7/10/2018 09:15 AM

ئه‌ڵمانیا.. گه‌وره‌ترین كه‌رنه‌ڤاڵی كتێب به‌ڕێوه‌ده‌چێت

حه‌فتا هه‌مین كه‌رنه‌ڤاڵی كتێب له‌سه‌ر ئاستی جیهان له‌ فرانكفۆرتی ئه‌ڵمانیا  به‌ڕێوه‌ده‌چێت

70 هه‌مین پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی كتیبی فرانكفۆرت كه‌ به‌ گه‌وره‌ترین كه‌رنه‌ڤاڵی كتێب له‌سه‌ر ئاستی جیهان ده‌ژمێررێت و 100 وڵات به‌شداری تیدا ده‌كات و پێشبینیش ده‌كرێ 280 هه‌زار میوان ڕووی تێبكات، له‌نێوان رۆژانی 10- 14ی تشرینی یه‌كه‌م له‌ شاری فرانكفۆرتی ئه‌لمانیا كه‌ به‌ شاری شاعیری گه‌وره‌ی ئه‌لمانیا "گوته‌" ناسراوه‌ چالاكيیه‌كانی ده‌ستپێده‌كات و خانه‌ی كوردیش به‌ سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی هه‌رێمی كوردستان بڕیاره‌ به‌شداری تێدا بكات.

له‌م پێشانگایه‌دا له‌سه‌ر ئاستی جیهان نزیكه‌ی 10هه‌زار رۆژنامه‌نووس به‌شداری تێدا ده‌كات و بڕیاریشه‌ ڕۆژی 9ی مانگ واته‌ ڕۆژێك به‌ر له‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكان له‌ به‌رده‌م میوانه‌كاندا له‌ كه‌نیسه‌ی پاوڵ به‌ به‌شداری فرانك ڤالته‌ر شاینمایه‌ری سه‌رۆكی ئه‌ڵمانیاو نوسه‌ری گه‌وره‌ی كرواتیا "ئیڤاناساكجۆ" و چه‌ندین نوسه‌ری به‌ناوبانگی خاوه‌ن نۆبڵ و خه‌لاته‌ جیهانیه‌كان و سه‌رۆكی جۆرجیا ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی پێشانگاكه‌ ڕابگه‌یه‌ندرێت.

شایانی باسه‌ ئه‌مساڵ میوانی شه‌ره‌ف ولاتی جۆرجیایه‌و پانتایی پێشانگای ئه‌مساڵ 170 هه‌زار مه‌تری چوار گۆشه‌یه‌و 7 هه‌زارو سه‌د نمایشی به‌ 400 هه‌زار ناونیشانی جۆراوجۆری كتیب و دیكۆمینت و نه‌خشه‌و ده‌ستنووس و وێنه‌یی ژماره‌یی وه‌ك كتێبی ده‌نگی و ئه‌لكترۆنی و بابه‌تی جیاجیای له‌خۆبگرێت. هه‌ر له‌ پێشانگای ئه‌مساڵدا تیشك ده‌خرێته‌سه‌ر به‌رهه‌می نووسه‌رانی ولاتی جۆرجیا میوانی شه‌ره‌فی ئه‌مساڵ و  تیایدا كلتورو رۆشنبیری ئه‌م ولاته‌ نمایشده‌كرێت و خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی ئه‌ڵمانی تیا پێشكه‌شده‌كرێت، جگه‌له‌وه‌ی پێشانگای فرانكفۆرت بۆ نوسه‌ران و بریكاری كتیبخانه‌كان و ئه‌مینداره‌كانی كتیبخانه‌و هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كارو به‌رهه‌مهێنه‌رانی فیلم و وه‌رگێڕو چاپ و نووسه‌ره‌كانیان له‌گه‌ڵ نمایشی بازاڕی چاپه‌مه‌نی و پانتایی گرێبه‌ستی ڕۆشنبیری و چاپه‌مه‌نی و ساخكردنه‌وه‌ی ته‌كنۆلۆژیای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌بێته‌ كه‌رنه‌ڤاڵ و به‌سه‌ركردنه‌وه‌و ئاڵوگۆری بیروڕا.

له‌ ڕاگه‌یاندنێكی پیشانگای كتیبی نێوده‌وڵه‌تی فرانكفۆرتدا به‌بۆنه‌ی ده‌ستپێكردنی چالاكیيه‌كانی ئه‌مساڵییه‌وه‌ هاتووه‌، له‌ یادی 70 ساڵه‌ی پێشانگای نیوده‌وڵه‌تی كتێبی فرانكفۆرت پێشانگاكه‌ له‌به‌رده‌م خۆێنه‌ری كتیب له‌سه‌ر ئاستی جیهان و نوسه‌ران و پیشه‌سازی بڵاوكردنه‌وه‌دا ده‌كرێته‌وه‌و  له‌ پێشانگای ئه‌مساڵدا به‌ چه‌ندین دیبه‌یت و كۆبونه‌وه‌و گرێبه‌ست گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و شتانه‌ ده‌كرێت كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌و زانیاریه‌ ژماره‌ییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی جهیان به‌و بابه‌تانه‌شه‌وه‌ كه‌ تایبه‌تمه‌نده‌ به‌ چاپ و نووسه‌رانه‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ پێشانگای فرانكفۆرت له‌هه‌مانكاتدا بازاڕێكی نێوده‌وڵه‌تی گه‌وره‌یه‌و جێی بایه‌خ و مانایه‌كی گه‌وره‌ی له‌ پانتایی ڕۆشنبیریدا له‌سه‌ر ئاستی جیهان هه‌یه‌ جگه‌ له‌ زانیاری و ڤێستیڤاڵی گه‌وره‌و پێشوازی له‌ جۆرجیا وه‌ك میوانی شه‌ره‌ف و ئاشنابوون به‌ ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری ئه‌و وڵاته‌.

سه‌باره‌ت به‌ "خانه‌ی كوردی" ڕۆژنامه‌نووس یوسف مه‌نتك كه‌ خۆبه‌خشانه‌ هه‌ڵسوڕاوی خانه‌ی كوردیه‌ وتى: ئه‌مساڵیش خانه‌ی كوردی چالاكییه‌كانی له‌ پێشانگای نیوده‌وڵه‌تی فرانكفۆرت له‌ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌یه‌و د.سه‌روه‌ر عه‌بدوڵڵا سه‌رپه‌رشتی ده‌كات و بڕیارش بوو ژماره‌یه‌ك ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی له‌ كوردستانه‌وه‌ به‌شداری تێدابكات، به‌ڵام تائێستا ڕون نییه‌ كێشه‌ی ڤیزه‌یان ته‌واو ده‌بێ یان نا.

سه‌باره‌ت به‌ چالاكییه‌كانیش وتی: خانه‌ی كوردی به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ پانتاییه‌كی بچوكه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ند ده‌زگایه‌ك بڕیاره‌ به‌شداری تیدا بكه‌ن به‌ هاوكاری چه‌ندین نوسه‌رو ڕوناكبیر بڕیاره‌ چه‌ند چالاكیه‌كی تیا ئه‌نجامبده‌ین، وتیشی: هیواداری ئاسته‌نگ له‌سه‌ر هاتنی ده‌زگاكانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان دروست نه‌بیت و بتوانن بگه‌نه‌ پێشانگاكه‌.

له‌دوای شه‌ری داعش و تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌ ئابوریه‌كان كورد ده‌بێ چۆن سود له‌م ده‌رفه‌ته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ وه‌رگرێ:

٭  له‌دوای شه‌ری داعش و كۆتایی هێنان به‌ قه‌یرانی ئابوری كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ده‌زگایه‌كی تایبه‌ت بۆ‌به‌شداریكردنی ساڵانه‌ له‌و پێشانگایه‌دا دروستكرێت و بودجه‌ی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان بكرێت:

٭ ساڵانه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و میوانانه‌ی سه‌ردانی ئه‌م پێشانگایه‌ ده‌كه‌ن بازرگانی ئه‌و بواره‌ن و سه‌دان گرێبه‌ستی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی تیائیمزا ده‌كه‌ن وتازه‌ترین ته‌كنۆلۆژیای چاپ وبلاوكردنه‌وه‌ ئاماده‌بونی ده‌بێ.بۆیه‌ ئاماده‌بونی كورد گرنگه‌.

٭ پێویسته‌ ساڵانه‌ ڕۆژنامه‌ نووسانی كوردستان نوسه‌رانی داهێنه‌رو به‌رهه‌مه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان به‌شدار بن.

*گرنگه‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری له‌دوای تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانی ئابووری كوردستان ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ گرنگه‌ له‌كیس نه‌دات و گرنگیشه‌ ساڵانه‌ شاكاره‌كانی كتیبی كوردی وه‌رگێڕێته‌ سه‌ر زمانه‌كانی دنیاو له‌م پیشانگایه‌دا نمایشی بكات و بیخاته‌ كتێبخانه‌كانی جیهانه‌وه‌..

*پێویسته‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری هه‌رێمی كوردستان ده‌زگایه‌كی تایبه‌ت وبودجه‌ی تایبه‌ت و وه‌رگێری تایبه‌تی زمانه‌ جیاجیاو زیندوكانی جیهان ئاماده‌بكات بۆ وه‌رگیڕانی شاكارو به‌رهه‌مه‌ كوردییه‌كان تاساڵانه‌ بیانكاته‌ باڵوێزی قه‌ڵه‌می كوردی و گه‌یاندنی تواناو شاكاره‌كانی كورد به‌میلله‌تانی جیهان چونكه‌ به‌ته‌نیا نمایشی كتیبی كوردی ئامانجه‌كه‌ ناپێكێ.

*پێویسته‌ ساڵانه‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری سه‌كۆی پانێل بۆ كتیب و ڕۆشنبیری و ڕه‌وشی سیاسی كوردستان له‌و ده‌رفه‌ته‌دا له‌به‌رده‌م رۆژنامه‌نوسان و نوسه‌رانی جیهاندا ئاماده‌بكات و وه‌رگێریان بۆ زمانه‌كان بۆ ئاماده‌بكات وله‌ریگه‌ی كه‌ناڵه‌كانی ئه‌ڵمانیاوه‌ به‌تایبه‌تی هاوشێوه‌ی زۆر پانێل كه‌كه‌سایه‌تیه‌كان ده‌یكه‌ن و رۆژانی پیشانگا كه‌ناڵه‌كان ڕاسته‌وخۆ هه‌ریه‌كێك له‌و پانێلانه‌ ده‌گوازنه‌وه‌.

*زۆر گرنگه‌ له‌م كوڵانی قه‌یران و ڕوداوه‌گه‌رمانه‌ی كوردستان و ناوچه‌كه‌و دنیادا  به‌تایبه‌تی شه‌ری قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌دژی تیرۆرستان له‌ده‌رفه‌تیكی وادا پسپۆڕانی ئه‌ڵمانی ئه‌مریكی فه‌ره‌نسی وئه‌وروپی به‌گشتی بانگهێشت بكرین بۆ به‌رێوه‌بردنی پانێل و قسه‌كردن له‌سه‌ر كلتوری كورد به‌درێژایی مێژوو.

*وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری هه‌قه‌ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ به‌هه‌ند وه‌ربگرێت و دوای ئه‌زمونی چه‌ند ساڵه‌ی به‌شداریكردن به‌رچاوی ڕونبێت كه‌گرنگترین چالاكی ده‌بێ به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌رساڵانه‌ هه‌رساله‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له‌نوسه‌ران هونه‌رمه‌ندان ڕۆژنامه‌نوسان و ڕۆشنبیران و خاوه‌ن قه‌له‌م و خاوه‌ن شاكارو داهێنانه‌كان بێنیته‌ ناو ئه‌م ئه‌زمونه‌ جیهانیه‌وه‌و بیانكاته‌ سه‌فیری ڕوناكبیری كوردی له‌و پانتاییه‌ جیهانیه‌ ڕۆشنگه‌ریه‌دا.

*ده‌ستپێشكه‌ری خه‌لاتی رێزلێنانی وه‌زیری رۆشنبیری خالدحسێن  سالانی پێشتر كه‌ بۆرۆژنامه‌ نوسانی كرد له‌مه‌ودواو له‌وكه‌رنه‌ڤاڵه‌دا بكرێته‌ نه‌ریتێك وبه‌فراوانتر ساڵانه‌ ئه‌نجام بدرێت.بێگومان له‌ساڵانی ڕابردودا قه‌یرانه‌ ئابوریه‌كان و شه‌ری داعش بواره‌كانی به‌شداریكه‌ردنێكی كارای كوردستانی له‌م پێشانگایه‌دا ته‌سك كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ڕۆڵ و دڵسۆزی خالد حسێنی وه‌زیری رۆشنبیری وه‌زاره‌ت نه‌یهیشت خانه‌ی كتێبی كوردی ئه‌گه‌ر به‌ ڕه‌مزیش بێت بكه‌وێت و ئه‌مسالانه‌ی دوایی به‌رده‌وامی داوه‌ به‌و پێشانگایه‌.

* بۆیه‌ هه‌موو ئه‌م كارانه‌ بۆ به‌شداریه‌كی كارا ئه‌وه‌ده‌خوازێ ده‌زگاو لیژنه‌ی كاراو وه‌رگێرو بودجه‌و راگه‌یاندنی كارای بۆ دامه‌زرێت و له‌ئه‌لمانیاش بیرۆی تایبه‌تی بۆ دابنرێت.. به‌تێگه‌یشتنه‌وه‌ له‌هه‌لومه‌رجی سه‌ختی شه‌ڕی داعش وڕه‌وشی كوردستان وقه‌یرانی بودجه‌و زۆر كێشه‌ی تر. 

ناونیشانی پێشانگاكه‌:
Frankfurter Buchmesse GmbH
Braubachstraße 16 
60311 Frankfurt am Main 
خانه‌ی كوردی هاله‌ی 5.1/A 146


خاك - شیهاب عوسمان - ئه‌ڵمانیا



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved