21/10/2018 03:35 PM

وڵاتەكەت باشتر بناسە گەشتێك بە نێو مێژووی كوردستاندا

مەحمود نە جمەدین

 كۆی بەرهەمەكانی مامۆستا مەلا جەمیل رۆژبەیانی كاركردنە لەناو دۆزی كورد و گەڕانەوە بۆ مێژووی كورد. ئەم پیاوە هەمیشە لە خزمەتی میللەتەكەیدا بووە و بەوتار و نووسینەكانی خزمەتی گەلی كوردی كردووە و دواجاریش لە خزمەتی دۆزی كورد و كوردایەتیدا شەهید كرا. مەلا جەمیل بەهۆی خوێندنەوە و گەشتكردن و گەڕان بە دوای زانیاری و شوێن و كەسایەتی ونبوو و بە دوای گوند و شاروشاروچكە و تایبەتمەندییەكانی لەم كتێبەشدا كە بەرهەمێكی مێژووییە لە شێوەی كارێكی رۆژنامەوانی یاخود باشتر بڵێم بەرنامەی تەلەفیزۆنی" بەرنامەی وڵاتەكەت باشتر بناسە" بەرنامەیەكی مێژووییە و گەشتێكە بەنێو شاروشاروچكە و شوێنەكانی كوردستاندا، مەلا جەمیل لەو ساڵانەی لە ئێران بووە. گەشت و گەڕان و گەڕیدەیی كردی بەو مەلا جەمیلەی كە ئەمڕۆ ئێمە سوود لە بەرهەمەكانی دەبینین، وەكو سەرچاوەیەكەی زۆر گرنگ. ئەوەی بە میرات لە مەلا جەمیلی رۆژبەیانییەوە بۆ ئێمە ماوەتەوە كۆمەڵێك بەرهەمی زۆر نایابە بەژیانی خۆی نووسیوێتێوە و هەر لەسەر ئەو نووسینە پڕ لە ئازایەتی و جوامێریانەش تیرۆر كرا. بەرهەمەكانی مەلا جەمیل بریتین لە چل وەزیر، ئەم بەرهەمەی لەسەر دوای محەمەد ئەمین عەسری وەرگێڕاوە بۆ كوردی، زانستی فەرمایشت و مێژوو، بوێژە كوردەكانی ناوچەی كەركوك، وەرگێڕانی شەرفنامە، هەنگ و كەڵكی بەشێك لە مێژووی هەولێر، مێژووی دەروێشی لە كوردستان، مێژووی سلێمانی و دەوروبەری، مێژووی داقوق، دین الكردالقدیمە، صلوات الیزیدیە، بەشی یەكەمی بیرەوەری رفیق حیلمی و.... چەندین بەرهەمی دیكە.
وڵاتەكەت باشتر بناسە ئەمە یەكێكە لە بەرهەمە نایابەكانی مەلا جەمیل رۆژبەیانی كە كتێبێكی قەبارە ئەستورە و لە دووتوێی 718 لاپەڕەدایە و دەزگای ئاراس چاپی كردووە. ناوەرۆكی كتێبەكە لە بارەی زانیاری مێژوویی و زانیاری جوگرافییای كوردستانە و لە ساڵانی شەست تا حەفتاكان لە رادیۆی تاران پەخشی كوردی وەكو كۆمەڵی بەرنامە مەلا جەمیل پێشكەشی كردوون و كە لە 249 بەش پێك دێ‌. ئەم بابەتانە رۆژنامەوانین و نووسەر مەلا جەمیل لە ئەنجامی خوێندنەوە و گەشت و گەڕانیدا توانیوێتی ئەو زانیارییانە كۆ بكاتەوە و لە بەرنامەیەكی ئاوهادا پێشكەشیان بكات. لە بارەی مێژوو و جوگرافیای كوردستانی ئێرانەوە زانیاری دەدات و تەنانەت لە بارەی كەسایەتییەكانی ئەو شوێنانەوە زانیاری دەدات. لەم كتێبەدا كە كۆمەڵی بەرنامەیە لە بارەی شاروشاروچكە و گوند و شەقام و چیا و خێڵ و شوێنەوارە كوردییەكانەوە لە كوردستانی رۆژهەڵات. لەوانە ئەردەڵان و ئەردەبیل و حەلەوان و سەیمەرە و شوش و شنۆ و سابڵاغ و سنە و قەڵای حەسەن ئاوا و سەقز و سەڵماس و ریزە چیاكانی قوشچی و باستان و برادۆست و پاتاق و پاڵنگان و ئیزە و ئیلام بابان و ئەسەد ئاباد و باسی بازار و عەمبارەكان و.... سەدان شوێنی تر دانەری ئەم كتێبە ورد و درشت لە بارەی ئەو شوێنانەوە شیكاری كردووە و زانیاری مێژووی هەیە كە لە كۆنەوە چۆن هاتووە و چۆن بووە، مەلا جەمیل بۆ ئەم زنجیرە بەرنامەیە كۆمەڵێك سەرچاوەی باشی بەكار هێناوە لەوانە مێژووی مەردۆخی و كتێبی كوردەكانی مینۆرسكی و سنووری جیهان و وێنەی زەوی و جوگرافیای خۆرهەڵاتی ئێران  و بولدانی ناصری و جوگرافیای رۆژئاوایی ئێران و ڕاهنومای شەهرستانها و نوزەهەت قلوب و تەریخ تەهران و....چەندین سەرچاوی دیكە. مەلا جەمیل رۆژبەیانی لەم بەرهەمەدا هەم وەك مێژوونووس كاری كردووە و هەم وەكو رۆژنامەنووسێك، شیكاری بۆشوێنە جۆراوجۆرەكانی كوردستان دەكات و بە مێژووی ئەو شوێنانەدا رۆچووەتە خوارێ‌ و زانیاری و بەڵگەكانی خستوەتە روو و دەچێتە بنج و بنەوانی شوێنەكان و كەسەكانەوە. تەنانەت قسە لەسەر شتە بچوكەكانیش دەكات. لە بارەی خو و رەوشت و هەڵسوكەوت و مامەڵە و كار و پیشە ئەو ناوچانەشەوە دەدوێت. لە بارەی شارە كۆنەكانی كوردستانەوە دەدوێت. لە بارەی عێل و سەرۆك هۆزەكان و بنەماڵەكانی  كوردەوە دەدوێت. بەگشتی ئەم كتێبە خولانەوەیە لە نێو مێژووی كۆنی كوردستانی رۆژهەڵات، كە زانیاری ورد ودرشت دەبەخشێتەخوێنەران. 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved