28/10/2018 02:56 PM

فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت


بورهان ئەمین

ڕۆژانی ٣١-٤/١١ لەشاری هامبۆرگی باکوری ئەڵمانیا نۆیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بەڕێوەدەچێ و تیایدا ‌هەشت فیلم بەشداری دەکەن و کۆی فیلمەکان لەلایەن هونەرمەندانی کوردو تورک و بیانیەکان بەرهەمهێندراوەو ژمارەیەک زۆر لە ئەکتەرو هونەرمەندانی تر بەنواندن و کارە هونەرییەکانی تر بەشدارن.

ڕۆژی یەکەم : فیلمی «فیلمی ئەودیو سنور»
باس لەو پانتاییە فراوانەی نیوان هەردوو وڵاتی تورکیاو سوریا ئەکات کە درێژاییەکەی ٩١١ کیلۆمەترەو بۆتە شەڕگەیەکی خوێناوی و مەیدانی بەرەنگاری دژ بە داعش و بەرخۆدان و مقاوەمەتی شەڕڤانانی ڕۆژئاواو خەبات لەپیناوی ئازادی وسەرفرازیدا، ئەم فیلمە ٩٤ دەقیقەیەو لە ٢٠١٧بەرهەمهاتووەو زمانەکانی کوردی و عەرەبی وتورکی ئیتاڵی وئینگلیزی تێدا بەکارهاتووەو وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئەڵمانی.

ڕۆژی دووەم: فیلمی «چیرۆکی شارە وێرانکراوەکە»
ئەم فلیمەش باس لەو ویرانکاری وتراژیدیایانە ئەکات کە داعش بەسەر خەڵکی کوردیدا هێناوە لەهەریەک لە کۆبانێ و شەنگال و ناوچەکانی تر، دیمەنی ئەو شارە کولکراوانە لەگەڵ ژیان وگوزەرانی خەڵکەکە نمایش ئەکات، لەپاڵ گێڕانەوەی زنجیرەیەک چیرۆکی مەرگەسات و نەهامەتی دانیشتوانی ئەو ناوچانە، ئەم فیلمەش ٧٧ دەققەیەو لەتورکیا بەرهەمهاتوەو ژیرنووسی ئینگلیزی بۆکراوە.

ڕۆژی سێیەم: فیلمی خاک ووڵات
فیلمەکە لەپاڵ چیرۆکی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کورد لەباکوور، باسی شوێنەوارو ئاسەوارە کۆنەکانی شارۆچکەی «سور»ی نزیک ئامەد دەکاو هەنگاوەکانی پیشکەوتن و قۆناغەکانی ژیان لەو دەڤەرە باس دەکات، ئەم فیلمە ٧٤ دەققەیەو ئەمساڵ لە تورکیاو لەلایەن هونەرمەند «ئارام دڵدار»ەوە بەرهەمهاتووەو ژێرنووسی ئینگلیزی بۆ کراوە.
ڕۆژی چوارەم: فیلمێکی دیکۆمێنتارییە لەسەر ڕووداوێک کە تیایدا حەوت کەس کە چواریان منداڵن لە کارەساتێکی ساڵی ١٩٩٠ وندەبن و کەسوکاریان بەدوایاندا دەگەڕێن، فیلمەکە ٦٣دەققەیەو بەزمانی تورکی لەسەر کوردستانی باکوور دەدوێت، ژێرنووسی بە ئینگلیزی بۆوکراوەو لەلایەن هونەرمەند «تەحسین ئۆزمان»ەوە بەرهەمهاتووە.
ڕۆژی پێنجەم: چیرۆکی کچە ئەکتەرێکی کوردی ئێرانی دەگێڕیتەوە بەناوی « سارا» کە لەفەرەنسا دەژی، ئەو کچە دوای ئەوە لە ئێران لەترسی دەسەڵات رادەکات و لەخێزانەکی وندەبێ، ئێوارەیەکیان لە باوکییەوە نامەیەکی پێدەگات، داوای لێدەکات بگەڕیتەوە، ئەویش بەناچاری بەقاچاغ ئەو ڕێگا سەختەی نێو شاخ و داخ و بەفرو بەستەڵەک دەبڕێ و دەیەوێت بگەڕێتەوە گوندەکەی و بزانێت باوکی چی ئەوێت. فیلمەکە ٩٨ دەققەیەو لەکوردستانی باشوور بەرهەمهاتووەو وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی.
ڕۆژی شەشەم: ڕۆژی فیلمی منداڵانەو لەو ڕۆژەشدا سێ فیلمی کورتی منداڵان نمایشدەکرێ، یەکەمیان بەناوی »سینەم» لەئەڵمانیا بەرهەمهاتووە، دووەم «ڕۆژی لەدایکبوونی باوکان» لە نەرویج بەرهەمهاتووە، سێیەم «گۆڕەپان» لەلایەن هونەرمەند «هۆشمەند ڕەسوڵ» لەکوردستانی باشوور بەرهەمهاتووە.
ڕۆژی حەوتەم: فیلمێکی دۆکیۆمێنتارییە کە باس لەڕاپەڕینی کۆکجێری ساڵی ١٩٢٠ دەکات، لەلایەن «حەسەن ئەینس« لەتورکیا ساڵی ٢٠١٧ بەرهەمهاتووە، فیلمەکە بەزمانی کوردی و تورکییەو ژێرنووسی ئینگلیزی بۆ کراوە.
ڕۆژی هەشتەم: فیلمی Renksiz Rüya باس لەڕووداوەکانی ساڵانی نەوەدەکانی کوردستانی باکوور دەکات و ئەمساڵ هەر لەتورکیا بەرهەمهاتووە.
شایانی باسە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە هەموو ساڵیک لە مانگی ئۆکتۆبەردا ئەم فێستیڤاڵە سازدەکرێ و بینەرێکی زۆر لەڕەوەندی کوردی و هونەردۆستانی ئەڵمانی سەردانی دەکەن.

فلیمەکان لە Studio-Kino Hamburg نمایش دەکرێن




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved