27/9/2018 08:56 AM

خوێندنی باڵا: رێكخراوەكان مافی بەخشینی دكتۆرای فەخرییان نییە

وەزارەتی خوێندنی باڵا رایدەگەیەنێت، كۆمەڵەو رێكخراوەكان مافی ئەوەیان نیە بروانامەی دكتۆرای فەخری ببەخشن.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێكدا رایگەیاندووه: هیچ كۆمەڵ و ڕێكخراوێك بۆی نیە بڕوانامەی دكتۆرای فەخری ببەخشێت و هەر رێكخراو و كۆمەڵەیەكیش ئەمكارەی ئەنجامدابێت روبەرووی یاسای دەكەینەوە.

عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتی: ماوەیەكە ڕێكخراوێك بەناوی فورات بۆ ئاشتی جیهانی لە هەرێمی كوردستان، بڕوامانەی دكتۆرای فەخری دەبەخشێت، لێرەوە بۆ ڕای گشتی رایدەگەیەنین ئەم ڕێكخراوە دوورو نزیك پەیوەندی بە وەزارەتەكەمانەوە نیەو مافی ئەوەیان نیە بڕوانامەی دكتۆرای فەخری ببەخشێت، تەنها دەتوانێت لە چوارچێوەی كاری ڕێكخراوەییان خەڵات و بڕوانامەی ڕێزلێنان ببەخشن، بەخشینی بڕوانامەی دكتۆرای فەخری كاری دامودەزگا ئەكادیمییەكانە كە تەنها وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئەو مافەی هەیە ئەم بڕوانامەیە ببەخشێت.

عەباس ئەكرەم راشیگەیاند: وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە بەرامبەر دابەشكردنی بڕوانامەی بەناو دكتۆرای فەخری، كاربەدەستانی ڕێكخراوەكە روبەرووی یاسا دەكاتەوەو سكاڵای یاساییان لەسەر تۆماردەكات.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتیشی: بەپێویستی دەزانین بۆ رای گشتی رابگەیەنین و داوا لە كەسایەتیەكان و كاربەدەستان بكەین، بەناوی وەرگرتنی بڕوانامەی دكتۆرای فەخری نەكەونە ژێر كاریگەری ئەمجۆرە ڕێكخراوانە، وەك وەزارەتەكەمان داوایان لێدەكەین ناو و ناوبانگی خۆیان بپارێزن و بە وەرگرتنی بڕوانامەی ساختە بە ناوی دكتۆرای فەخری كەسایەتییان بپارێزن.

خاك - راگەیاندنی خوێندنی باڵا 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved