زۆربه‌ی دایكان و باوكان ڕوبه‌ڕووی كێشه‌ی كه‌م خواردن و كه‌می ئیشتهای منداڵان ده‌بنه‌وه، به‌تایبه‌ت له ته‌مه‌نی 2 تا 8 ساڵان و نازانن چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م حاڵه‌ته‌دا بكه‌ن. له‌وباره‌یه‌وه، د.كامه‌ران ڕه‌سوڵ ژاژڵه‌یی پسپۆڕی زانستی خۆراك و نه‌شته‌رگه‌ری گشتی هۆكارو چاره‌سه‌ری ئه‌م حاڵه‌ته‌ی به سایتی خاك ڕاگه‌یاند: هۆكاره‌كانی كه‌می ئیشتیها له منداڵاندا چه‌ند خاڵێكه كه واده‌كات نان نه‌خۆن، ئه‌وانیش: 1- ئازار وه‌ك له‌كاتی ددانی تازه‌دا، برینداربوونی زمان و ناو لێو به‌هۆی ڤایرۆسه‌وه، ئازار‌و پێچی ناوسك، قه‌بزی به‌رده‌وام. 2- په‌تاو هه‌ڵامه‌ت، هه‌وكردنی له‌وزه‌تێنی درێژخایه‌ن یان دووباره‌بوو، هه‌وكردنی گوێی ناوه‌ڕاست. 3- به‌زه‌حمه‌ت پارو قوتدان وه‌ك گه‌وره‌بوونی له‌وزه‌تێن، ئه‌دینوێد. 4- ترس و دڵه‌ڕاوكێ بۆ نموونه له خوێندگا یان بوونی ئاژاوه‌و ناكۆكی و شه‌ڕی نێوان دایك و باوك. 5- پێدانی خواردنێك كه منداڵه‌كه حه‌زی لێنه‌كات. 6- خواردنی پسكیت و چپس و شیرینی و شه‌ربه‌ت و خواردنه‌وه گازیه‌كان به‌تایبه‌ت ماوه‌یه‌كی كه‌م پێش ژه‌مه‌كان. 7- شێوازی هه‌ڵه له مامه‌ڵه‌كردن له‌كاتی خواردن: وه‌ك توڕه‌بوون له منداڵ یان لێدانی بۆ ئه‌وه‌ی به زۆر نان بخوات یان لۆمه‌كردنی كاتی خواردن. 8- كه‌می جوڵه‌و سستی منداڵ به‌هۆی زۆر سه‌یركردنی ته‌له‌فزیۆن یان به‌كارهێنانی ئایپادو مۆبایله‌وه. 9- زۆر پێدانی شیر به‌تایبه‌ت پاش ته‌مه‌نی یه‌ك ساڵ و لێ نه‌بڕینه‌وه‌ی شیر پاش دوو ساڵ له‌گه‌ڵ دره‌نگ پێدانی خواردن به منداڵ (پێویسته دوای چوار مانگی شۆرباو سریلاك بدرێت به منداڵ). 10- شه‌ونخوونی پێویسته منداڵی ته‌مه‌ن 12 ساڵ شه‌وانه نۆ سه‌عات بخه‌وێت له هه‌موو وه‌رزه‌كاندا. 11- گرنگی نه‌دان به منداڵ و یاری نه‌كردن له‌گه‌ڵی و به‌جێهێشتنی بۆ ماوه‌ی زۆر به‌ته‌نها. 12- هه‌ندێكجار منداڵه‌كه نه‌خواردن وه‌ك شێوازێك به‌كاریده‌هێنێت بۆ سه‌رنجڕاكێشانی دایك و باوك. 13- بوونی كرمی ڕیخۆڵه، هه‌ندێك هه‌وكردنی گه‌ده‌و ڕیخۆڵه‌كان. چاره‌سه‌ر: * دووركه‌وتنه‌وه له عینادی كردن له‌گه‌ڵ منداڵ تا به‌زۆر خواردن بخوات. * به‌زۆری ئه‌و خواردنانه‌ی بۆ ئاماده‌بكات كه حه‌زی لێده‌كات به‌مه‌رجێك خۆراكی ته‌ندروست بێت. * ئاماده‌كردنی خواردن به شێوازی سه‌رنجڕاكێش و ڕازانده‌وه‌ی و پێدانی خواردنی تازه. * هاندانی منداڵ بۆ نموونه پێیبڵێ ئه‌گه‌ر بۆ هه‌فته‌یه‌ك خواردن بخوێت یارییه‌كی تازه‌ی وه‌ك پاسكیل یان بووكێكی تازه‌ت بۆ ئه‌كڕم یان ئه‌تبه‌م بۆ شوێنی یاریكردن، به‌ڵام به‌ڵێنه‌كه‌ت جێبه‌جێ بكه. * له قاپێكی گه‌وره بڕێكی كه‌م خواردنی بۆ تێبكه، یان له یه‌ك قاپدا به‌یه‌كه‌وه بیخۆن. * فێری مه‌كه به‌رامبه‌ر ته‌له‌فزیۆن و ئایپاد و مۆبایله‌وه خواردن بخوات، تۆش مۆبایل به‌كارمه‌هێنه له‌كاتی خواردنی منداڵه‌كه‌تدا به‌ڵكو قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه. * پێدانی شروبی ڤیتامین بی كۆمپلێكس و زنك و ڤیتامین دی له‌ژێر چاودێری پزیشك. * به‌كارنه‌هێنانی شروبی ئیشتیها به‌بێ ڕێنمایی پزیشكی پسپۆڕ. خاك – تانیا ئاواره
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure