دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا پلانی وه‌رگرتنی له زانكۆ‌و په‌یمانگه‌كان بۆ ساڵی خوێندنی (2018-2019) زیادكرد، به شێوه‌یه‌ك به‌هۆی پلانه‌كه‌وه 16 هه‌زار كورسی خوێندن بۆ ئه‌و خوێندكارانه خرایه به‌رده‌ست كه له‌هیچ شوێنێك وه‌رنه‌گیراون، له ئه‌نجامدا 5200 سكاڵا تۆماركرا، به‌ڵام نزیكه‌ی 11 هه‌زار كورسی به به‌تاڵی مانه‌وه. له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ ده‌رچووانی خولی دوه‌می قۆناغی 12ی ئاماده‌یی، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی چه‌ند بڕیارێكی گرنگیدا كه بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه: 1. جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه جیاوازی كه‌مترین كۆنمره‌ی وه‌رگرتن له‌نێوان خولی یه‌كه‌م و خولی دووه‌م به شێوه‌یه‌ك بێت له 3 نمره زیاتر تێپه‌ڕ نه‌كات. سیستمی سكاڵاكه‌ش به شێوه‌یه‌ك ڕێكخراوه له‌هه‌ر به‌شێك به‌پێی پێویست سیستمه‌كه خۆی كورسی بۆ ده‌رچووانی خولی دووه‌م زیاد ده‌كات، تا جیاوازی نێوان كه‌مترین كۆنمره‌ی هه‌ردوو خول دێته كه‌متر له 3 نمره. 2. ئه‌و 50 شوێنه‌ی ده‌رچووانی خولی دووه‌می 12ی ئاماده‌یی پێشتر داواكارییان لێی پێشكه‌شكردووه، به‌پێی كه‌مترین كۆنمره‌ی وه‌رگرتن ده‌بێته بنه‌ما بۆ وه‌رگرتنیان له زانكۆ‌و په‌یمانگه‌كان، واته ئه‌گه‌ر نمره‌ی ده‌رچوو به‌پێی ئه‌و 50 شوێنه‌ی هه‌ڵیبژاردووه وه‌رگیرابێت، ئه‌وا به‌پێی ریزبه‌ندی سیستمه‌كه ئه‌و شوێنه‌ی بۆ ده‌ستنیشانده‌كات. 3. كردنه‌وه‌ی ده‌رگای سكاڵا تۆماركردن بۆ سه‌رجه‌م ده‌رچووانی خولی دووه‌م، بۆیه له ڕێكه‌وتی 25/10/2018 تا 30/10/2018 ده‌رچووانی خولی دوه‌م ده‌توانن به‌هه‌مان وشه‌ی تێپه‌ڕو وشه‌ی نهێنی (پاسۆردو یوزه‌رنه‌یم) سكاڵاكانیان له وێبسایتی (www.regayzanko.com) به شێوه‌ی ئۆنلاین تۆماربكه‌ن. 4. ئه‌و 860 ده‌رچووه‌ی كه سه‌رباری ئه‌وه‌ی 50 شوێنیان له فۆرمی پێشكه‌شكردن له سیستمه‌كانی وه‌رگرتن پركردۆته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی لیستی شوێنه‌كانیان ڕه‌وانه نه‌كردبوو (Submit)، ناویان له‌هیچ شوێنێك نه‌گه‌ڕابوه‌وه، ئه‌گه‌ر له ده‌رچووانی خولی دووه‌م بن ئه‌وا به‌هه‌مانشێوه ئه‌وانیش ده‌توانن سوود له‌م ده‌رفه‌ته وه‌ربگرن. 5. ئه‌و 5200 ده‌رچووه‌ی كه له‌ماوه‌ی سكاڵای یه‌كه‌مجار سكاڵایان تۆماركردبوو، ده‌توانن سوود له‌و ده‌رفه‌ته وه‌ربگرنه‌وه‌و به سكاڵاكانیاندا بچنه‌وه. 6. ده‌رچووانی خولی دووه‌م كه ناویان له‌هه‌ر شوێنێك گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و ئێستا وه‌رگیراون، به‌ڵام به شوێنه‌كانیان ڕازی نین به‌هه‌مانشێوه ده‌توانن سكاڵا تۆماربكه‌ن. 7. هه‌ر ده‌رچوویه‌كی خولی دووه‌م كه پێشتر نه‌یتوانیوه سكاڵا تۆماربكات، له ماوه‌ی دیاریكراو ده‌توانێت سكاڵای خۆی تۆماربكات. وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌رچووانی 12ی ئاماده‌یی دڵنیاده‌كاته‌وه كه ستافی وه‌زاره‌ت له هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وامین، چونكه خۆمان به خه‌مخۆرو لایه‌نی سه‌ره‌كی ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌زانین، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه هێشتا كورسییه‌كانی زانكۆ‌و په‌یمانگه حكومییه‌كان پڕنه‌بۆته‌وه، هه‌ربۆیه وه‌زاره‌ت وه‌ك ساڵانی پێشوو پلانی هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه په‌یوه‌ندارن به وه‌رگرتنی قوتابیان و خوێندكاران له زانكۆكان. خاك - به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure