27/10/2018 02:30 PM

ململانێی بازار و سەردەمی مەرگ


سەهەند ئازاد

 فریدریك بیگبیرید رەخنەگری ئەدەبی و دەرهێنەر و رۆژنامەنووس و رۆماننوسی نەوەی نوێی فەڕەنسا لە ساڵی 1965 لە نویی سورسین لە بنەماڵەیەكی رۆشنبیر لە دایكبووە، لە بواری پڕوپاگەندەی بازار و ئابووریدا كاری كردووە ساڵی 1990 یەكەم رۆمانی بڵاوكردووەتەوە، پەیمانگای زانستە سیاسییەكانی لە پاریس تەواوكردووە، ساڵی 2002 بەرنامەیەكی گفتوگۆی لە كەناڵی بلوسی فەرەنسی پێشكەش دەكرد، رۆمانەكانی بیگبیدیر بریتین لە" ژاكیرە رجل الشباب بالانزعاج "ساڵی 1990 چاپ وبڵاوی كردووەتەوە، 1994 رۆمانی "عگلە فی غیبوبە"1997 "الحب یدوم پلاپ سنوات" ساڵی 2000 رۆمانی" 99فرانك" ساڵی 2003" ویندوز علی عالم" ساڵی 2005 "روانسیە الانانیە"2007" مغفرەتعلیمات" 2009. چیرۆكەكانی " لەانبا‌وعن النشوە" ساڵی 1999- ساڵی2001 وتارەكانی بەناوی "جرد نهایەقبل التصفیە."  
فریدریك بیگبیدیر بە یەكێ‌ لە رۆماننووسەكانی نەوەی نوێی فەڕەنسا دادەنرێت، بڕوانامەی لە بواری ریكلام و پروپاگەندەی بازار و فرۆشتن وەرگرتووە، بیگبیدیر لە وكالەی یونگ رۆبیكەم  كاری ریكلامی دەكرد لەدوای بڵاوبوونەوەی رۆمانی نەوەد و نۆ فرانكەوە لە كارەكەی دەردەكرێت، هاوكات بیگبیدیر وەكو رەخنەگر لە چەند گۆڤارێك و بەرنامەی تەلەفیزۆنی كاردەكات، رۆمانی نەوەدنۆ فرانك باس  لە خۆشەویستی و سەرمایەداری و بابەتی پروپاگەندەی بازار دەكات، ئەم رۆمانە شەش بەشە و هەر بەشەو  ناونیشانێكی هەیە و لە ناوەوە بەشەكان بەسەر چەند بەشێكی تردا دابەش دەبێت. 
ئەم رۆمانە چیرۆكی بازرگانی و رۆژگاری تازە دەگێڕێتەوە. باسی سەردەمێك دەكات مرۆڤ وەكو شمەكێك وایە، روداوەكان لە بارەی دونیای سەرمایەداری و عەولەمە و بازارەوەیە، وێنەكانی نێو ئەم رۆمانە گوزارشتن لە دونیای تازە و سەردەمی تەكنەلۆژیا، پاڵەوانی رۆمانەكە كەسێكی سەرشێتە و هەمیشە لە بارەی ئامانجی بوونەوە دەدوێت، هاوكات لە بارەی خۆشەویستییەوە دەدوێت، بەڵام پێی ناگات چونكە خۆشەویستی پێویستی بە قوربانی دانە و ئەویش ئامادەنییە قوربانی بۆ عەشق بدات و ئەو مرۆڤی سەردەمێكی نوێیە، كە خودی ژیان بە هیچ شتێك ناگۆڕێتەوە، ئەمە وێنەی ئەوروپایەكە بە قۆناغی سەرمایەداری و تەكنەلۆژیادا تێدەپەڕێت، نوسەر دەیەوێت لەم بابەتەوە باس لە سەدەی بیست و یەك و ژیانی هاوچەرخی ئەوروپییەكان بكات، چیرۆكی سەردەمێك كە ئیتر پیرۆزیەكان كاڵ دەبنەوە، پاڵەوانی ئەم رۆمانەوەك زۆرێك لە هاوسەردەمەكەی ئامادەنییە قوربانی بۆ عەشق بدات و تەنها لەزەت و خۆشیەكانی عەشقی بەلاوە گرنگە، ئیدی كەس ئامادەنیە وەك چیرۆكە ئەفسانەییەكان ژیانی خۆی بكات بە قوربانی بۆ عەشقێك، ئەم سەردەمە رۆژگاری فەرهاد و مەجنون و مەم نییە، عەشق لە پەیوەندیەكی خێرادایە و دەستپێكی عەشق سێكسە، مرۆڤ لەو وەها هاسەردەمێكدا دەیەوێت وەكو كەرەستەیەكی ماتەری عەشقی دەست بكەوێت فریدریك بیگبیدیر باس لەسەردەمێك دەكات مرۆڤەكانی بەدوای كامەرانیدا دەگەڕێن، ئاسودەیی لەكوێ‌ بێت بۆ ئەوێ‌ دەچن، چەمكی عەشق و نیشتیمان و پیرۆزییەكان كاڵ بوونەتەوە، سەردەمێك كە موقەدەس گرنگ نییە ئاسودەگی گرنگە، خۆشبەختی گرنگە. پاڵەوانی رۆمانەكە "ئۆكتاف"ە كەسێكە كە لە بواری ریكلام ئیش دەكات، ئۆكتاف لە سەرەتای رۆمانەكەدا وەك گێڕەرەوەی رۆمانەكە دێتە قسە و باسی خۆی دەكات، گێڕەرەوە چیرۆكی خۆشبەختی دەگێڕێتەوە بۆ خۆی و بۆ خەڵك، ئاسودەیی گوتارێكی ئەم رۆمانەیە ئاسودەیی لای مرۆڤی هاوچەرخ لە هەموو شتێك گرنگترە، ئەم رۆمانە ململانێی سەرمایەداری و كار و بونی مرۆڤ و دەستەبەری كارە
گێڕەرەوە لە بەشی وەبەرهێنانی شیر كاردەكات و باسی بازرگانی گەورە دەكات و حیكایەتی سەرمایەداری شیر دەگێڕێتەوە لەسەدەی بیست و یەكدا، باسی مرۆڤی لە كاركەر(مستهلك) دەكات رۆح لەبەرێك لەدواهەمین رەگەز، نوسەر دەچێتە نێو باسی بیروباوەری ماركسەوە و گوزارشتەكان لە بارەی ژیانی سەرمایەداریەوەیە، هاوكات باس لە چێژی ئەدەب و نوسین و گۆرانی جیهان دەكات. لە ژێر تیشكی گوتەیەكی گرامشیەوە دەڵێت دەبێت دونیا بگۆڕێت، بیگبیدیر هاوكات دەچێتە نێو ژیانی  كەسایەتیە شۆڕشگێرەكان و فەیلەسوفەكانەوە و لەبارەی ژیانی گۆرباتشوف و گیڤارا و نیتچە و ماركس و تروتسكی و ئارتۆر رامبۆ و قەسیدەیەكی بۆدلێر و فیلمی هیندی و ئەمریكی و ڤیستیڤاڵی كان  دەدوێت، دەیەوێت بچێتەنێو گوتارێكی فیكری ئابووری و رۆشنبیریەوە، دەچێتە نێو ململانێی سەرمایەداری. وێنەی بازاری ئەوروپا دەكێشێ‌، بازارێك كە رۆژ بە رۆژ گەورەتر و ترسناك تر دەبێت. تەواوی روداوەكانی ئەم رۆمانە لە بارەی بازار و كڕین و فرۆشتن و وەبەرهێنانەوەیە، وەبەرهێنان ئەو مەكینەیەیە ئەمڕۆ ژیانی ئەوروپا و ئەمریكا و هەندێك وڵاتانی ئاسیای بەرەو ئاڕاستەیەكی دیكە بردووە، باس لە ئەمریكا دەكات، كە چۆن بەهۆی پەیوەندی و ریكلامەوە دەستی بەسەر دونیادا گرتوە، چیرۆكی و كالەتەكانی ریكلام و پیشەسازی لە پاریس و چیرۆكی خۆشەویستی جەستەیی دەگێڕێتەوە، پەیوەندی جەستەیی تازەترین جۆری پەیوەندییە، كە مرۆڤەكان لە رێگای جەستە و لەزەتی جەستەییەوە كۆدەبنەوە، پەیوەندیەك كار و پیشە و لەزەت دروستی دەكات لە نێوان مرۆڤەكاندا پەیوەندی مرۆڤەكان لەسەردەمی پارە و بازارگانی و داهاتدا. 
پاڵەوانی رۆمانەكە عاشقێكە لەو جۆرانەی كە نایەوێت قوربانی بۆ عەشق بدات خۆشەویستی ئەو جەستەییە، عەشقێكی راستەقینەناكات بەڵكو بەدوای چێژ و لەزەتی جەستەییدا دەگەڕێت، بە دوای سێكسدا وێڵە لە عەزابی عەشق هەڵدێت. چیرۆكی كارگەكانی پیشەسازی دەگێڕێتەوە، دووكەڵی كارگەكانی پیشەسازی و پیسبوونی ژینگە و فەرامۆشكردنی سروشت وەكو هۆكارێك بۆ مردنی مرۆڤەكان و مەترسی گۆرانكاری سروشتی و فیزیایی لەسەر زەمین، ئیتر بوونی كارگەكان گرنگتر لە بوونی مرۆڤەكان. چیرۆكی خۆكوشتنی مرۆڤەكان دەگێڕێتەوە.
بەشێكی ئەم رۆمانە گوتاری خۆكوژی مرۆڤەكانە، حیكایەتی دابەشبوونی مرۆڤایەتی بۆ دوو چین، چینی زۆر هەژار و چینی زۆر دەوڵەمەند، چینی ناوەند نەماوە، لێرەوە دۆخەكە مەترسیدار دەبێت و نەمانی چینی ناوەند و زۆربوونی چینی هەژار و كەمی چینی دەوڵەمەند مەترسی ئاژاوە گەورەكەی لێ‌ دەكرێت، شۆڕشی كرێكاران و راپەڕینی برسییەكان، ئیدی تاكە چارەسەر قركردنی برسی و هەژارەكانە، لە ناودانی هەژارەكان لە پێناوی كەمكردنەوەی رێژەی دانیشتوانی سەر زەوی تا كۆمەڵێك بەخۆشی و تێر و تەسەلی بژین، لەپێناوی ئەوەی نان بەشی مرۆڤەكان بكات دەبێت هەژارەكان لە برسا بمرن  و ساماندارەكان بەئاسودەیی بژین، ئەم بابەتە لە سەردەمی ئەمڕۆدا بووە بەكێشەیەكی گەورەی مرۆڤایەتی، خاوەن سامانەكان لەدەرد و بەڵا دەپارێزرێن و تەندروستی باش و دەرمانی باش و خواردن و حەوانەوەی باش و هەرچی هەژار و نەدارەكانە برسی و نەخۆش و ناتەندروستن. كەچی هێشتا ژمارەی برسی و هەژار زۆرترە لە دەوڵەمەند.
 لەلاپەڕە نەوەد و شەشدا باسی عەشقێكی سەیر دەكات عەشقی پیاوێك بۆ ژنێك كە قژی بارۆكەیە و چاوی عەدەسەیە، مەمكەكانی دەستكردە. ئەمە گوزارشتە لەژیانی تازەی رۆژئاوا، تەكنەلۆژیا روخسارەكان دەگۆرێت پیرو ناشیرینەكان جوان دەبنەوە، سەردەمی سەرمایەداری سەردەمی پارەیە، هاوكات لەئەفریقا مرۆڤ لەبرسا دەمرێت، ئایا خۆشبەختی لە پارەدایە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە كە لە رۆمانەكەدا هاتوە، پارە لە سەردەمی ئەمڕۆدا پەیوەستە بە هەموو شتێكەوە، پارە مرۆڤ خۆشبەخت دەكات و پاڵەوانی ئەم رۆمانەش نایەوێت قوربانی بۆ عەشق بدات و لەو مرۆڤانەیە، كە كوڕی سەردەمەكەی خۆیەتی و پارە و ئاسودەیی بەلاوە گرنگە، نەك عەشق.
 لە بەشێكی دیكەی رۆمانەكەدا باسی ئەو ئەدیبانە دەكات كە خۆیان كوشتوە، لەوانە هەمنگوای و كافاباتو و لافاریا و.... باسی بوونی نەخۆشی سبید افیل –شژوژ جنسی دەكات لە رۆژئاوا چیرۆكەكانی مومارەسەی سێكسی ئەو ژنانە دەگێڕێتەوە كە لەگەڵ نەخۆشەكاندا جووت دەبن و هیچ چارەسەرێكی دژە نەخۆشییەك بە كارناهێنن، نێربازی و سێكسی ژن لەگەڵ ژندا " انحراف" ڕوداوێكە لە ئەوروپا تەشەنەی سەندوە، سەرئەنجامی ئەو مومارەسە ناتەندروستانە نەخۆشی ئایدز دروست دەبێت، ئەمە چیرۆكی ژیانی تازەی رۆژئاوایە كە بووەتە مایەی نەخۆشییە جەستەیی و دەرونییەكان. نوسەر باس لە مردنی ملیۆنێك مرۆڤ دەكات بە ئایدز لەسەرانسەری جیهاندا، هۆكاری نەخۆشی و شەڕ و هەژاری دەگێڕێتەوە بۆ دەركەوتنی سەرمایەداری، ئەم رۆمانە چیرۆكی مردنی موقەدەس و لە دایكبوونی سەردەمی تەكنەلۆژیا و بازرگانی و ئابووری ترسناك، زوومی كامێراكەی بیگبیدیر لەسەر ژیانی رۆژئاوا و جیهانە لە سەردەمێكی تازەدا. نووسەر پەردە لەسەر ژیانێكی مەترسیدار لادەدات كە دەسەڵات بە سەردەمێكی ئاسودەی دادەنێنێن، باس لە شەڕی ئەتۆم و ململانێی دەسەڵات و سامان دەكات. ئەم شەڕ و ململانێیان سەرئەنجامەكەی مەرگی هەژارەكانە، سەردەمێك كە عەشق دەبێت بەچێژێكی جەستەیی و هیچی تر. سەرئەنجام كەشێكی غەمگین دروست دەبێت و هەموشتێك دەبێت بەپارە و عەشقی راستەقینەش مەگەر لە نێو رۆمان و چیرۆكەكاندا مابێتەوە، بەڵام مرۆڤەكان نائومێد نابن و شەڕ لە پێناوی عەشقی راستەقینەدا دەكەن.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved