24/10/2018 08:54 AM

سلێمانی .. دوو نۆرینگە دادەخرێن

بەهۆی سەرێچیكردن و جێبەجێنەكردنی ڕێنماییەكان، وەك فرۆشتنی دەرمانی نەخۆشيیە درێژخایەنەكان، لیژنەی هاوبەشی تەندروستی لە دوو نۆرینگە دەست بەسەر بڕێكی زۆر دەرمانی جۆراوجۆری ئەو نەخۆشیانەدا دەگرن و قائیمقام بڕیاری‌ داخستنیان بۆ ماوەیەكی دیاریكراو دەدات.

گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: لەمیانی گەڕان و بەدواداچوونە بەردەوامەكانی لیژنەی هاوبەشی تەندروستی كە یەكێكە‌ لە لیژنە هاوبەشەكان، توانراوە دەست بەسەر بڕێكی زۆر دەرمانی جۆراوجۆری نەخۆشيیە درێژخایەنەكان لە دوو نۆرینگەدا بگرن كە بۆیان نیيە بیفرۆشن.

وتیشی: بەپێی رێنماییەكانی سەندیكاكانی دەرمانسازان و كارمەندانی تەندروستی، نۆرینگەكان توانای فرۆشتنی تەنها (18 ئایتم) لە دەرمانیان هەیە، لەوە زیاتر رێگەی پێنادرێت و لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.

راشیگەیاند: هەردوو نۆرینگەی (شاهۆ و رۆژستی) بەهۆی پابەند نەبوونیان بە مەرج و رێنماییەكانی كاركردن و هەبوونی بڕێكی زۆر دەرمانی نەخۆشیيە درێژخایەنەكان و فرۆشتنی بە نەخۆش، بە بڕیاری قائیمقامی سلێمانی‌ بۆ ماوەی حەوت رۆژ دادەخرێن و تەواوی دەرمانی نەخۆشيیە درێژخایەنەكانیشیان لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە لەناودەبرێن.

گۆران قادر داوا لە هاووڵاتیانی شاری سلێمانی دەكات، بۆكڕینی دەرمانی نەخۆشيیە درێژخایەنەكان سەردانی دەرمانخانەكان بكەن و دڵنیابنەوە لەوەی ئەو كەسەی رێنمايی بەكارهێنانەكانتان بۆ رووندەكاتەوە دكتۆری دەرمانساز بێت، لەپێناو تەندروستی خۆیاندا  بەوردی سەیری بەرواری بەسەرچوونی دەرمانەكان بكەن و لەكاتی هەبوونی هەر سەرپێچییەكدا پەیوەندی بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیەوە بكەن.

 

خاك -  راگەیاندنی قایمقامیەتی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved