13/10/2018 04:34 PM

خەڵاتی یەکەمی سیناریۆی بردەوە

سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی بە بەشداری(١٢٢)فیلم  لە (٥٢) وڵاتەوە لەتەلاری هونەر، بەئامادەبوونی سینەماکارانی کوردوجیهان بەڕێوەدەچێت و بۆماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت بەناونیشانی(پاڵەوانە ژنەکان مرۆڤایەتی دەپارێزن) ساڵانە لەم فێستیڤاڵەدا و دوای کێبڕکییەکی زۆر خەڵات بە باشترینەکان دەبەخشرێت، بۆئەمساڵ لەنێوان(٢٩)سیناریۆدا گەنجێکی شاری هەڵەبجە بەناوی (پشتیوان هەڵەبجەیی) خەڵاتی یەکەمی،سێیەمین فێستیڤاڵی سلێمانی بەدەست دەهێنێت
لەبارەی وەرگرتنی ئەوخەڵاتە وناوەڕۆکی سیناریۆکە، پشتیوان هەڵەبجەیی بەخاکی وت:  
بەشداری كردنم لەم فێستیڤاڵەدا کە فێستیڤاڵێكی نێو دەوڵەتی وئەدەبییە و بەئاگاداربوونم لە دوو فێستیڤاڵەکەی تر وەک ئەزموونی یەکەمم لەبواری نوسینی سیناریۆدا پێم باشبوو بەشداری بکەم ، ئەو سیناریۆیەم دەمێك بوو نوسی بوو ، باس لەكێشەی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە دەكات بەڵام بەدیوێكی دیكەدا وەك ئەو حیكایەتانە نا كە خوێنەر هەست دەكات دروستكراوە گەرچی حیكایەتی سیناریۆكە لەخەیاڵەوەیە و هیچ حەقیقەتێكی تیا نیە بەڵام قەناعەت بە خوێنەر و بینەر ئەكات كچێك بەناوی نیشتیمان دوای(٢٩ساڵ ) كە لەگەڵ باوكی دەگەڕێتەوە بۆ مەراسیمی یادی كیمیا بارانی هەڵەبجە، لەڕێگای هەندێك نیشانە و برینی سەرجەستەیی و لەڕێگای ئەوحیكایەتەی كە باوكی پێشتر بۆی گێڕاوەتەوە كە لەو ساتەدا لەهەڵەبجە پێشمەرگەبووە و كۆرپەیەكی ساوای هەڵگرتووەتەوە بۆی دەردەكەوێت كە خودی خۆی ئەو كۆرپە ساوایەیە .
هەڵەبجەیی ئاماژە بەوەش دەکات: خەڵاتی یەكەم لەهەر بوارێكدا بێت خاوەنەكەی دڵخۆش دەكات، بەڵام لەهەمانكاتدا ئەگەر خەڵاتم نەبردایە  بەهێزێكی زیاترەوە خۆمم بۆ ساڵی ئایندە ئامادە ئەكرد،بەڵام دوای بەدەستهێنانی خەڵاتەکە پێشوازیەكی زۆرباشی لێكرا لەلایەن میوانانی خۆمانەوە چ لە ناو هۆڵەكە و چ لەدەرەوە و چ لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و چ بەپەیوەندی ڕاستەوخۆ بەخۆمەوە و ئەو پێشوازیە گەرمە زۆر دڵخۆشی كردم بەجۆرێك هێزێكی زیاتری پێدام، بەڵام بەنیسبەت میوانە بیانیەكانەوە بە هۆكاری ئەوەی كە سیناریۆكە هێشتا نوسینە و نەبووە بەفیلم و لەبەر دەست نەبووە و نازانن چیە و چۆنە و باسی چ دەكات پێشوازیەكی ئەو تۆی لێنەكراوە.


خاک- تانیائاوارە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved