26/9/2018 03:20 PM

پاییزی نیشتیمان

"پاییزی نیشتیمان"
شیعرێکی شاعیری ئەفغانی "واسف باختەری" بە وەرگێڕانی"ئازاد بەرزنجی" 
بەبۆنەی سەرەتای پاییزەوە.


"پاییزی نیشتیمان"

ئەمە پاییزی منە یاخود دڵ یا نیشتیمان
ئەمە پاییزی گوڵە یاخود ڕۆح و یا ڕەیحان
لەچاوی شەوی دەیجوورا
مناڵەکان بە غەمگینی و بەبێ چرا
کزکز وەک مەل هەڵنیشتوون و 
لە ئایندەی کۆڵانی پڕ کونەپەپوو ئەڕوانن و 
لاوەکانیش سترانی کۆچ و غەریبی
بۆ خۆشەویستانیان ئەچڕن
ئەمە چ غوبارێکە وا لەبری تارا
کراوەتە سەر سەری تۆ نیشتیمانم
چ غوبارێکە بەری بیناییتی گرتووە و 
هیچ درەختێ درەختەکەی درواسێی ناناسێتەوە 
ئەو هەرایە.. ئاهەنگی قەلەڕەش و داڵە
یا ڕەشبەڵەکی ئەو مەڕە بەندییانەی
خەون بە گژوگیای بەهارەوە ئەبینن و 
ئەبنە بەردەباز بۆ نەوەکانی تاریکستان
ئەمە کوێربوونی ئاوەزە
یاخود زەماوەندی پەزە
دڵم یەکپارچە کەسەرە ئەی نیشتیمان
بۆ تۆیەکی لەتوپەت و ئەنجن ئەنجن
بۆ تۆیەکی بەپەندکراوی دەستی
دۆست و هەم دوژمن
تۆ ئێستاکە 
کاڵایەکی و لەبازاڕا هەڕاج ئەکرێی
تۆ هەر ڕۆژە و بۆ لای کڕیارێک ئەبرێی
هەرچەند ئەکەم ناتدۆزمەوە
نە لەسەر زەوی و نە ئاسمان
من نازانم ئەوە منم بووم بە خەزان
منم بووم بە گەڵاڕێزان
یا تۆی هەتیوکەوتووی بێکەس و
تۆی ئازیزی لەدەستچووی من
ئەی نیشتیمان؟!!




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved