێكەوتی (26/9/2018) بەڕێوەدەچێت دەبێتە بنەمای سەرەكی بۆ دیاریكردنی ئاست (Level) و ماوەی خولی زمانی ئینگلیزی كاندیدەكان.

6. پێویستە خوازیار بەر لە رێكەوتی ئەنجامدانی ڕۆژی تاقیكردنەوه، فەرمانی زانكۆیی كاندیدبونی لە سەرۆكایەتی زانكۆكانیان وەربگرنەوە.

7. پێویستە خوازیاران تا ڕێكەوتی (24/9/2018) وێنەیەك لە فەرمانی زانكۆیی كاندیدبون و ئەنجامی یەكێك لە تاقیكردنەوەكانی (IELTS, TOEFL, PTE) كە ئەنجامیداوە، یان پسولەی پارەدانی خۆتۆماركردن لە یەكێك لە تاقیكردنەوەكانی (IELTS, TOEFL, PTE) پێشكەش بە بەڕێوەبەرایەتی سێنتەرەكانی زمان، كە لە سەرەوە ئاماژەیان پێدراوە بكات.

8. بۆ ئەو كاندیدانەی پێش رێكەوتی (26-9-2018) تاقیكردنەوەی  (IELTS, TOEFL, PTE)یان ئەنجامداوە بەڵام تائێستا ئەنجامی تاقیكردنەوەكەیان وەرنەگرتۆتەوە، ئەوا دەتوانن وێنەیەك لە پسولەی تاقیكردنەوە پێشكەش بە سێنتەری زمان لە زانكۆكانی (سەڵاحەدین، سلێمانی، دهۆك، راپەرین) بكەن، بۆ بە مەبەستی ناو تۆماركردنیان بۆ تاقیكردنەوەی دەستنیشانكردنی ئاستەكانیان بە مەرجێك بەلێننامە پێشكەش بكەن كەوا تا رێكەوتی (5/10/2018) ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی (IELTS, TOEFL, PTE) پێشكەش بەو سێنتەرانە‌ بكەن، بەپێچەوانەوە هەر ئەنجامێك بكەوێتە دوای ئەم رێكەوتە، ئەوا لەم كۆرسەی ئێستا بێبەش دەبێت و دەكەوێتە كۆرسەكانی داهاتوو.

9. ئەو كاندیدانەی تا ڕێكەوتی (26-9-2018) هیچ جۆرە تاقیكردنەوەیەكی (IELTS, TOEFL, PTE)یان ئەنجام نەدابێت و دواتر یەكێك لە تاقیكردنەوە ستاندارەكان ئەنجامبدەن بۆیان هەیە دوای تەواوبوونی ئەم خولەو لە خولی داهاتوی پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی بەشداربن بەمەرجێك ماوەی (1) یەك سال تێپەرنەكات لە ڕێكەوتی تەواوبوونی ماوەی یاسایی دوایین درێژكردنەوەی پێشووی (واتە بە شێوەیەكی گشتی ماوەی (3) ساڵ تێپەرنەكات لە ڕێكەوتی دەرچوونی فەرمانی كاندیدبونی).

10. ئەگەر خوازیارێك پێشتر یەكێك لە تاقیكردنەوەكانی (IELTS, TOEFL, PTE) ئەنجامدابێت، بەڵام ماوەی بەسەرچوبێت، دەتوانێ تاقیكردنەوەی دیكە نەكات، بەڵام  بەمەرجێك پەسند دەكرێت، ئەگەر بڕوانامەكەی لەلایەن زانكۆكەی ڕاستاندن (Verification of Authenticity)ی بۆ كرابێت، بەپێچەوانەوە دەبێ تاقیكردنەوەكە ئەنجام بداتەوە.

11. بڕوانامەكانی سێنتەرەكانی زمان كە بۆ وەرگرتن لە دكتۆرا لە ساڵی (٢٠١٥) بۆ بەشداریكردن لە تاقیكردنەوەی دیاریكردنی ئاستی زانستی پێشكەشكرابوون، مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێ.

12. كاندیدانی ماستەرو دكتۆراو خوازیارانی بەدەستهێنانی نازناوی زانستی ئازادن لە چ زانكۆیەك (سەڵاحەددین/ هەولێر ، سلێمانی، دهۆك، ڕاپەڕین) پێداویستیەكانیان پێشكەش بكەن و تاقیكردنەوەكە ئەنجامبدەن. بەڵام بۆ كەمكردنەوەی فشار لەسەر سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكانی سەڵاحەددین و سلێمانی وا باشترە دانیشتوانی قەزای (سۆران و كۆیە) خۆیان لە سێنتەری زمان زانكۆی ڕاپەڕین تۆماربكەن.

13. ماوەی خوێندن لەهەر ئاستێك تائێستا بڕیاری لێنەدراوە، بەڵكو دوای بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكان لە سەنتەرەكانی زمان، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بە هاوكاری ڕێكخراوی (AMIDEAST) و سەنتەری زمانی زاكۆكان دوا بڕیاری لەسەر دەدات.

14. تاقیكردنەوەكە لە سەعات (10:00)ی بەیانی ڕێكەوتی (26/9/2018) لە یەك كاتدا لە سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكانی (سەڵاحەددین/ هەولێر ، سلێمانی، دهۆك، ڕاپەڕین) بەڕێوەدەچێت، بۆیە دەبێ خوازیاران بە (30) خولەك پێشتر لە شوێنی دیاریكراو ئامادەبن.

15. وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی تێچووی بەڕێوەچوونی خولەكان بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆو دەزگاو دامەزراوەكانی سەر بە وەزارەت دەگرێتە ئەستۆ.

16.پێداویستیەكان بۆ ڕۆژی تاقیكردنەوەی دیاریكردنی ئاست بریتین لە: قەڵەم جاف ڕەنگی  شین، ناسنامەیەك كە وێنەی بەشداربووی لەسەر بێت.

17.ئامێرە ئەلیكترۆنیەكان بەتایبەت مۆبایل ڕێگەپێدراو نیە بۆ هۆڵەكانی تاقیكردنەوە.


خاك - بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved