16/10/2018 09:06 AM

پلانی وه‌رگرتنی خوێندكاران له‌ زانكۆكان زیادكرا

وەزارەتى  خوێندنى باڵا پلانى وەرگرتنى دەرچووان لە زانکۆکان بەڕێژەى 10% بۆ بەشە ئەندازیارییەکان و 20% بۆ بەشکانى دیکە زيادكرد.

لەدواى ئەنجامدانى ئامادەکارییەکان و بۆ رەخساندنى دەرفەت و هەلى زیاتر بۆ دەرچووان، خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بڕیاريدا بە زیادکردنى پلانى وەرگرتن لە زانکۆو پەیمانگەكان، كە بەپێى پلانى زیادکراو و ئەو کورسیانەى بە بەتاڵى مابوونەوە (16) هەزار کورسى خوێندن بۆ ئەو خوێندکارانەى لەهیچ شوێنێک وەرنەگیراوون تەرخاندەکرێت.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا رایگەیاند ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان لە زانکۆ حکومييەكانى هەرێمى کوردستان پرۆسەیەکى تەواو تەکنیکیە، کە بەپێى رێنمایيەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و بە شێوازێکى تەواو پرۆفیشناڵانەو  زانستیانە جێبەجێ کراوە.

راشیگه‌یاندووه‌: بۆیە هەرجۆرە تەفسیریێكى ناڕوون و نازانستیانە بۆ ئەم پرۆسەیە بۆ بکرێت زیاتر قوتابیان توشى دڵەڕاوکێ دەکات و بەهیچ شێوەیەک خزمەت بە پرۆسەکە ناکات، بۆیە نیگەرانیشین كاتێک دەبینین نيگەرانییەکانى خوێندکاران ئیستیغلال دەکرێت بۆ مەرامى سیاسى و حزبى کە ئەمەش کارێکى نەشیاو و ناتەندروستە، بۆیە وەک وەزارەت بەرچاومان روونەو پلانمان هەيە بۆ چارەسەرکردنى سەرجەم گرفتەکان.

ئه‌وه‌شی وتووه‌:  لەدواى راگەیاندنى ناوى دەرچووان لە زانکۆو پەیمانگەکان، لە ئێستادا (12020) کورسى لە پلانى وەرگرتنى ئەمساڵ بە بەتاڵى ماوەتەوە، ئەمەش لە ئەنجامى ئەوەى کە دەرچووان خۆیان کەمتر داواکاریان بۆ بەشەکان پێشکەش کردووەو بەمەش بە بەتاڵى ماوەتەوە.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى راشیگەیاند بۆ رەخساندنى دەرفەت و هەلى زیاتر بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى، وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بڕیاريدا بە زیادکردنى پلانى وەرگرتن لە زانکۆو پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێژەى 10% بۆ بەشە ئەندازیارییەکان و 20% بۆ بەشەکانى دیکە.

وتیشى: دواى جێبەجێکردنى ئەم بڕیارانەى وەزارەت ژمارەى کورسی بەردەست بۆ ئەو قوتابى و خوێندکارانەى لەهیچ شوێنێک وەرنەگیراون دەگاتە (16) هەزار کورسى خوێندن.

جه‌ختیكرده‌وه‌، ئەم کورسیانەى لە ئەنجامى زیادکردنى پلان بەردەستە، لەڕێگەى هەمان سیستمى ئەلیکترۆنیەوە دەخرێتەوە بەردەستى ئەو ئەو خوێندکارانەى لەهيچ شوێنێک وەرنەگیراوون، بەمەش کۆى ئەو خوێندکارانەى کە وەرنەگیراون گرفتەکانیان چارەسەردەبێت و لە دوو رۆژى داهاتووشدا لەڕێگەى بەرنامەى تەلەفزیۆنى و چاوپێکەوتنەوە تەواوى وردەکارییەکان بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى رووندەکەینەوە.

وتەبێژەکەى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى روونیشيكردوه‌ته‌وه‌ کە هەردەم وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى خۆى بە خەمخۆرو بەرپرسى هەموو توێژی خوێندکاران دەزانێت و هەمووان دڵنیادەکەینەوە هەر دەرچووێک مافى وەرگرتنى هەبێت مافەکەى بۆ دەستەبەردەکرێت و مافى نافەوتێت.

خاك



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved