23/10/2018 09:01 AM

رۆژانه‌ 19 سه‌عات كاره‌با به‌ هاووڵاتیان ده‌درێت

پرۆژه‌ی زیادكردنی به‌رهه‌مهێنانی غازی سروشتی له‌ كێڵگه‌كانی كۆرمۆڵ كۆتاییهات و بڕیاریشه‌ رۆژانه‌ 19 سه‌عات كاره‌بای نیشتمانی به‌ هاووڵاتیان بدرێت.

له‌ راگه‌یه‌نراوێكی وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێم كه‌ كۆپیه‌كی بۆ خاك نێرداوه‌، راگه‌یه‌نراوه‌: ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 23-10-2018 له‌ هه‌رچوار پارێزگاكه‌ی كوردستان به‌رنامه‌ی دابه‌شكردنی كاره‌بای نیشتمانی ئاسایی ده‌بێته‌وه‌و رۆژانه‌ 19 سه‌عات كاره‌با به‌ هاووڵاتیان ده‌درێت.

هه‌ر له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، كۆمپانیای داناغاز به‌ هاوكاری وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیيه‌كان توانیویانه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی پرۆژه‌ی زیادكردنی به‌رهه‌مهێنانی غازی سروشتی له‌ كێڵگه‌كانی كۆرمۆڵ جێبه‌جێبكه‌ن، كه‌ بۆ ماوه‌ی كه‌متر له‌ 72 سه‌عات كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ردوو وێستگه‌ی غازی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌ سلێمانی و هه‌ولێر هه‌بوو.

له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌دا وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌ڕێگه‌ی كۆنترۆڵی كاره‌باوه‌ به‌ پلانێكی تۆكمه‌ ئه‌ركی رێكخستن و كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی وێستگه‌كانی تری به‌رهه‌مهێنانی كاره‌باو دابه‌شكردنی له‌ئه‌ستۆگرت و توانرا رێگا له‌وه‌ بگیرێت له‌كاتی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌دا كاریگه‌ری له‌سه‌ر هاووڵاتیان هه‌بێت.


خاك - راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێم




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved