24/9/2018 04:43 PM

پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا

 

كتێبی "پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا"  لێكۆڵینەوەیەكی مێژوویی، سیاسییە لەسەر قۆناغەكانی پڕۆسەی ئاشتی و دیالۆگ لەنێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و توركیایە، كە بە وردی ئاماژە بە گشت ئەو پڕۆسانە دەكات، كە لەساڵانی نێوان 1992 تاكو 2015 لە توركیا بەمەبەستی ئاشتەوایی و چارەسەریی پرسی كورد هاتۆتەئاراوە، هەروەها بە وردی باس لە رۆڵی نێوەندگیریی هەرێمی كوردستان لە دەستپێكردن و هاوكاریكردنی پڕۆسەی ئاشتەوایی لە توركیا كراوە.
كتێبەكە لە دوو توێی 342 لاپەڕە پێكدێت، كە جەخت لە پێگەی هەرێمی كوردستان و  سەركردایەتی كورد لە باشوور دەكات، كە رۆڵ و ئەركی نێوەندگیرییان لە قۆناغەكانی پڕۆسەی ئاشتییدا كردووە، بەتایبەت لە ساڵانی 1992 تاكو 2015 كە چەند پڕۆسەیەكی نهێنی و ئاشكرا بۆ ئاشتەوایی لە توركیا گێڕاویانە و هاوكاری سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی بوون. ئەم رۆڵ و ئەركەش لەسەردەستی مام جەلال دەستپێدەكات و دواتریش لە غیابی ئەودا، نێچیرڤان بارزانی رۆڵی گێڕاوە.
لەم لێكۆڵینەوەیەدا گفتوگۆ لەگەڵ بەشێك لە كەسایەتییە گرنگەكان كراوە، هەندێكیان لە هەرێمی كوردستان بوون و هەندێكیتریان لە توركیان لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە گفتوگۆم لەگەڵ سازكردون. سەرجەمیان كەسانی پەیوەست بە پڕۆسەكانی ئاشتی بوون، كە وەك شایەتحاڵی پڕۆسەی ئاشتی بوون و تەنانەت هەندێكیان راستەوخۆ  رۆڵیان لە پڕۆسەكانی ئاشتی لەنێوان پەكەكە و توركیا گێڕاوە. 

لە لێدوانێكی هێژا دڵشاد نوسەری كتێبەكە بۆ خاك وتی "لەماوەی رابردوودا هەرێمی كوردستان لایەنێكی پڕۆسەی ئاشتی بووە، كە زیاتر رۆڵی نێوەندگیریی بینیووە، بۆیە هەمیشە لەدیدی توركیاوە، هەرێمی كوردستان،لایەنێك بوە گفتوگۆی لەگەڵ كراوەو داواشی لێكراوە كە هاوكار و پشتیوانی پڕۆسەی ئاشتی بكات، سەركردەكانی كوردستانی باشووریش ئەوەی لە توانایاندا بووە بۆ ئاشتی و چارەسەری پرسی كورد بەڕێگەی دیالۆگ و دوور لە شەڕ كۆششی بۆ كردووە، ئەوەش بۆ یەكەمجار لەسەردەستی مام جەلال هەوڵێكی جدی نرا بۆ ئاشتەوایی كە ساڵانێك بوو پەیامی ئاشتەوایی بە هەریەك لە توركیا و پەكەكە داوە، لە خیابی ئەویشدا، نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆڵی نێوەندگیریی لە نێوان پەكەكە و توركیا گێڕاوە".
نوسەر وتیشی "لەو پڕۆسانەشدا توانراوە ئاگربەست رابگەیەنرێت و هەر جارەو قۆناغێكی نوێ بۆ گفتوگۆكردن و لەیەك تێگەیشتنێكی نوێ‌ بۆ پڕۆسەكە كراوە، هەوڵەكان گەرچی هەندێكجار گوماناوی بوبێت یاخود جێی رەخنەی لایەنەكان بوبێت، دواجار ئامانج لێی چارەسەری پرسی كورد بووە كە بەڕێگەی ئاشتییانە كۆتایی بەو شەڕە بهێنرێت"

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved