21/10/2018 10:33 AM

Patchێكی سه‌روو ده‌نگ چاودێری په‌ستانی خوێن له‌ ده‌ماره‌ قوڵه‌كاندا ده‌كات

ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت چاودێری په‌ستانی خوێن له‌ باڵی كه‌سێكدا بكه‌یت، به‌ ده‌ستبه‌ندێكی (بازنه‌) پێوانی په‌ستانی خوێن ده‌توانیت ئه‌وكاره‌ ئه‌نجامبده‌یت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بته‌وێت په‌ستانی خوێنی كه‌سێك له‌ناو دڵ یان بۆرییه‌كانی خوێندا بپێویت، كاره‌كه‌ هه‌ندێك ئاڵۆزتره‌. ئه‌مكاره‌ پێویستی به‌ به‌كارهێنانی كاسێته‌ره‌ –له‌ناو خستنی بۆرییه‌كی باریك به‌ناو ده‌مارێكی باڵ، ڕان یان مل. ئه‌مكاره‌ش ده‌بێت له‌ نه‌خۆشخانه‌و له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی ده‌رمانی دژه‌ئازار ئه‌نجامبدرێت كه‌ چه‌ندین مه‌ترسی وه‌ك وه‌ستانی دڵ، جه‌ڵته‌ی مێشك، هه‌وكردن و خوێنبه‌ربوونی هه‌یه‌.

ئێستا تیمێك له‌ توێژه‌ران له‌ زانكۆی كالیفۆرنیا سانی دیه‌گۆ، په‌چێكی سه‌رووده‌نگی له‌به‌ركردنیان دروستكردووه‌ كه‌ ده‌توانێت به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ برینێك بێنێته‌ ئاراوه‌ چاودێری په‌ستانی خوێن له‌ خوێنبه‌ره‌ قوڵه‌كاندا بكات.

ئه‌م په‌چه‌ ده‌توانێت چاودێری ئه‌و كه‌سانه‌ بكات كه‌ نه‌خۆشی دڵ، نه‌خۆشی سی یان نه‌خۆشی تریان هه‌یه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌ره‌وڕووی مه‌ترسی ببنه‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌ دۆزینه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كانی دڵدا ده‌توانێت له‌ شێوازه‌ نه‌ریتییه‌كان سه‌ركه‌وتووتر بێت.

شێنگ ژوو پڕۆفیسۆری نانۆئه‌ندازیاری له‌ زانكۆی كالیفۆرنیا سان دیه‌گۆو به‌ڕێوه‌به‌ری توێژینه‌وه‌كیه‌، ده‌ڵێت: ئه‌و شته‌ی ئێوه‌ به‌ ده‌ستبه‌ند ده‌یپێون په‌ستانی خوێنی لاوه‌كییه‌–باڵ، ناوقه‌د، پێ، ئه‌و پێوه‌رانه‌ واتادار هه‌ن به‌ڵام هێنده‌ی پێوانه‌یه‌ك كه‌ له‌ناو خودی ئه‌ندامه‌كانی وه‌ك دڵ، سی و گورچیله‌كانه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێن، واتادار نین.

په‌چه‌كه‌ ده‌توانێت بۆ چاودێری ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ نه‌خۆشییه‌كان به‌كاربێت، وه‌ك نائاساییبوونی بۆرییه‌كانی دڵ، به‌رزی ته‌وژمی خوێنی سییه‌كان، به‌رگیرانی سییه‌كان، نائاسایبوونی بۆرییه‌كانی خوێن و شۆك. هه‌وه‌ها ده‌توانێت چاودێری ئه‌و كه‌سانه‌ بكات كه‌ زۆر نه‌خۆشن یان ده‌چنه‌ژێر نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه‌.

چوی تێك لیم پڕۆفیسۆری ئه‌ندازیاری زینده‌پزیشكی biomedical كه‌ له‌ زانكۆی نه‌ته‌وه‌یی سه‌نگاپوره‌وه‌ له‌سه‌ر ئامێره‌ له‌به‌ركردنییه‌ پزیشكییه‌كان توێژینه‌وه‌ ده‌كات، ده‌ڵێت: زۆر دڵخۆشكه‌ره‌ په‌چێكی ئاوه‌ها جگه‌ له‌سه‌ر په‌ستانی خوێن، ئه‌توانێت ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری هه‌ندێك نه‌خۆشی دڵیش زانیاری گرنگمان پێبدات و ئاگادارمان بكاته‌وه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ به‌شێوه‌ی ئاسایی و به‌ چاودێری ته‌زووی په‌ستانی خوێن ده‌رناكه‌ون، هه‌روه‌ها په‌چه‌كه‌ ده‌توانێت ڕه‌قبوونی بۆرییه‌كانی خوێن ئاشكرابكات كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵه‌وه‌.

خاك – ئا/ سه‌مه‌د كورده‌



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved