16/10/2018 04:33 PM

عەزیز و كوبرا زمانی كروزانەوەی دوو دڵدار

سەهەند ئازاد


دەقی چیرۆكە شیعر و بەیت لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا مێژوویەكی كۆنی هەیە، بەتایبەت لەموكریاندا، ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە بەیت و هۆنینەوەی چیرۆكە شیعری دڵداری و دابڕان و پاڵەوانەكانی شۆڕش و بەیتی تراژیدیای مرۆڤی كورد كە بەدەستی دیكتاتۆرەكانی زەمانە تیاچوون و....بەتایبەت بەیتی دڵداری. ئەم بەرهەمەیش چیرۆكی دڵداری دوو دڵدارە، چیرۆكە شیعری دڵداری دوو دڵدارە لەرۆژهەڵاتی كوردستان و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ چڵ ساڵێك بەر لە ئێستا، حەسەن سەلیمی و شەریف فەلاح كۆیان كردووەتەوە و لە بڵاوكراوەكانی ئنیستیوتی كەلەپووری كورد. ئەم چیرۆكە شیعرە لەم كتێبەدا دوو هۆنەر هۆنیویانەتەوە، دەقی یەكەم بەرهەمی سەید شوكورڵڵا حوسێنیە، كە بە سەی شوكری كەریم ئاوا ناسراوە، ئەم دەقەیان زیاتر وەكو مەولوودنامەش گوتراوە و پاشان لەسەر كاسێت تۆماركراوە، حەسەن سەلیمی گواستویەتییەوە بۆ سەر كاغەز. دەقی دووەمیش لە لایەن سەید محەمەد چەمشمەمەنتش شاعیری و مامۆستای ئاینی و هونەری میللەیەوە هۆنراوەتەوە، بەهەوڵی شاعیری سنەیی عەلی رەزا محەمەدیان خراوەتە سەر كاغەز. 
چیرۆكە بەزمانێكی سادەی شیعر روداوی دڵداری دوو دڵداری هەوشار دەگێڕێتەوە كە دەكەوێت ئوستانی سنەوە، ئەو بەشە دەوڵەمەندەی كوردستان كە خاوەنی كۆمەڵێك بەرهەمی هونەری و ئەدەبی فۆلكلۆرن. بەیتی عەزیز و كوبرا چیرۆكە شیعری دڵداری دوو دڵدارە بەزمانێكی سادە و ساكار گوتراوە. چیرۆكەكە زۆرتر قسەكردنە لەسەر كەلتوور و نەریتی كۆنی چەقبەستووی ئەو زەمانە، چیرۆكی ژن بەژن و نەریتی كۆنی كوردەواری و باوكسالارییە و كەمتر دەچێتە نێو چیرۆكی عاشقانەی ئەو دوو دڵدارەوە، و زۆرتر باسی ئەو گرفتانە دەكات كە لەو رۆژگارەدا باو بووە، گرفتی ژن بە ژن وەكو نەریتێكی كۆنی زیانبەخش كە لە رابردوودا بینادەمی كورد و خێزانی كوردی تووشی گرفت كردووە و گەلێك خێزان تووشی دابڕان و هەڵوەشانەوە كردووە. بە گشتی ئەم دەقە دەقێكە باسی ئەو كێشانە دەكات كە ئەو سەردەمە بەهۆی دواكەوتووییەوە روویانداوە، ئەم دەقە شیعرییەش ئەوەندەی گێڕانەوەی ئەو كێشانەیە ئەوەندە باسی دڵداری عەزیز و كوبرا نییە. عەزیز و كوبرا دوو دڵداری بێ‌ هێز ولاوازن لەبەردەم نەریتی كۆنی چەقبەستووی كۆمەڵی كوردی. ئەوان قوربانی ئەو نەریتە دواكەوتووەن و لە دەقەكەشدا بەهەمان شێوە قوربانین و گێڕانەوە كەمتر بەلای ئەو عەشقەی عەزیز و كوبرادا دەچێت. زمانی حاڵی عەزیز و كوبرا زمانی پاڕانەوە و دەردەدڵە، كە گلەیی لە حاڵی خۆیان دەكەن و گلەیی لە كۆمەڵی كوردەواری دەكەن بۆچی ئەوان بەیەك نەگەن؟. بۆ دەبێ‌ ببن بە قوربانی ئەو نەریتە كۆنە كە لەیەكی دابڕیون و گەورەكان ئەو دوو دڵدارە لەیەك جودا دەكەن و ئەوانیش بێ‌ دەسەڵات و لاوازن و ناتوانن خۆیان بڕیاربدەن و دەبێ‌ چاوەڕیی بەزەیی باوكانی ماڵ بن. بەیت بێژ یان نووسەری سەرەكی ئەم دەقە بەلای ئەو بابەتەدا نەچووە كە دڵداری و خۆشەویستی ئەو دوو عاشقەیە. وێنەی بەیەك گەیشتن و ماچ و لە ئامێزگرتن  لەم دەقەدا نابینرێ‌، وێنەكان یان وێنەی كروزانەوەی عاشقە یان وێنەی نەریتی كۆنی خوزابێنی و دڵشكانی مرۆڤەكانە. زۆرتر نیشاندانی وێنەی ئەو كولتوورە كوردەوارییە كە كۆمەڵگەیەكی باوكسالارە و نەوەكان تێیدا چەوسێنراونەتەوە و بەویستی باوك ژیاون و باوكسالاری بڕیاردەری ژیانیان بووە.
چیرۆكی ئەم دەقە گوندییە وێنەی گوند و روداوەكانی گوند نیشان دەدەن، بەرهەمەكە بەرهەمێكی گوندییە و گوزارشت لە ژیانی خەڵكی گوند دەكات لە رۆژهەڵات، عەزیز خەڵكی گوندی "خار خار"ە و كوبراش خەڵكی گوندی " گوێ ئاغاج"ە. هەردوو كارئەكتەری دەقەكە گوندین و خەڵكی گوندن، هاوكات دنیابینی ئاینی لە دەقەكەدا دەبینرێ‌، وەكو لە پێشەكی كتێبەكەشدا هاتووە ئەم چیرۆكە زیاتر وەكو مەولوودنامە گوتراون، بۆیە كەمتر بەلای دڵدارییەكی ئازادانە و قوڵ و لە ئامێزگرتندا چووە، پاڵەوانەكانی دەقەكە  پابەندن بە كولتوری كۆن و باوكسالاری و ناتوانن لەو نەریتانە لابدەن كە باپیرانیان لەسەری رۆیشتوون، بۆیە تەواویی دەقەكە كروزانەوە و پاڕانەوەی عەزیز و كوبرایە كە بۆچی بۆیەك نەبان.  كە دەكرێت نووسەر و لێكۆڵەرەكان سوودی لێ‌ ببینن بۆ لێكۆڵینەوە لە ژیانی كوردەواری ئەو رۆژگارە و هاوكات چیرۆك نووس و رۆماننوسەكان دەتوانن ئەم چیرۆكە ئاوێزانی تێكستە ئەدەبییەكانیان بكەن و لەگەڵ شێوازری تازەی چیرۆك و رۆماندا بیگونجێنن.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved