27/10/2018 09:45 AM

له‌باره‌ی ئاوی خواردنەوەی ده‌به‌وه‌ هۆشداری ده‌درێت

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لەبارەی مامەڵەكردن و بەكارهێنانی ئاوی خواردنەوەی (لەدەبەنراو) هۆشداری دەداتە خاوەنی كارگەو ماركێتەكان و هاووڵاتیان.

لەبارەی ئەو زیانە تەندروستییانەی بەهۆی ئاوی خواردنەوەی (لەدەبەنراو) لەكاتی مامەڵەی نەشیاودا بەر هاووڵاتیان دەكەوێت، گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: داوا لە هاووڵاتیان دەكەین لەكاتی كڕینی ئاوی خواردنەوەدا چاوكراوەتر بن بەوەی هەر ماركێتێك ئەو ئاوەی لەبەر تیشكی خۆر دانابوو لێی نەكڕن و تەنها لەو شوێن و ماركێتانە ئاوی خواردنەوە بكڕن كە ئاوەكەیان لە جێگای تایبەتدا داناوە.

هاوكات هۆشداریشی دا بە خاوەنی دوكان و ماركێتەكان كە هەركەسێك ئاوی لەدەبەنراوی خواردنەوە لەژێر تیشكی خۆردا دابنێت سزادەدرێت و مامەڵەی یاسایی لەگەڵدا دەكرێت.

لەبارەی كارگەكانی بەرهەمهێنانی ئاوی ناو دەبەیشەوە، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: دەبێت بەوریاییەوە ئەو ئاوە بگوێزنەوە لە كارگەكانەوە بۆ بازاڕو ماركێتەكان بە جۆرێك لە ئۆتۆمبێلی تایبەتدا بێت و بەتەواوی ئاوەكە داپۆشرا بێت، بەپێچەوانەوە رێكاری یاسایی لەگەڵ سەرپێچیكاراندا دەگیرێتەبەر.

سەبارەت بەو هۆشداریدانە توندەی لیژنەكانی قائیمقامیەت، گۆران قادر ئاشكرایكرد ئەو ئاوی خواردنەوانەی لەدەبەدان، ئەگەر بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێكی كەمیش تیشكی هەتاویان بەربكەوێت پێكهاتەكەیان دەگۆڕدرێت و شیاوی خواردنەوە نین و زیانی زۆری تەندروستییان هەیە.


خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved