10/10/2018 09:17 AM

یاداشتەكانی سەرۆك مام جەلال بە زمانی عەرەبی بڵاوبووەوە

كتێبی " دیداری تەمەن "  كە یاداشتەكانی سەرۆك مام جەلالەو لە ‌ئامادەكردنی سەلاح رەشیدە، لە دووتوێی كتێبێكی 571 لاپەڕەییدا بە زمانی عەرەبی كەوتە بازاڕەوە كە لە وەرگێڕانی نووسەر شێرزاد شێخانی و چاپی "الدار العربیە للعلوم – ناشرون" ە.

ئەم كتێبە كە بە زمانی كوردی پێش دوو ساڵ كەوتەبەر دیدی خوێنەرانی كوردەوە،‌ مشتومڕێكی زۆری هێنایەكایەوە، ساڵی رابردوو وەرگێڕ كردی بە عەرەبی و لەم چەند رۆژانەدا بڵاوكرایەوەو پێشوازییەكی گەرمی لێكراوە لەلایەن كتێبخانەكانی عەرەبیداو ئێستا لە زۆربەی ولاتانی عەرەبیدا بڵاوكراوەتەوە.

لە پێشەكیيەكەی خۆیدا وەرگێڕ باسی گرنگی ئەم یاداشتانە دەكات بۆ خوێنەری عەرەبی و ئاماژە بەوە ‌دەدات كە ئەم یاداشتانە زادەی تێكۆشانێكی بێوچانی كەسایەتییەكی سیاسی گەورەی كوردە كە زیاتر لە پەنجا ساڵ لەسەر گۆڕەپانی خەباتی كوردایەتیدا بەردەوام رۆڵێكی گرنگی هەبووەو جێپەنجەی خۆی لەسەر مێژووی كوردو شۆڕشەكانی لەپیناو دەستەبەركردنی مافە رەواكانی جێهێشتووە.

هەروەها باس لە رۆڵی هەڤاڵ مام جەلال دەكات وەك سەركردەیەكی نموونەیی لە مێژووی خەباتی گەلی كورد دا كە هاوشانی سەركردە مەزنەكانی پێش خۆی رۆڵی پێشەنگی هەبووە لە كاروانی خەباتی شۆڕشگێڕی میللـەتەكەیدا.

وەرگێڕ پێیوایە ئەم یاداشتانەی مام جەلال خوێندنەوەی زۆر پێویستە بۆ نەوەكانی ئەمڕۆو داهاتووش بۆ ئەوەی لە مێژووی راستەقینەی شۆڕشی كورد تێبگەن، بزانن كێن ئەو سەركردانەی رووداوەكانی مێژوویان دروستكردو ئەوانەش بناسێت كە راستگۆیانە خەباتیان لەپیناو میللـەتەكەیاندا كردووە.

ئاماژە بەوەش‌ دەدات كە مێژووی كوردو میللـەتانی ناوچەكەشمان هەمیشە خەڵكی بێگانە نووسیویانە، بەڵام ئەمجارە مێژووی راستەقینەی خەباتی گەلەكەمان لەلایەن یەكێك لە خوڵقێنەرانی رووداوە مێژوویەكانەوە ئەنوسرێتەوە، بۆیە پێیوایە‌ ئەم یاداشتانە  بۆشاییەكی زۆر گەورە پڕدەكاتەوە لە بەردەم نووسەرو لێكۆڵەران بۆ ئەوەی بەڵگانەمەی راستەقینە بخەنە ‌بەردەم خوێنەران و نەوەی داهاتووی كوردەوە.

ئەم كتێبە كە بە زمانی عەرەبی كەوتەبەر دیدی خوێنەر‌انەوە، باس لە گەشتی ژیانی سەركردەیەكی گەورەی كورد دەكات، لە تەكیەكی بچوكی كەلكانەوە بۆ كۆشكی سەلامی بەغدا كە بارەگای سەرۆك كۆماری عیراقە، بەمەش مام جەلال بووە یەكەمین كەسایەتی كورد لە مێژوودا ببێتە سەرۆكی وڵاتی عیراق كە سەردەمانێك پایتەختەكەی بوبووە رەمزی گەورەترین ئیمپراتۆریەتی جیهانی لە سەدەكانی سەرەتای شارستانی ئیسلامدا.


خاك‌





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved