4/10/2018 09:09 AM

هۆكارو چاره‌سه‌ری دڵه‌ڕاوكێی و دابڕان

حاڵه‌تی توشبوون به‌ دڵه‌ڕاوكێیه‌كی زۆرو زیاد له‌پێویست له‌كاتی دابڕان له‌ كه‌سی نزیك كه‌ تاك زۆر هۆگربووه‌ پێوه‌ی، وه‌ك دابڕانی كاتی له‌ (دایك، باوك، خوشك و برا، یا هه‌ركه‌سێك كه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ زۆر هۆگر بووبێت پێوه‌ی). ئه‌م نه‌خۆشییه‌ به‌زۆری له‌ ته‌مه‌نی نێوان 8 مانگ بۆ 3 ساڵ ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام له‌ ته‌مه‌نه‌كانی تری منداڵی، هه‌رزه‌كاری و ته‌نانه‌ت له‌ گه‌وره‌شدا ده‌بینرێت.

هۆكارو چاره‌سه‌ری ئه‌م حاڵه‌ته‌ چییه‌؟ له‌وباره‌یه‌وه‌ د.هێمن فاتح حه‌مه‌كریم پزیشكی پسپۆڕی ده‌روونی به‌ سایتی خاكی راگه‌یاند: هۆكاری ئه‌م نه‌خۆشییه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌:

1- نه‌خۆشه‌كه‌ ترسێكی زۆری هه‌یه‌ له‌ دابڕان یان پێشێلكردنی له‌لایه‌ن كه‌سێكی نزیكیه‌وه‌.
2- ترسێكی زیاد له‌پێویست له‌ له‌ده‌ستدان یان زیانلێكه‌وتنی كه‌سانی نزیكی وه‌ك برینداربوون، كه‌وتنه‌خواره‌وه‌و مردن.
3- ترس و نیگه‌رانی زۆر له‌ به‌سه‌رهاتنی ڕووداوی ناخۆش وه‌ك ونبوون، ڕفاندن، ڕووداو و نه‌خۆشكه‌وتن.
4- ترس له‌ ده‌رچوون له‌ ماڵ له‌ترسی جیابوونه‌وه‌ له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی.
5- ترسێكی زۆر له‌ ته‌نها بوون، یاخود له‌ نه‌بوونی كه‌سێكی نزیك له‌لای.
6- ترس له‌ نوستن له‌ شوێنێك دوور له‌ كه‌سی نزیك.
7- خه‌وی ناخۆش بینین ده‌رباره‌ی جیابوونه‌وه‌ له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كان.
8- زۆرجار نیشانه‌ی یه‌كێك یان زیاتر له‌ نیشانه‌كانی وه‌ك ئازاری گه‌ده‌، ڕشانه‌وه‌، سه‌رئێشه‌و هێڵنجدانه‌وه‌یان ده‌بێت.
9- نیشانه‌كان لانی كه‌م 4 هه‌فته‌ له‌ منداڵ و 6 مانگ له‌ گه‌وره‌دا ده‌خایه‌نێت و مه‌رج نیه‌ هه‌موو نیشانه‌كان له‌ كه‌سێكدا هه‌بن و ته‌نها سێ نیشانه‌ به‌سه‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشییه‌كه‌، هه‌روه‌ها نه‌خۆشییه‌كه‌ ده‌بێته‌ هۆی دواكه‌وتنی له‌ڕووی خوێندن كارو لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌.

چاره‌سه‌ر:
بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌ په‌نا ده‌برێته‌به‌ر چاره‌سه‌ری هزری، چاره‌سه‌ری ڕه‌فتاری و هه‌ندێكجار ده‌رمان.


خاك – تانیا ئاواره‌



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved