23/10/2018 03:38 PM

پاڵەوانەكانی غائیب توعمە فرمان مرۆڤە راستەقینەكانی نێو كۆمەڵگای عیراقین


سەهەند ئازاد
مرۆڤێكی زێدە چالاك و ئەدیبێكی نێوداری عیراق بووە، ساڵی 1927 لە بەغداد سەردەنێتەوە، ئەو نەخۆشیەی كە هەر لە منداڵیەوە ئازاری دەدا، تازە پێدەگەیشت، ئەو دەردە بوو بە چارەنووسی، غائیب توعمە فرمان بۆ چارەسەری نەخۆشی رووی لە میسر كرد، بەڵام ژیان لە قاهیرە ئاڕاستەی                                                            
ئەوی گۆری و بەرەو ئەدەب هەنگاوی نا، دانیشگەكانی سەلامە موسا و نەجیب مەحفوز ژیانی ئەویان گۆڕی، چایخانەی ئۆپێرا لە میسر  یەكەم ویستگەی ئەو دەبێت، لێرەوە دەروازەی ئەدەب بەروویدا كرایەوە، لە چایخانەكانی قاهیرەوە، قوناغی ژیان و ئەزموونی ئەدەبی غائیب توعمە فرمان دابەش دەبێت بەسەر ئەزموونی كەلتوری عەرەبی، ئەزموونی شیعر، پەخشان، رۆمان، پاڵەوانی رۆمانەكانی غائیب مرۆڤە راستەقینەكانی نێو كۆمەڵگای عیراقین، بەڵام بە تەكنیك و شێواز و خەیاڵی ئەدەبی، بەرهەمەكانی گوزارشتن لە ژیانی بەغداد، پاڵەوانەكانی لە شەقامەكانی بەغدادا دەژین، عیراقی خوێناوی مەودای ژیانی نەدا و شەڕ ترسناكە یەك لە دوای یەكەكان هۆكاری هەڵهاتنی خەڵكی عیراق بوو بەرەو رۆژئاوا، غائیب توعمە فرمانیش وەك هەر یەكێك لەو عیراقیە هەڵهاتوانە روو لە تاراوگە دەكات و لە مۆسكۆ نیشتەجێ‌ دەبێت، یەكەم چیرۆكی بە ناوی "مصریە فی العراق" لە گۆڤاری "الجزیرە "دا بڵاو كردەوە، سێ‌ چیرۆكی لە گۆڤاری "الرسالە مصریە" بڵاوكردوەتەوە، ساڵی 1954 لە پاش گەڕانەوەی لە میسر كۆلێژی ئەدەب لە بەغداد تەواو دەكات، پاشان لە بەشی شكایەت لە رۆژنامەی ئەهالی دادەمەزرێت و ئەم كارە یارمەتی زۆری ئەدات بۆ نوسینی چیرۆك و رۆمانەكانی، شكایەتی خەڵكی غائیب توعمە فرمان لە گرفتەكانی كۆمەڵگا ئاگاداردەكاتەوە و هەر بۆیە رۆمان و چیرۆكەكانی گوزارشتن لە گیر و گرفتەكانی كۆمەڵگا. ئەو گرفتانە دەبنە روداوی رۆمانەكانی، لەپاڵ ئەم كارەدا وەك مامۆستای عەرەبی  خزمەتی پەروەردە دەكات، پاش ماوەیەك دەچێتە لوبنان و لە شەستەكانیشدا دەچێت بۆ روسیا، خوێنەرێكی باشی توراس و مێژوو و هونەر و كۆمەڵایەتی عیراق بووە، غائیب  لە مۆسكۆ دەژیا و رۆمان و چیرۆكەكانی لە واقیعی  عیراق بوو، لە مۆسكۆ وە واقیعی سەختی عیراقی دەكرد بە چیرۆك، لە تاراوگەوە ئاگای لە روداوەكانی عیراق بووە، روداوی چیرۆك و رۆمانەكانی لە بارەی ژانی عیراقیەكانەوە بووە، لە سەرەتای ژیانییەوە ئەو نەخۆشییەی سییەكانی ئازاری دەدا و بەدەم ئازارەوە پەرەی بە ئەدەب دا و داهێنانی كرد، لە پاش شۆڕشی چواردەی تەموزەوە ململانێی چەپڕەو  و راستڕەوی نەتەوەیی لە عیراقدا دروستبوو، غائیب میلی بەلای چەپڕەویدا بوو، لەژێر كاریگەری بیری چەپ دا ژیانی پڕ كێشە و تراژیدیای مەرگ و برسێتی و ترس و هەژارانی عیراق بوون بە بابەت و ڕوداوی رۆمانەكانی، غائیب نەوەی تازەگەری عیراقە و لە نەوەی مەحمود بریكان و حوسێن مەردان و مونیر بەشیرو...غائیب میرات گەری رۆمانی عیراقی لە تاراوگەوە عیراقی لە بیرنەكرد و عیراقی شەڕ و شۆڕش و كاوكاری بوو بە ڕوداوی رۆمانەكانی، گێڕەرەوەی چیرۆكەكانی شار و ژیانی خەڵكی هەژار و روداوی خەڵاكانی هەلپەرست و شەڕە تۆقێنەرەكانی عیراق، كێشە كۆمەڵایەتیەكانی دەكرد بە بابەتی نووسینەكانی، عیراق بە كوردستانی باشووریشەوە بە دەست كۆمەڵێ‌ گرفتی دیاری كراوەوە دەیانناڵاند، كێشەی كۆمەڵایەتی و ئاین و كەلتوور و نەتەوە و شوناس و شەڕی ناوخۆی نەتەوەكان و ئازادی سێكس و زمان. ئەمانە روداوی رۆمانە عیراقیەكان بوو، سەردەمی غائیب سەردەمی كێشە كۆمەڵایەتیەكان بوو، دكتۆر عەبدوڵڵا ئەحمەد لەكتێبەكەیدا (نشاە القصە وتگورها فی العراق) ئاماژە بە رۆمان و چیرۆكی عیراقی ئەو رۆژگارە دەدات و دەربارەی گرفتە كۆمەڵایەتیەكان دەدوێت لە ئەدەبی عیراقیدا، لە دوای شۆڕشی چواردەی تەمووزەوە كێشەكان تەشەنەیان سەند و گرفتی نەتەوەی و سیاسی و ململانێی چەپڕەوی و راستڕەوی هاتە ئاراوە، غائیب وەك هاوسەردەمەكامی گوزارشتی لە ڕوداوانە دەكرد، كە لە عیراقدا روویان دەدا.
 بەرهەمەكانی غائیب توعمە فرمان بریتین لە (حصاد الرصی، كۆمەڵە چیرۆك 1954-مولود اخر كۆمەڵە چیرۆك 1955- النخلە والجیران رۆمان 1966-خمسە اصوات رۆمان 1967-المخاچ رۆمان 1973-القربان رۆمان 1975-ڤلال علی النافژە رۆمان 1979-الام السید معروف رۆمان 1980-المرتجی والمۆجل رۆمان 1986- المركب رۆمان 1989-) ئەو بەرهەمانەی كە وەریگێڕاوە بۆ سەر زمانی عەرەبی بریتین لە بەرهەمەكانی تۆرجنیف لە پێنج بەرگ پێكدێت، القوازق –تۆلستۆی، كۆمەڵە چیرۆكێكی دۆستویڤسكی، كۆمەڵە چیرۆكێكی مەكسیم گۆركی، المعلم الاول –یتماتۆف، بەرهەمەكانی پۆشكین، بەرهەمی لوشین كەیەكێكە لە رۆشنبیرە ناودار بەتواناكانی وڵاتی چین غائیب توعمە فرمان لە شەستەكانی سەدەی بیستدا وەریگێراوە بۆ سەر زمانی عەرەبی. ئەمانە كۆی ئەو بەرهەمانە بوو، كە غائیب بە نەخۆشی و لە تاراوگەوە نوسیونی و وەریگێڕاون، ئەم رۆماننوس عیراقیە بە یەكێ‌ لە باشترین و رۆمانوسەكانی عیراق دادەنرێت و لە تاراوگەوە ژان و عەزابی كۆمەڵگای عیراقی كرد بە رۆمان و چیرۆك نووسیوە، پاڵەوانەكانی لە شەقامەكانی پایتەخەتدا دەگەڕێن، ئەو رۆحانەن كە لە شەقامی رەشید و بازاری شۆریجە و....دەگەڕێن، ئەو مرۆڤە غەمگینانە كە شەڕ وماڵ وێرانی و هەژاری سەری لێ‌ شێواندوون، ئەدەبی غائیب توعمە فرمان لە میسر سەری هەڵدا و لە مۆسكۆ گیرسایەوە و نیگاری عیراقی كێشا.                                                       




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved