25/10/2018 09:12 AM

چەند بڕیارێكی تر سەبارەت بە دەرچووانی قۆناغی 12 دەردەكرێت

بۆ تاووتوێكردنی بارودۆخی وەرگرتنی دەرچووانی 12ی ئامادەیی لە زانكۆو پەیمانگەكان و خستنەڕووی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ كێشەی ئەو دەرچووانەی كێشەی وەرگرتنیان هەیە، ڕۆژی 24-10-2018 لە دیوانی وەزارەت كۆبونەوەی لێژنەی باڵای وەرگرتن بە ئامادەبوونی د.خەتاب ئەحمەد شێخانی بەڕێوەبەری گشتی دیوان و سەرۆكی لێژنەی باڵای وەرگرتن و د.محمد سابیر بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و د.جەمال كەمال یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و ئارام ئیبراهیم بەڕێوەبەری ناوەندی وەرگرتن و بەڕێوەبەری تۆماری گشتی سەرجەم زانكۆ حكومییەكانی هەرێم بەڕێوەچوو.

لەو كۆبونەوەیەدا باس لە دوایين هەنگاوەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ چارەسەری كێشەی دەرچووانی 12ی ئامادەیی كرا، بۆ ئەوەش د.خەتاب ئەحمەد شێخانی سەرۆكی لێژنەی باڵای وەرگرتن لە وتەیەكدا ئاماژەی بەوە كرد كە وەزارەت بەچڕی و وردى كاری بۆ وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كردووە، بە شێوەیەك ئەمساڵ دەرچووانی خولی یەكەم و دووەم لەیەك كاتدا بە سیستمەكانی (زانكۆلاین، ڕاستەوخۆ بەكریدیت، پارالێل و ئیواران) وەرگیراون، ئەوەش له چوارچێوەی ئەو چاكسازیانەیە كە وەزارەت لە ناوەندی وەرگرتنی خوێندكاران كردویەتی.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا سەرۆكی لێژنەی باڵای وەرگرتن باسی لە ئامادەكارییەكانی وەزارەت و شیكردنەوەی بڕیارەكانی وەزارەت كرد بۆ كردنەوەی دەرگای سكاڵا تۆماركردن بۆ سەرجەم دەرچوانی خولی دووەم (وەرگیراو و وەرنەگیراو)، كە‌ لە سەعات (10:00)ی سەرلەبەیانی ڕێكەوتی (25/10/2018) كارابكرێت و تا ڕێكەوتی (30/10/2018) دەرچووانی خولی دووەم دەتوانن بەهەمان وشەی تێپەڕو وشەی نهێنی (پاسۆردو یوزەرنەیم) سكاڵاكانیان لە وێبسایتی (www.regayzanko.com) بە شێوەی ئۆنلاین تۆماربكەن.

د.خەتاب شێخانی جەختیشی لەوە كردەوە كە جیاوازی كەمترین كۆنمرەی وەرگرتن لەنێوان خولی یەكەم و خولی دووەم بە شێوەیەك دەبێت لە (3) نمرە زیاتر تێپەڕ نەكات و ئەو (50) شوێنەی دەرچووانی خولی دووەمی 12ی ئامادەیی پێشتر داواكارییان بەهۆیەوە پێشكەش كردووە، بەپێی كەمترین كۆنمرەی وەرگرتن دەبێتە بنەما بۆ وەرگرتنیان لە زانكۆو پەیمانگەكان.

لە بەشێكی تری كۆبونەوەكەدا چەند بابەتێكی پەیوەست بە وەرگرتنی دەرچووانی 12ی ئامادەیی تاووتوێكران، بۆ ئەو مەبەستەش ڕەزامەندی درا لەسەر:

1- پێدانی دەرفەتی شوێن گۆڕین بە خوێندكارانی قۆناغی یەكەم، بەپێی كۆنمرەی خوێندكار، نەك بەپێی كەمترین كۆنمرەی بەش، ئەوەش بە ڕەزامەندی هەردوو بەش جێبەجێ دەكرێت.

2- گۆڕینی شوێن لە سەرجەم سیستمەكان (زانكۆلاین، ڕاستەوخۆ بەكریدیت، پارالێل و ئێواران) ئەنجامدەدرێت، بەڵام بە ڕەچاوكردنی كەمترین كۆنمرەی وەرگیراو و پلانی بەش، بەڵام شوێن گۆڕین لە ئێواران بۆ بەیانیانی (زانكۆلاین – كریدیت – پارالێل) ئەنجامنادرێت.

3- پڕكردنەوەی كورسیە بەتاڵەكانی پارالێل و ئێواران بە مەرجی كۆنمرەو تەمەن دەبێت، ئەوەش لەڕێگەی دابەشكردنی فۆڕمی تایبەت لە تۆماری گشتی زانكۆكان بە ڕەچاوكردنی ڕێنماییەكانی پارالێل و ئێواران.

4- جێبەجێكردنی بڕیاری شوێن گۆڕین لە دەسەڵاتی زانكۆكان دەبێت، هەروەك وێنەیەك لە فرمانی زانكۆیی بۆ شوێن گۆڕین بۆ وەزارەت بەرزدەكرێتەوە.

5- ئەنجامدانی ڕێكارەكانی شوێن گۆڕین بۆ خوێندكارانی قۆناغی یەكەم لە ڕێكەوتی (25-10-2018) دەستپێدەكات و تا ڕێكەوتی (8-11-2018) بەردەوامدەبێت.

خاك - راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved