18/10/2018 05:07 PM

خەمی زمان


سه‌ركه‌وت عه‌لی‌ حه‌بیب

زمانی كوردی ، خەمی گەورەی دڵسۆزانی كوردە، ئەم شێوە نووسین و رێنووسەی ئەمڕۆ بەرھەمی رۆژ و دوورۆژ یان ساڵێك نییە و ھەوڵی بێ وچانی بۆ دراوە و رێگەی ھەوراز و نشێوی بڕیوە ، لەساڵی 1930ز ھەندێك لە خوێندەوارانی كورد كەوتنە ھەوڵ و كۆشش بۆ ئەوەی رێگەیەكی ئاسانتر ، كورتتر و تایبەتی بدۆزنەوە بۆ نووسینی كوردی ، تاپلەیەك سودبەخش بوو ، بەڵام واقیعی كورد رێگربووە وكارێكی كردووە كە كورد ماڵ لەكۆڵ بێت و باری شانی پێ قورستتربێت لە بار و خەمەكانی ژیان و نیشتمان ، لەسەردەمی كۆماری كوردستان لە مەھاباد ، ھێندە خەمخۆر و دڵسۆزی وشە ھەبووە ، لیژنەیەك بۆ چاودێریكردنی زمانی كوردی پێكھێنراوە ، ھەرچەندە تەمەنی كۆماری كوردستان (11) مانگ بووە .
پاش دەوڵەتی پاشایەتی لە عێراق و شۆڕشی 14 ی تەمموزی 1958ز بەھەوڵی دڵسۆزانی كورد ، دووكۆنگرە لە ساڵانی 1959و1960 بۆ مامۆستایانی كورد لە شەقلاوە گیران ، ژمارەیەك خەمخۆرانی وشەی كوردی بەشداربوون.
ھەروەھا دامەزراندنی كۆڕی زانیاری كورد و ئەزموونی دوای راپەڕین (1991) .
پیرەمێردی نەمر ، كاتێك لە توركیا بووە ، ھەمیشە لە بیری ئەوەدابووە كە زمانی یەكگرتوومان ھەبێت و ھەوڵیداوە و وتاری نووسیوە و بایەخێكی زۆری بە زمان داوە .
بۆیە دەفەرموێت : ( كەلە ئەستەنبوڵ غەزەتەی كوردی دەردەچوو من لە جولەمێرگەوە مەقالەیەكم بۆ ناردن و تەكلیفم لە جەمعیەتی كورد كردبوو كەلە ھەر دیدارێكی كوردستانەوە زمانزانێك بانگ بكەینە پایتەخت و زمانێك بۆ عمومی كورد ھەڵبژێرین و بیكەینە فەرھەنگی دەستور ، ھەتا مەسرەفی لە چاپدانیم گرتبووە ئەستۆی خۆم ، كەس گوێی نەدایە ، ئێستا ھەر كەس بە ھەوەسی خۆی شێوەیەك دێنێتە كایەوە . (1)
مامۆستا ( ا. ب. ھەوری ) دەڵێت : جۆرە ئاژاوەیەك لە نووسینی كوردیدا پەیدابووە ، كە بووە بە ھۆی ئەوەی كە تائێستا یەك دەستوور و یاسای تایبەت نەبێت كە پێویست بوو زۆر لەمەوبەر پەیداببووایە . ( 2 )
بۆیە بەئیستاشەوە نە ھەوڵێك نە ھەنگاوێك نەنراوە بەرەو یەكێتی زمان و یەكێتی نووسین ، بەڵگەشمان ئەو وتار و نووسین و تێبیــنییانەی نووسەرانی دڵسۆزە لەسەر ئەم قەیرانە و پاشاگەردانیەی ئەم زمانەشیرینە .
( ئێمە ئەگەر لەم ھەل و مەرجەی ئێستادا مشورێكی زمانەكەمان نەخۆین ، سبەینێ ئەگەر خوا كردی و كوردستان یەكیگرتەوە و بوو بە یەك پارچە ، ئەگەر لەسەر دەسەڵاتیش نەبێ بە ھەرامان ، ئەوا لەسەر مەسەلەی شێوەزارەكان تێك بەردەبین ، ئێمە ئەوە بیست ساڵ زیاترە حكومەتمان ھەیە ، بەڵام لەم رووەوە ھیچمان نەكردووە . ) ( 3 )
( پێویستە رێبازێكی پوخت و ئاشكرامان ھەبێت بۆ نووسین بە شێوەیەكی راست و رێك رزگارمان بێت لە نووسینی ھەمە چەشنە و جیاواز ، جیاوازی ئەوتۆ كە بە ئاشكرا دواكەوتن و یەكنەگرتنمان دەخاتە روو .) ( 4)
لە چاوپێكەوتنێكی بەندە لەگەڵ د. ئەوڕەحمانی حاجی مارف : بە داخەوە ئەم زمانە شیرینەی ئێمە ھەست دەكەم بۆ ھەندێك تاڵە و ھیچ رەحمێكی پێ ناكەن .
( لە دوای راپەڕینەوە ، زمانی كوردی پاشاگەردانییەكی گەورەی بە خۆیەوە دیوە ، چونكە بە سەدان رۆژنامە ، گۆڤار ، نامیلكە و پەڕتووك بە گشتی دەرچووە ، بە كوردییەكی شێواو نووسراون و دەستووری نووسینیان تێدا پەیڕەو نەكردووە .) ( 5 )
ھەروەھا ( شوێنەواری ئەو دیاردە مەترسیدارەش یان با ناوی بنێین قەیرانی زمانی كوردی سەری لە خوێنەری كورد شێواندووە . ) ( 6)
دیارە گرفتێكی تر ( دیاردەی یەكنەخستنی وشە و زاراوەكان لە بەرنامەی خوێندن و كتێب و بەرھەمەنووسراو و وەرگێڕاوەكانمان و وشە و زاراوەی بیانی ھێنان بۆ نێو فەرھەنگی زمانی كوردی لە گرفتەكانی دیكەی زمانی راگەیاندنی كوردین . ) ( 7 )
ئێمەی كورد سەرەتا و پێش بیركردنەوە لە زمانی ستاندارد كە ئەرك و كارێكی گەورە و گرنگە ، شێوەزارێك خۆی زاڵ دەكات یان زۆر بەكاردەھێنرێت گەر پرۆسەی مێژوویی نەبێت ھیچ بڕیاڕێكی سیاسی ناتوانێت زاڵی بكات یان بیسەپێنێت ، ھەرچەندە لە مێژوودا نموونەی ( بسمارك ) ھەیە ، كە بەزەبری ھێز و توند و تیژی تەنیا شێوەزارێكی كردە زمانی رەسمی ئەڵمانیا و ھەموو ئەڵمانەكانیشی ناچاركرد ، ئەو شێوەزارە بەكاربھێنن .
بۆیە ئەركی ھەموو لایەكە ، نووسین بەیەك جۆر و راست نووسین ، تا ھەنگاو بنێین بۆ زمانی یەكگرتوو زمانی ستاندارد ، راستییەكی بەڵگەنەویستە ، كە راست نووسین بەڵگەی شارەزایی و زانینە ، ھەر ئەمەشە رێگەمان بۆ خۆش دەكات ھەرچی ناتەواوی و ھەڵە ھەیە راستی بكەینەوە و زمانەكەمان تووشی پاشاگەردانی نەكەین ، چونكە پەیوەندییەكی توندوتۆڵ ھەیە لە نێوان راست نووسین و رێزمانزانیدا .
پێویستە خەمی راست نووسین بخۆین و ھەنگاو بنێین بۆ یەك جۆر شێوەی نووسین ، چونكە ھیچ زمانێك نییە شێوەی جیاوازی نەبێت لە دواندن و گفتوگۆدا بەڵام ھەموویان یەك جۆر نووسینیان ھەیە ، ھەروەھا وشەیەك بەھەر شێوازێكی كوردی لە بنچینە و بنەڕەتدا چۆنە وا بنووسرێت نەك چۆن لە زار دێتە دەرێ ، واتە بەڕاستی بنووسرێت ئەوسا ھەركەسێك یان ھەر ناوچەیەك چۆنی دەخوێنێتەوە بابیخوێنێتەوە .
لەتەواوی زمانەزیندووەكانی دنیادا ، رێزمان و دەستوور ھەیە و كاری پێ دەكرێت ، بۆیە پێویستە ئێمە لەبەر رۆشنایی و ھەوڵی دڵسۆزانی زمانی كوردی كەھەر لە مێژەوە ئەم زمانەشیرینە خەمیان بووە ، رێگەی راست بدۆزینەوە بۆ نووسینی كوردی و یەك شێوەی راست ، ھەروەھا بۆ ھەموو ئەو وشانەی ھاتوونەتە نێو زمانەكەمانەوە ، زۆرجار ئەگەر وەك خۆی نەنووسرێن واتاكەی تێكدەچێت ، بۆ نموونە ( فائیق ) ،ئەم ناوە لە زمانی عەرەبیدا واتا ( سەركەوتوو ) ، كە دەنووسین ( فایەق ) ، (فا) لە عەرەبی و كوردیدا مانای نییە ، لەزمانی عەرەبیدا ( اسم مفرد )ە ، لە كوردیشدا دەبێتە وشەی داڕێژراو ، ( یەق ) گۆڕینی مادەیەكە لە دۆخی شلییەوە بۆ دۆخی نیمچەڕەقی ، كەواتەوەك خۆی بنووسرێت ، لەبەر ئەوەی ئێمە
( حركە اعراب )مان نییە بنووسین ( فائیق ).
زمانی كوردی ، رۆژبەرۆژ شیرینتر ، پاراوتر و وشەی پەتی زیاتر لە خۆگرتووە ، بەڵام دوای راپەڕینەكەی مانگی ئازاری ١٩٩١ دەبوو لە ھەموو كاتێك زیاتر خەمی بخورایە ، كەچی لێرە و لەوێ ، بیری جیاوازو تەریب بەیەك كە ناگەن بەیەك لەسەر زمانی كوردی دەدرا ، بۆ نموونە : چۆن گفتوگۆ دەكرێت و لەزار دێتە دەرێ وا بنووسرێت ، بە زمانێك بنووسرێت ھەموو كەس بیخوێنێتەوە و لێی تێ بگات ، كە ئەمە لە راگەیاندنی كوردی بە ( نووسراو ، بیستراو و بینراو ) ەوە دیارە ، كەچی مامۆستا ( ا. ب. ھەوری ) نیوسەدە لەمەوبەر دەنوسێت ; ( ئەوەی ئاشكرایە ئەوەندەی نوسەر پێویستە لەسەر دەستوور و یاسای تایبەتی بڕوات ، ھێندەش خوێنەر پێویستە لە كاتی خوێندنەوەدا توانا و سەلیقەی خۆی بەكاربھێنێت ، واتە ئەركەكە دەكرێت بە دووبەشەوە لە نێوان نوسەر و خوێنەردا و ناچار نابین داوا لە نوسەر بكەین نووسینەكەی بكات بە ئاوی رەوان و خوێنەر بە ئاسانی ھەڵی قوڕێنێت و ھیچ ماندوو نەبێت ، ھەموو خوێندەوارێكی كورد دەزانێت زمانی عەرەبی دەستوورێكی چەند گران و زەحمەت دوور و درێژی ھەیە ، كەچی ئەو پەڕاوانەی كە بۆ قوتابی قوتابخانە سەرەتاییەكان دەنووسرێت ، نووسەران و رەخنەگران لە نووسینەكانیاندا ھیچ گوێ نادەنە نووسینی ئیعراب ، واتە ( سەر ، بۆر ، ژێر ) لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت خوێنەر بەبێ ھەڵە بیانخوێنێتەوە ئەگەر نەیزانی ئەوە نیشانەی ئەوەیە ئەو خوێنەرە زمانی عەرەبی نازانێت نەك نووسینەكە خراپ نووسراوە . ) (8)
نموونەی ئەو وشانەی بە ھەڵە دەنووسرێن :
_ ھاووڵاتی نەك ھاوڵاتی ، چونكە لە سێ بڕگە ( مۆرفیم ) پێكھاتووە ،
( ھاو + وڵات + ی ) بەڵام ( ھا + وڵات + ی )
واتە بەیەك ( و ) ئەو وشە سادەیەی كە گەوھەری وشەداڕێژراوەكەیە بونی نامێنێت ،
ھا : ئامڕازە بۆ ئاگاداركردنەوە و بانگكردن .
_ كیمیاباران ھەڵە چونكە كیمیا ، زانستە . وانەیە ، لێرەدا مەبەست ( كیمیایی ) یە نەك كیمیا ، راستەكەی كیمیایباران یان بەچەكی كیمیایی بۆردومان كرا .
_ كۆماری كوردستان نەك كۆماری مەھاباد
دیارە ناحەزان و دوژمنانی كورد بۆ بچوككردنەوەی ئەم كۆمارە وادەڵێن بۆیە پێویستە بنووسین ، كۆماری كوردستان لە مەھاباد .
_ رۆژھەڵات ، رۆژئاوا ھەڵەیە ، راستەكەی ( خۆرھەڵات ، خۆرئاوا ) ئەو شوێنەی خۆری لێ ھەڵدێت و ئاوادەبێت ، وشەی ( رۆژ ) بەرامبەر ( یوم )ی عەرەبی ، كە دژەكەی ( شەو ) ە ، رۆژی شەممە ، بە رۆژ دەچم .
_ كاتێك باسی بەشێك لە كوردستان دەكەین ، لەبەر ئەوەی یەك نیشتمان ھەیە ناوی ( كوردستان ) ە پێویستە بنووسرێت ( خۆرھەڵاتی گوردستان ) نەك ( كوردستانی خۆرھەڵات ) ، ھەروەھا بۆ بەشەكانی تر : باكووری كوردستان ، باشووری كوردستان و خۆرئاوای كوردستان ) ، بە ڵام ئەگەر دوو وڵات ھەبێت بۆ نموونە : كۆریا ، ئەوە وشەی كۆریا پێش دەكەوێت ، كۆریای باكوور ، كۆریای باشوور .
_ پیشانگە راستە نەك بەچەند شێوەیەكی ھەڵە دەنووسرێت ، واتای وشەكە ( پیشاندنە لە شوێنێكدا ) نەك پێشاندان ، ھەروەھا ( گە) نەك ( گا ) ، ( گا ) ھەرگیز واتای ( گە )ی شوێنی نییە ، چونكە ( گا ) بە مانای ( جار ، بار ، كەڕەت ) دێت ، گۆران دەڵێت :
گا سەرەو ژوورە ، گا سەرەو خوارە
تاڵی و شیرینی دنیــــــای رێبوارە .
ھەروەھا پێویستە بنووسین : ( پەیمانگە ، نووسینگە ، خوێندنگە و فەرمانگە …. ھتد ) .
_ مێروولە نەك مێلوورە ، چونكە كورد دەڵێت :
مارومێروو ، مێروومەگەز ، واتە مێروو + پاشگری ( لە ) .
_ پشدەر نەك پژدەر ، كاری ( د)ە كە ( ش ) دەكات بە ( ژ ) ، وشەكە ( پشت دەربەند )ە لەسەر زار بووە بە ( پشدەر ) .
_ زۆرجار جیاوازی ناكرێت لە نێوان:
( قەد ، قەت )
قـــەد : كەمەر ، قەدی درەخت ، نێوقەد ، بەڵام ( قەت ) لە (قگ)ی زمانی عەرەبییەوە ھاتووە ، موستەحیل.
ھەروەھا ( دروون ـــ دوورین ، پلان ــ پیلان ، عومان ــ عەممان ) ، یان ( پیت و تیپ ) ، زۆرجار ( پیت ) دەكرێت بە ( تیپ ) و بەپێچەوانەشەوە، ھەرچەندە لەمانادا جیاوازن چونكە : پیت : مانای تاك ، بچوك و ( حرف )ە
ھەروەھا بە مانای پیت و بەرەكەت ( ئەم زەوییە بە پیتە ، د. نەسرین فەخری و د. ئەوڕەحمانی حاجی مارف دەڵێن : بە مانای ( پەلەپیتكە )ش
دێت ، پەلەپیتكەی لێدەی شەق دەبا .
تیپ : مانای كۆ ، گروپ و كۆمەڵە وەك
تیپی ھونەری ھەولێر ، تیپی نواندنی سلێمانی
تیپی وەرزشی نەورۆز .
_ بەرزنجی بەھەڵە رۆیشتووە و مامۆستا (دیلان )گوتەنی : قوش نایگۆڕێت ، (بەرزنجە ) بە خەڵكی ئەوێ دەوترێت ( بەرزنجەیی ) كەچی بووە بە ( بەرزنجی )، ئێ باشە خۆ شوێنەكە ( بەرزنج ) نییە تا ( ی ) بچێتە سەر ، پێویستە بنووسرێت ( بەرزنجەیی ) .
_ گۆڵكەر ، بەرگریكەر ، یاریكەر ،راستە ، ئەم وشانە ناوی بكەرە پێكھاتووە لە رەگی فرمانی كردن ( كە ) كەتێپەڕە + پاشگری ( ر) ، ئەم پاشگرە ( ر ) نیشانەی ناوی بكەرە .
_ قفڵ نەك قوڵف ، لێرەدا دووپیتی ( ف) و ( ل ) جێگۆڕكیان كردووە و وشەیەكی عەرەبییە
ھەروەھا بە ھەمان شێوە ( گفل )ی عەرەبی بووە بە ( تلف )، ھەروەھا ( ملیۆن ــ ملوێن ، جومعە ــ جوعمە ، باڵیۆز ــ باڵوێز ، قازانج ــ قانزاج ، ھەرچەندە ئەمە لە زماندا روودەدات و سوكترە بۆ سەر زمان و باشتر دێت ، دیارە نمونەی جێگۆڕكێی پیتەكان زۆرە بەڵام ئێمە دەبێت بە ڕاستی بیان نووسین .
ئەمانە نمونەی مشتێكن لە خەروارێك.
مامۆستای گەورەم د. ئەوڕەحمانی حاجی مارف ھەموو جارێك دەیفەرموو : ئێمە تەنیا بە زمان ماوینەتەوە و ھەموو دوژمنانی كورد ، نەیانتوانی ئەم زمانە لەنێو ببەن ، زمان نامرێ و ھەر زمان نەمری دەدات بە مرۆڤ .
پەراوێزەكــــان :
( 1 ) دیوانی پیرەمێرد ـ چاپخانەی شڤان
( 2 ) دەستووری نووسینی زمانی كوردی ـ ا. ب. ھەوری ــ سلێمانی ١٩٦٨
( 3 ) عەبدولكەریم شێخانی ــ ر . كوردستانی نوێ
( 4 ) د. نەسرین فەخری ــ رێنووسی كوردی
( 5 ) د. حسین محەممەد عەزیز ــ ر. كوردستانی نوێ
( 6 ) بێبەش پیرۆتی ــ ر. ھەولێــر
( 7) د. بەھادین ئەحمەد ــ ر . كوردستانی نوی
( 8 ) دەستووری نووسینی زمانی كوردی ـــ
ا. ب. ھەوری ــ سلێمانی ١٩٦٨




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved