هه‌ڵبژاردنی باشترین شیری قوت‌و بۆ منداڵی ساوا یه‌كێكه له‌و كێشانه‌ی روبه‌ڕووی دایكان و باوكان ده‌بێته‌وه كاتێك دایكه‌كه شیری خۆی نادات به منداڵه‌كه‌ی. باشترین جۆری شیر كامه‌یه‌و چۆن بدرێت به منداڵ؟ له‌وباره‌یه‌وه د.كامه‌ران ڕه‌سوڵ ژاژڵه‌یی پسپۆڕی زانستی خۆراك و نه‌شته‌رگه‌ری گشتی به سایتی خاكی راگه‌یاند: جۆره‌كانی شیری قوت‌و له‌ڕووی زانستییه‌وه زۆربه‌ی شیری قوت‌و و وشكراو له شیری مانگا دروستكراون، به‌ڵام ده‌ستكاریكراون تا ئاسان هه‌رسبكرێن، ئه‌مجۆره ناگونجێت بۆ ئه‌و منداڵانه‌ی هه‌ستیاریان به شیری مانگا هه‌یه یان ئه‌نزیمی لاكتۆزیان نیه. * شیری قوتوی دروستكراو له سۆیا: ئه‌مجۆره به‌كاردێت بۆ ئه‌و منداڵانه‌ی هه‌ستیاریان به شیری مانگا هه‌یه یان ئه‌نزیمی لاكتۆزیان نیه، به‌ڵام هه‌ندێك منداڵ كه هه‌ستیاریان به پڕۆتینی شیری مانگا هه‌یه ڕه‌نگه شیری سۆیاشیان پێنه‌كه‌وێت. * شیری قوتوی پڕۆتین هه‌ڵوه‌شێنراو: ئه‌مجۆره پڕۆتینه‌كانی ناو شیره‌كه به‌ته‌واوی یان به‌شێكی زۆری هه‌ڵوه‌شێنراوه تا بگونجێت بۆ ئه‌و منداڵانه‌ی هه‌ستیاریان به پڕۆتینی شیری مانگا یان سۆیا هه‌یه. * هه‌ندێك جۆر شیری قوتوی تایبه‌ت هه‌یه بۆ ئه‌و منداڵانه‌ی نه‌خۆشییه‌كی زگماك یان درێژخایه‌نیان هه‌یه وه‌ك نه‌خۆشی گه‌نم. گرنگترین رێنمایی بۆ هه‌ڵبژاردنی شیری قوت‌و: 1- له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی خۆراك و ده‌رمانی ئه‌مریكی FDA ڕێگه‌پێدراو بێت، به‌ڵام ئاگاداربه هه‌ندێك جۆر مۆری ڕێكخراوه‌كه‌ی له‌سه‌ره به‌ڵام ساخته‌یه. 2- له‌گه‌ڵ شیری قوت‌و پێویسته ئه‌و ڤیتامین و كانزا گرنگانه‌ی تێدابێت كه بۆ گه‌شه‌ی منداڵ پێویسته، به‌ڵام ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ت كه‌می ئاسن و ڤیتامین و كانزاكانی تری هه‌بوو پێویسته شیری ده‌وڵه‌مه‌ندكراوی supplemented بۆ به‌كاربهێنێت. 3- شیری قوتوی ده‌وڵه‌مه‌ندكراو: supplemented ئه‌وجۆرانه‌یه كه بڕی زیاتر له ڤیتامین و كانزاكان و پێكهاتووی خۆراكیان تێدایه وه‌ك: ئاسن، زنك، ڤیتامین، ئۆمێگا3، پڕۆبایوتیك. 4- ئه‌و شیری قوتوه بكڕه كه به‌رواری به‌رهه‌مهێنانی تازه‌یه‌و به‌رواری به‌سه‌رچوونی زۆر دووره‌و نابێت به‌رواری ئێكسپایه‌ربوونی نزیك بێت. 5- نابێت زووزوو شیری منداڵه‌كه‌ت بگۆڕیت، ئه‌گه‌ر گه‌شه‌ی كێش و باڵای منداڵه‌كه‌ت وه‌ك پێویست نه‌بوو ڕه‌نگه هۆكاره‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ شێوازی گرتنه‌وه‌و ئاماده‌كردن و شێوازی پێدانی شیره‌كه زۆربه‌ی كات یان بوونی كێشه‌یه‌كی ته‌ندروستی. 6- بزانه ئه‌و شیره بۆ ته‌مه‌نی منداڵه‌كه‌ت گونجاوه یان نا. 7- هه‌رگیز قوتوی قوپاو، قرنجاو، هه‌ڵپچڕاو مه‌كڕه. خاك – تانیا ئاواره
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure