هه‌موومان له ژیانی ڕۆژانه تا ڕاده‌یه‌ك ترس، نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێمان هه‌یه، ئه‌م حاڵه‌ته تا ڕاده‌یه‌ك ئاساییه‌و تاك ئاماده ده‌كات بۆ پێشهاته‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی خوێندكارێك تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی هه‌بێت، یاخود كه‌سێك دڵه‌ڕاوكێیه‌كی هه‌بێت له‌پێش چاوپێكه‌وتنێكی كاردا. به‌ڵام كاتێك ترس و نیگه‌رانیه‌كه زۆر‌و زیاد له‌پێویست بوو، كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر فرمان، لایه‌نه‌ی ده‌روونی و جه‌سته‌یی، یان لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بوو، ئه‌وا به حاڵه‌تێكی ئاسایی هه‌ژمار ناكرێت، به‌ڵكو وه‌ك ته‌نگژه‌یه‌كی ده‌روونی ده‌ستنیشان ده‌كرێت و پێویست به چاره‌سه‌ر ده‌كات. له‌وباره‌یه‌وه د.هێمن فاتح حه‌مه‌كه‌ریم پزیشكی پسپۆڕی ده‌روونی بۆ سایتی خاك نیشانه‌و چاره‌سه‌ری دڵه‌ڕاوكێ ڕوونده‌كاته‌وه. نیشانه‌كانی دڵه‌ڕاوكێ: نیشانه ده‌روونییه‌كانی: (ترس، توڕه‌بوون و هه‌ڵچوون، بێ ئۆقره‌یی، دڵته‌نگی، كه‌می ئاره‌زووی خواردن، كه‌می ئاره‌زووی سێكس، بێخه‌وی، نینۆك خواردن یان لێوخواردن، نه‌بوونی متمانه به خود، ڕاڕایی، گۆشه‌گیری، لاوازی سه‌رنجدان یان بیرچوونه‌وه، خه‌وزران یان خه‌وی ناخۆش بینین، كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاره‌زوو و چێژوه‌رگرتن له خۆشییه‌كان). نیشانه جه‌سته‌ییه‌كان: (ئازار، سڕبوون، ئاره‌قكردنه‌وه، له‌رزین، ده‌م وشكبوون، مێرووله‌كردنی جه‌سته، پلدانی ماسولكه، دڵه‌كوتێ، ته‌نگه‌نه‌فه‌سی، میزه‌چركێ، قژهه‌ڵوه‌رین، سه‌رگێژ خواردن، سكچوون، قه‌بزی، لاوازبوون، شه‌كه‌تی، پێچ بهسكدا هاتن، غازاتی ناوسك، تێكچوونی سوڕی مانگانه له خانماندا). د.هێمن ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه مه‌رج نیه هه‌موو نیشانه‌كان له یه‌ك كه‌س و له‌هه‌مان كاتدا ده‌ربكه‌ون، هه‌روه‌ها مه‌رج نیه هه‌موو نیشانه‌كان هه‌بن، ئه‌وكات به دڵه‌ڕاوكێ هه‌ژماربكرێت، به‌ڵكو چه‌ند نیشانه‌یه‌كیش هه‌بێت و كاریگه‌ره خراپه‌كانی له‌سه‌ر ژیانی كه‌سه‌كه دانابێت به په‌شێوی ده‌روونی دیاری ده‌كرێت، ده‌ركه‌وتنی و بوونی ئه‌م نیشانانه‌و چاره‌سه‌ركردنی پێویسته پزیشكی ده‌روونی ڕێنمایی تایبه‌ت بداته نه‌خۆشه‌كه. خاك – تانیا ئاواره
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure